خشڵی ژنانی موکریان - بەشی 9

لەیلا نوورانی

 

دوودڕک

جۆرە هۆندنەوەیەکی زەنگیانەیە کە بۆ ملوانکە و دەستەوانە و پێش‌دەسماڵ دەکار دەکرێ.

دەوران‌دەوری مرواری یان بیجادەیان بە زەنگیانە دەگرت بەچەشنێک کە وەک دڕدووکی خڕی لێدەهات.

دوگمە‌خاتوونە

جۆرە لیرەیەکە لە لیرەی بەهار (بەهاری ئازادی کە لە ئێران باوە) تەنکترە، قووڵە و عەکسی ژنێکی لەسەرە. دە ئەستۆ دەکرێ و دەسک کراوەکەی بۆ دمەکڵاویش  دەکار کراوە.

 

دوگمە و دۆڵاب

خشڵێکە لە دووبەش پێک‌هاتووە و لە دوو لێواری ئاتەگی سیخمە یان کەوا قایم دەبێ. نێرە و مێیەی هەیە، بەشی مێیەی دوو قووببە و بەشی نێرەی یەک قووببەیە. دوگمە و دۆڵابی ئێستا لە کانزای وەک مرواری و یاقووت و پیرۆزە و ... دەورگیراو چێ دەکرێ و بنی بەڕیشوویە و سووڕەت یان ڕوبعی پێوەیە. قەدیم تەنیا لە سککە (لیرە) ساز بووە و ڕیشووی نەبووە.

"برایم دەڵێ: ئاغا وەکی بەسەر ئەمندا دەهاتی/ بە سەری هیچ کەسی دیکە وا نەدەهاتی و دوگمەی دە خاتوونێم لەسەر وەستای بوون کەوای لە خزمەت هەمزە خەیاتی"

(وەستابرایمی کۆنەخانێ: بەیتی برایمۆک)

دووپشک

جۆرە زەنگیانە هۆندنەوەیەک لە موورووی شین و زەرد و ڕەش، بەوێنەی دووپشک، کە بۆ کوڕەمەکە دەکرێتە سەرپۆلە.

 

دەرزی بن‌بەرمووروو/لەرزانە

جۆرە مووروویەک کە بنی موورووی پێوەیە و بۆ قایم کردنی گێلگێلە لەسەر شەدە و چارەکە لەسەر کۆچکە دەکار دەکرێ.

 

دەرزی بەرکۆژە/دەرزی ئەگریجە

"نازدار دەڵێ: ... کە بترازێنم دەرزی بەرکۆژێ/ ناسکەمەمن شۆقێ دەبڕن لە مانگێ و هەر لە ڕۆژێ   "

(قالە‌غەریب: بەیتی شێخ‌ فەرخ و خاتوون ئەستی)

 

دەرزی/  دەرزیلەی بەرۆک

خشڵێکە لە چەشنی قەتارە تەختی قووببەی وردە و بنی پەرەنگی پێوەیە و هەرتک سەری بەقولاپە و لەسەر دەسماڵ شۆڕ دەبێتەوە، شێوازی کۆنی سەردەسماڵە.

" بەرۆکت بۆ دەرزیلە، قامکت بۆ ئەنگوستیلە/ دە وەرە دەستم دەستۆ کە، سنگت بەفری قەندیلە "

(حەسەن  زیرەک)

"پەرەنگیش دەڵێ بە دەرزیلەی پیرەبەڕۆکێ، ئەوە دەرزیلە لە من دەڵێ بە برۆیە، ئەتۆ لە‌بەر مەغزکێشانێ خۆت لە من داویشتەوە تاقی کەنارێ   "

(خاڵە سوورە: گەلۆ)

 دەرزی‌بەرۆکی قووببە

جۆرە دەرزی‌بەرۆکێک کە تەختەکەی لە دوو قووببە و گوڵ و زنجیر پێک‌هاتووە و هەرتک سەری بەقولاپە و لە بەرۆک قایم دەکرێ.

دەرزی بەڕیشوو

تایبەتیی ئەو دەرزییەی ڕیشووی درێژی بە قووببەیەکەوە بێ، بنی ڕیشووەکانی زەنگوڵەی چکۆڵە و نیومانگی بۆ کرابێ و هەرتک لای لاگیرەی پێوەبێ. جۆری زێڕ و زێوی بووە.

KURDŞOP
655 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!