پیشەی جۆڵایی لە کوردەواری – بەشی4

لەیلا نوورانی

 

دووخی خەڕەک

دارێکی ڕێک و لووسی 15 تا 20 سانتی‌یە کە نێوقەدەکەی هەندێ قووڵتر کراوە و تەسمەی خەڕەکی دێتەوە سەر.

(بڕ : وێنەی 27 )

بە سووڕاندنی بازنە گەورەکە، دووخیش بەتوندی دەسووڕێ. سەرێکی دووخ شیشێکی درێژی پێوەیە و لوولە بەسەر ئەو شیشەیەوە دەکرێ و دەسووڕێ و بەنی لەسەر هەڵدەکرێ.

دووخ: تەشی.

مەسەل

دنیا ژن و چەرخیش خەڕەک، دەم‌دەم بە دووخی غەم.

ڕەگی تاری وجوودت با دەدا، هێشتاکوو هەر خاوی.

دوولکی جاوپێچکە/ دوولکی جاوپێچەک

دوولکێکی دارە،  لە هەر دوو تەنیشتی ڕاست و چەپی جۆڵا لەسەر کاریتەی کارخانە دامەزراوە و جەمسەرەکانی جاوپێچکەی دەکەوێتە ناو، تا لە کاتی خڕکردنەوەی تەنراودا، جاوپێچکە بە هاسانی بە دەوری خۆیدا بسووڕێ و تەنراوەکە لە خۆی بهاڵێنێ.

 (بڕ: وێنەی 29)

دەسکی جاوپێچکە/ دەسکی جاوپێچک

شیشێکی 20 _30 سانتی‌یە کە جاوپێچکەی پێ دەسووڕێ. (بڕ: وێنەی  30 )

بۆ ئەوەی جاوپێچکە شل نەبێتەوە سەری شیشەکە دەچێتە مەودای نێوان دوو دارەوە کە لە سەر کاریتەی کارخانە بزمار کراون.

دەفە

تەختەیەکی پانی  دەسکدارە، لەسەر دەزگای جۆڵایی هاتوچۆ دەکا و بە یارمەتیی ژێردەفە، شانەی ڕادەگرێ. (بڕ: وێنەی 31)

جۆڵا بە هێنانە پێش و بردنە دواوەی دەفە، هەوداکانی "پۆ " دەکوتێتەوە و تەنراوەکە سفت دەکا. دەفە بەهۆی شانەوە هەر ئەو کارە دەکا کە "کەرکیت" لە کاری چنینی فەڕش‌دا دەیکا. دەفە لەبەر سەختی، زۆرتر لە داری قەیسی ساز دەکرێ.

ژێ

ئەو تەنافەیە کە گوردەکان بەهۆی وڵاڵەوە بە چۆلەکە هەڵداوەسێ. درێژایی ژێ پەیوەندیی هەیە بە دووری و نزیکیی چۆلەکە لە گورد. نێوقەدی ژێ دەکەوێتە سەر وڵاڵە و دوو سەرە شۆڕەکەی هەرکام لە گوردێک گرێ دەدرێن. کاری ژێ ئەوەیە کە گوردەکان پێوە ڕاست ڕاگرێ و بە یارمەتی پێتاتە سەروخواریان پێ بکا تا مەودایەکی وا بخەنە بەینی ڕایەڵەکان کە جۆڵا بتوانێ مەکووکی تێوەدا و پۆ بخاتە نێو تانەکان.  (بڕ: وێنەی  32)

KURDŞOP
678 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!