پیشەی جۆڵایی لە کوردەواری - بەشی 1

لەیلا نوورانی

 

جۆڵایی

پیشەیەک پێک‌هاتوو لە  ئامێرگەلێک  کە بۆ دروونی شمەک، قاڵی، جاجم، زەنگاڵ، بووزوو، پۆپەشمین و بەرماڵ و ھتد کەڵکی لێ وەردەگیرێ. جۆڵایی مێژوویەکی کۆنی لە کوردستاندا ھەیە و زۆر وشەی تایبەت بەم ئامێرە ھەن کە چیدیکە بەکار ناھێنرێن. ھەندێک لەم وشانە ئەمانەن: خەرەک، دووخ، دەففە، مەکووک، ساکین، سەرکڵاوە و شە. پێشتر ڕانک و چۆخە، کەوا و پانتۆڵیش بە جۆڵایی دروست دەکران.

جۆڵا

 ئەو کەسەیە کە جۆڵایی دەکات و لە مەرەز و خوری کەڵک وەردەگرێ.

 

ئامێرەکانی جۆڵایی

بەرچەنە

 دارێکی تەنکی پانە، کە ئەمسەر ئەوسەری بزماری پێوەیە و لە نێوقەددا ئانیشکەی بۆ ساز کراوە و دەنووشتێتەوە،

درێژایی بەرچەنە تەواو بەقەد پانیی تەنراوەکەیە. کاری بەرچەنە ئەوەیە کە تەنراوەکە شەق ڕابگرێ. هەتا جۆڵا جاوپێچەکەی بسووڕێنێ و تەنراوەکە هەڵبکا، دەبێ بەرچەنە بگوێزێتەوە و بیباتە پێشتر.

بەرچەنە ئەم ناوانەشی هەیە:

# بەرژەنە

# بەرگیرە

# بەرلێنچک

# بەرێنچک

بەند پێتاتە

بەندێک یا قایشێکی پانە کە سەرێکی بە دارپێتاتەی ژێری گوردەوە قایم کراوە و سەرەکەی دی لە پێتاتە، کە تەختەیەکی پانی بەرپێی جۆڵایە بزمار کراوە، ژمارەی ئەو بەندانە چوارە، کە بەرابەرە لەگەڵ ژمارەی پێتاتەکان.

بەنگورد

بەنێکە کە سێ لۆ دەکرێ و گشت با دەدرێ و لە ئاودا دەکوڵێنرێ و لە پێچەک دەدرێ تا قایم و خۆڕاگر بێ، ئەمجار بە شێوەیەکی تایبەت، لە مابەینی دوو دارگورد بە مەودای پازدە تا بیست سانت، بەهۆی ئامرازێک بەناوی "ساچین "، گرێ دەدرێ و ڕایەڵەکانی " کر"ی  بە ناودا تێدەپەڕێ. هەر دەنکێکی بەنگورد لە دوو  کوت پێکهاتووە کە یەکیان لە دارگوردی سەروو و ئەویتر لە دارگوردی ژێروو گرێ دراوە و لە نێوەڕاستیشدا وەک ئاڵقەی زنجیر لە باڵ یەک خراون.

پاژگورد

(پاش+ گورد)، دارێکی ڕێک و لووسی باریکە، لە پشت هەر چوار گوردەوە دەخرێتە بەینی ڕایەڵەکانەوە. پاژگورد زیاتر لە تەنینی بووزوودا کەڵکی لێ وەردەگیرێ، چونکە بەنی بووزوو یەک لۆ و باریکە و لەسەر دەزگای جۆلایی وا هەیە بپسێ، ئەگەر پاژگوردی لەسەر بێ، هەودا پساوەکە زووتر دەبینێرێتەوە و چارەی هاسانە.

 

پردەڵە

دارێکە لە نێوان "مۆلەقە " و "دەفە "دا، لەسەر دوو سینگ داکوتراوە و ڕایەڵەکان دەکەونە سەری.

پەڕ

شاپەڕی باڵندەیە و دەخرێتە ناو کونی لاتەنیشتی مەکووکەوە تا سەری شیشی لوولە ڕابگرێ. لوولە بەهۆی شیشەوە لە ناو دڵی مەکووک‌دا دادەمەزرێ، دامەزراندنی لوولە لە ناو مەکووک‌دا بەم چەشنەیە:

۱. سەرێکی شیش دەخرێتە ناو کونی دیواری ژووری مەکووک.

۲. سەری تری شیش دەخرێتە ناو قەڵشی مەکووک.

۳. پەڕی باڵندە دەخرێتە ناو کونی تەنیشت مەکووک و زارکی قەڵشەکە دەبەستێ تا شیشەکە نەیەتەوە دەر.

KURDŞOP
656 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!