خشڵی ژنانی موکریان - بەشی 10

لەیلا نوورانی

 

 

دەرزیی پاشەسەر

خشڵێکی زێڕ یان زێوە، قووببەیەکی دەرزییەکی گەورەی پێوەیە کە لەسەر چارەکە لە کۆچکە دەدرێ و چەند ئاڵقەیەکی بە قووببەکەیەوە شۆڕ بۆتەوە کە قەفە گوڵینگەیەکی دە ئاڵقەکانی دەکرێ و پێی‌دا شۆڕ دەبێتەوە. دوو لاگیرەی هەیە سەریان بەقولاپە و لەملاوئەولای کۆچکە قایم دەبن. لاگیرە دەکرێ ساکار یان بە پێلک بێ.

"برایم دەڵێ: خاتوونێ کەڵەگەتێ کێل‌گەردنێ، زەردئەسمەرێ/ خۆ قەراری ئاشقان هەروا بوون، هەر کەسانێکی زێڕوزیووان وەگێڕێ، دەبێ بیانداتێ تۆق و تەلەسم و گوارە و کرمەک و دەرزیلەی دە پاشەسەرێ  "

(ڕەسووڵ باڵەکی: برایمۆک)

دەرزیی زێڕ

 خشڵێکە لە دەرزییەکی وەک تەبەنە، سککەیەکی بە سەرەەیەوە و ڕاستەوڕاست لە سەرێ بۆ خوارێ لە یەخە دەدرێ. ( تایبەتی بەشی دادڕاوی یەخەی کوردییە): دەرزی‌ بەرۆک، دەرزی بەرکۆژە.

نووکی دەرزییەکە دەکەوێتە خواروو و سککەکە دەکەوێتە دەوری یەخە. ئەم دەرزییە لەجیاتی بەرکۆژە و دوگمە بووە و تایبەتی سامانداران بووە.

"دەبێنه لەبۆم بترازێنە دەرزی سنجاخێ، هەڵکێشە سەر زەردی بەرچێڵێ، لەبۆم وەدەرخە  باغچۆڵێ ... "

(ڕەسووڵ شیرمۆخ: حەیران)

دەرزیلە/  دەرزیلەی سەران/ دەرزیلەی زێڕ

سنجاغێکە تەختی ئەولاوئەولای سوڕەتە و نێوەڕاستەکەی قوببەیەکی بچووکە لە جۆری تەختی سەرپشێند کە زنجیرێکی پێدا شۆڕ بۆتەوە و سێ یاقووتی پێوە. جۆری تری تەختی سێ سووڕەت یا قڕانە، زنجیری پێ هەڵواسراوە و یاقووت یا سووڕەتێکی پێوەیە. دەکرێ هەر ساکاریش بێ و بێ‌زنجیر بێ. جۆرێکیشی تەختەکەی لە چەندین گوڵی لە چەشنی سەرپشتێند پێک هاتووە و چەند زنجیر و یاقووتی پێوەیە و گەوره‌ترین جۆری دەرزیلەیە.

قەدیم کە تاسکڵاو یا کۆچکەیان لەسەر دەنا لە پێشەوە تەنیا ئەگریجەیان دیار بوو و ئەو دەرزیلەیان لە ئەگریجە دەدا.

دەرزیلەی سەران

دەرزیلەی زێڕ

 

"لە بەر دەرکێ‌یان دارە، هەنجیرە یان هەنارە/ خەم لەشکری کێشاوە بۆسەر ئەمنی بێچارە/ یا خوا لێی ممبارەک بێ ئاڵقە و دەرزیلە و گوارە"

(مەلاحوسێن عەبدووڵڵازادە)

" حەیرانێ وەرە لە کانی شێخی/ دەرزیلەی زێڕە و ڕیشووان تێک‌دێخی/ دەبەر ئەو مەلایەی دەمرم دڵی من و کوڕەحەیرانێ ڕێک‌دێخی"

" دەرزیلەی سەرم لەسەت مسقاڵی/ کراسی بەرم لە سەت ڕیاڵی/ ئەگەر دڵ لێی نەبێ/ چ بکەم لە ماڵی؟"

(پایانیانی، ئەدەبیات زارەکی ،بەشی ژنان)

 

دەرزیلەی سەرشان

سنجاخێکە لە زێڕ یان زێو بۆ قایم کردنی دەسماڵ لەسەر شان، زێڕەکەی سێ جۆرە.

۱ تەختەکەی سێ قووببەی چکۆڵەی وەک یەخەوبەرۆکە.

 ۲ تەختەکەی سێ گوڵی وردە نێوەڕاستی نەقیمێکی چکۆڵەی پیرۆزەیە.

۳ سێ سووڕەت بەدوای یەکتردایە، دەکرێ لە جیاتی سووڕەت قڕانیش بێ.

 

دەستەوانە

ئەو ڕیزە مووروویەی کە پێوەدەکرێ و دە دەست دەکرێ.

بەردەسماڵ

خشڵێکە بە وێنەی گوڵ یان گوڵ وگەڵا، کە لە بەرگەردن، لە پێش دەسماڵی دەدەن.

پێش‌دەسماڵ

جۆرە خشڵێکە لە زێڕ، زێو یا زەنگیانەی هۆنراوە کە بۆ قورس بوون و جوان ڕاوەستانی دەسماڵ دە پێشی دەسماڵ دەکرێ.

 

KURDŞOP
549 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!