پیشەی جۆڵایی لە کوردەواری - بەشی 5

لەیلا نوورانی

 

ژێردەفە

تەختەیەکی پانی درێژە کە پاڵوویەکی کۆڵدراوە و بەهۆی دوو شریتەوە، لەمسەر و لەوسەر بە بن دەفەوە هەڵواسراوە. هەروەها دوو " شیلەپە "ش بە تەنیشت شریتەکانەوە، دەفە و ژێر دەفەیان لە خەتێکدا ڕاگرتووە، سەر و خواری "شانە" دەکەوێتە قەڵشی نێوان دەفە و ژێردەفەوە. بە گرژ کردنەوەی شریتەکان، شانە لەسەر جێی خۆی قایم دەکرێ و بە شل ‌کردنەوەشیان شانە لەهەر دوو قەڵش ڕەها دەبێ و لە جێی خۆی دێتە دەر.

 

ساچین / ساکین/  سانچین/ سەکینە

دارێکە بە شکڵی L  کە بە شێوەیەکی تایبەت، بەن‌گوردی پێ هەڵدەبەسترێ.

(بڕ: وێنەی 34)

 شاقۆڵ

بەشێکی لالەنگەرەیە، کە لەم‌لا و لەولای دەزگای جۆڵایی بە قیتەوە دامەزراون و سەرێکیان دەچێتەوە سەر شانەی لالەنگەرە و سەرەکەی‌تریان بە ئانیشکە لکاوە بە قۆڵی لالەنگەرەوە کە لە ڕاست و چەپەوە دەفەیان ڕاگرتووە.

(بڕ: وێنەی 35)

شانەی لالەنگەرە

دوو تەختەی پانی ددانەدارن کە بەم‌بەر و بەوبەری لالەنگەرەوە، لەسەر کارخانە قایم کراون و لە هەر دوو لاوە سەری بزماری لالەنگەرە ڕادەگرن.  (بڕ: وێنەی 36)

هەندێ جار لە بری ئەو تەختە ددانەدارە، وەستا بە سەلیقەی خۆی چەند بزمارێک دادەکوتێ و سەری لالەنگەرە دەخاتە  بەینی بزمارەکان. (بڕ وێنەی 37 )

کاری شانەی لالەنگەرە ئەوەیە کە ئەگەر دەفە لە تەنراوەکە زۆر نزیک بۆوە و مەودای ئەوە نەبوو کە باش بکوترێتەوە، سەری لالەنگەرە دەخرێتە ددانەی دوورتری شانەکە و مەودای دەفە و تەنراو زیاد دەبێ.  هەروەها کارێکی گرینگی تر کە بە‌هۆی شانەی لالەنگەرەوە ئەنجام دەدرێ، ئەوەیە کە ئەگەر دەفە خوارەوخوار کرەکەی کوتاوە و تەنیشتێکی تەنراوەکە سفت و تەنیشتێکی دیکەی شاش بوو، ئەوە بە گوێستنەوەی تەنیا لایەنێکی لالەنگەرە لەسەر ددانەی شانەکە، ئەو گرفتە چارەسەر دەبێ و پانایی کرەکە بە یەک ئەندازە دەکەوێتە بەر زەبری دەفە و دەکوترێتەوە.

 

شە/ شانە

چوارچێوەیەکی دارە، تەنیشتەکانی لە سەختەدار و سەر و ژێرەکەی لە "توودڕک " ساز دەکرێ. نێو چوارچێوەکە وەکی دەنکی شانە بە تیزماڵکە قامیشی لووس و سەخت پڕ کراوەتەوە. داری توودڕک پێستی سەخت و نێوەکەی نەرم و کلۆر و لە جسنی "تەپەدۆر"ە، سەر و بنی قامیشەکان تیژ دادەدرێ و لە تەپەدۆرەکەدا گیر دەبێ. بەنێوان هەر ددانێکی شانەدا دوو هەودای " تان " تێدەپەڕێ. کاری شانە کوتانەوەی "پۆ"یە، تا کرەکە سفت بێ.

( بڕ: وێنەی 38 و39  )

 

شیش

تێلێکی باریکە دە کونی لوولە دەخرێ و ئەمسەر ئەوسەری دەچێتە ناو قەڵشی مەکووکەوە. لە کارکردن و هێنان و بردنی مەکووکدا، لوولە بە دەوری شیشدا دەسووڕێ.

(بڕ: وێنەی 40 و 41)

شیلەپە/  شیرەپا /شیرەپە/ گوێ دەفە

دوو داری قایم و باریکن کە لەمسەر و ئەوسەر، لە کونی دەفە و ژێر دەفەوە خراون و ئەم دوو پارچەیە بەیەکەوە ڕادەگرن. بە تەنیشت شیلەپەکانەوە دوو ئاڵقە بەنی ئەستوور، کە بە کوتەدارێک ڕەپێچەک دراون و گشت کراون، ژێر دەفەیان بە دەفەوە توند ڕاگرتووە. کوتە دارەکان بۆ ئەوەی خاو نەبنەوە، جەمسەریان کەوتووەتە سەر شیلەپەکان. (بڕ: وێنەی 42)

قۆڵ

بەشێکە لە لالەنگەرە، کە بریتییە لە دوو تەختەی پان و درێژ، لە ڕاست و چەپەوە دەفە بە شاقۆڵەوە دەلکێنن. کاری قۆڵ ئەوەیە کە بە یارمەتیی بەشەکانی تری لالەنگەرە، دەبێتە هۆی ئەوەی دەفە بۆ ڕاست و چەپ نەترازێ و لەسەر یەک خەت هاتوچۆ بکا. (بڕ: وێنەی 43)

کارخانە

دوو کاریتەن کە بە بەرزایی ئەوەندەی مرۆڤ لەسەری دانیشێ و لاقی بگاتە زەوی، سەرێکیان لە دیوار و سەرەکەی تریان لە دیواری ڕووبەڕوو دایە، سەرجەم دەزگای جۆڵایی لەسەر ئەو دوو کاریتەیە دابەستراوە.  (بڕ :وێنەی 44)

کارخانەی نانەوە

ئەم کارخانەیە بریتییە لە چوارچێوەیەک کە لە هەر لاوە چەند سینگی دارینی لەسەر داکوتراوە و بۆ نانەوەی جاجم و بەرماڵ کەڵکی لێوەردەگیرێ. (بڕ: وێنەی 45)

 هەندێ لە سینگەکان دانەبەستراون و دەکرێ لە جێی خۆیان بگوێزرێنەوە، (بڕ: وێنەی 47 )

و دوایە لێدەکرێتەوە و دەکرێتە " تروندە " بۆ گرێ‌دان لەسەر دەزگای جۆڵایی.

کورسی

دوو داری چوارپاڵوو یا دوو تەختەیە بە تەنیشت یەکەوە، ئەمسەر ئەوسەریان دەکەوێتە سەر کاریتەکانی کارخانە. شوێنەکەیان بن دیوارە و " دۆشەگەڵە  "ی لەسەر ڕادەخرێ و جۆڵا لەسەری دادەنیشێ و پشتی وە دیوار دەدا.

(بڕ: وێنەی 48)

 

KURDŞOP
808 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!