جلوبەرگی ژنان لە دەڤەری ورمێ

ن: ئەدیب

جلوبەرگی کوردی بەشێکی گرینگی فەرهەنگ و داب و نەریتی کوردییە کە لەلایەن گەلی کوردەوە پارێزراون. لە کەم شاری ئێراندا خەڵک بە جلوبەرگی نەریتییەوە دەبینرێت، بەڵام لە ناوچە کوردییەکاندا ڕەسەنایەتیی کولتووری خۆیان نیشان دەدەن کە بە شێوەیەکی سەرەکی بە جلوبەرگ پارێزراون.

بە درێژایی مێژوو، مرۆڤ بەپێی پێگە و گۆڕانی کەش و هەوا، جلوبەرگی خۆی دیاری کردووە و لەبەری کردووە.

جلوبەرگی کوردیی ژنان و پیاوان یەکێکە لە جلە ڕەسەنەکان و ئەوەی خەڵک زۆرتر بەرەو لای خۆی ڕادەکێشێت ڕازاندنەوەی ڕەنگەکان و پوڵەکەکانییەتی.

ناوچەی ورمێ لە ڕووی جلوبەرگی کوردییەوە، یەکێکە لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی کوردستان، ئەو سامانە زۆر فراوانە و هەموو ئەو جیاوازییانە هۆکارێکن بۆ ئەوەی وڵاتەکەمان و ناوچەکەمان و شارەکەمان لە هەموو جیهاندا وەک ئەڵماسێکی زۆر بەنرخ، جیاواز بێت.

دەمەوێت سەرنجتان بۆ جلوبەرگی ژنان لە ناوچەی ورمێ ڕابکێشم کە ژنان لەو ناوچەیەدا، لە پاراستنی فەرهەنگی کوردی، بەهێزترین بەرگریکار بوون.

لە سەرەتاوە دەمەوێت سەرنجتان بەرەو فستانی کوردی ڕابکێشم کە یەکێکە لە کۆنترین و جوانترین جلوبەرگەکانی ناوچەکە و بە درێژایی مێژووی خۆی هەندێک گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، بەڵام ڕەسەنەکەی هەمیشە لە شوێنی خۆیدا ماوەتەوە.

لە ڕابردوویەکی دووردا، ئامێری دروومان لە شارە گەورەکاندا لە کۆمەڵگە سونەتییەکاندا بە دەگمەن دەدۆزرایەوە، بۆیە کاری دوورینی جلوبەرگ بە دەست دەکرا، هەروەها فستانی کوردی بە نەخش و نیگاری تایبەت دەڕازێنرایەوە، خوارەوەی فستانەکە بە موو دەدووردرا و سەر شانەکانی گنجی تێ دەخرا.

بنەماڵەی ئەو جلە زۆر دەوڵەمەندە، تەنانەت ئەمڕۆش بە چەند ستایلێکی جیاواز دەدووردرێت، وەکوو: فستانی چیندار، فستانی پلیسەر، فستانی کلۆش و نیو کلۆش. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی فستان ئەوەیە کە دەبێ فەقیانەی هەبێت و ئەگەر نەیبێت، ناحەز دەبێت.

کۆینەگ و ئیسکۆینەگ بە ئەندازەی فستان بەکار دەهێنرا، چونکە هەر جلێک بەپێی کات و شوێنی خۆی بەکار دەهێنرا، بۆ نموونە ئیسکۆینەگ لە کاتی ئەنجامدانی کاری ماڵەوە و چێشت لێنان، بەکار دەهات و کۆینەگیش لەنێو ماڵدا لەبەر دەکرا، هەروەها شێوازی دوورینی هەردووکیان زۆر لەیەک دەچوو. بەڵام ئیسکۆینەگ سەرشان و دەوری دامەنەکەی بە موو دەدووردرا، زیاتر قوماشی گرانبەها بەکار نەدەهێنرا، بەڵام کۆینەگ فەقیانە و سوخمەیشی پێ زیاد دەکرا.

جاران ئەو شتەی تر کە ژنان زۆر بەکاریان دەهێنا پێژگی بوو کە بە چوار لەچک ئامادە دەکرا.

سووخمە؛ زیاتر لەلایەن ژنانی بە تەمەنەوە بەکار دەهێنرا، لە کاتی پرسە و ئاهەنگی هاوسەرگیریدا، دوای ئەوە دوو فستانیان لەبەر دەکرد، سووخمەکە لەسەر فستانەکە لەبەر دەکرا. سووخمەکە لە هەردوو لایەوە دوکمەی لێ دەدرا و گیرفانێک لەلای چەپەوەی دانرابوو.

لەگەڵ ئەو مۆدێلە جلوبەرگانە، دێنیک و کۆفی و حەگاڵیش بەکار دەهێنران. جنسی دێنیک لە دار دروست دەکرێت و ژنانێک کە سەلیقەیەکی تایبەتیان هەیە، بەکاریان دەهێنا و ناوچاوانیان بە ڕێزک دەڕازاندەوە. کۆفی کە زۆر لایەنگری هەبوو و ژنان لە زەماوەند بەکاریان دەهێنا، بە قوماشی نەخ دروست دەکرێت.

KURDŞOP
633 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!