خوازبێنی لە کەلتووری کوردەواریدا

لەیلا نوورانی

 

ئەگەر کەسێک یان بنەماڵە و عەشیرەتێک ویستبایان خزمایەتی، ماڵ یا تایفە یا عەشیرەتێکی‌تر بکەن، داوای کچ/ژنی ئەو بنەماڵەیان دەکرد و دەچوونە خوازبێنی.

 

خوازبێنی

بریتی‌یە لە خواستنی کچ یا ژن بە مەبەستی زەماوەند.

 هاوتای چوونە سەر بەڕە/ داواکردن

 چەند کەیخودا یا کەیخوداژنی خزم و ناسیاو دەنێرنە ماڵی کچ/ ژن و داوای ماڵی کوڕەیان بە مەبەستی زەماوەند پێ ڕادەگەیێنن.

" عەبدولعەزیز سێ کوڕی دەبن، سەیدەوان و مەلکەوان و نێچیرەوان. عەلی‌بەگی داسنیش کچێکی زۆر نایابی هەبوو. چەند داسنی بردن بۆ خوازبێنی."

(حاجی ساڵە تەورە: بەیتی سەیدەوان)

 

باوەڕ

قەندت لێ دە  چا بکەوێ خوازێنیت دێ. (بە کچ و ژن دەکوترێ).

 

خوازبێنی کردن لە فۆکلۆر و ئەدەبیاتی کوردیدا

" کاکە‌برایم بە منی فەرمووە: ئەمن ناتوانم بچمە کن میری، بکەین خوازێنییە "

(هێمن، تحفە مظفریه: بەیتی برایمۆک)

 

خوازبێنی کردن لە کەسێک

" خوازبێنیم لێ‌کرد و سەری گرت. مەعسووم کچی کاحەمەی نۆبارم لێ مارە کرا. "

(هەژار، چێشتی مجێور)

 

ناردنە خوازبێنی  کەسێک

ناردنی کەس یا کەسانێک بۆ خوازتنی کچ /ژن.

"بەڕاشکاوی بێ‌ئەوەی بزەم بێتێ: ئەمشەو بنێرمە خوازبێنی چی؟   "

(ئەمیری، زیندەخەو)

" لە شەڕ واز دێنێ و دەنێرێتە خوازبێنی و خانمی خانمان_ کە کیژی والیە بووە_ مارە دەکا."

(هەژار، مێژووی ئەردەڵان)

 

خوازبێنیکەر

ئەوانەی دەچنە داواکردنی کچ یا ژن

"... مەجلیس گیراوە و خوازبێنیکەر لەوێن، لەڕووم هەڵنایە بەتەنێ پچم، ناردییان پێنج کچ و دوو سەرسپییان هێنا. جا دەگەڵ وان ئەوە ئاسیەخان هات بۆ مەجلیسێ.   "

(ئەحمەد لوتفی، بەیتی زەینەڵ و گۆزەڵ )

نیشانەکردن

ئەگەر خوازبێنی سەری گرت و مەجلیسێک دەگیرێ لە نێوان کەیخودا ژنەکانی ماڵی بووک و زاوا و پارچە‌زێڕێک بە دیاری دەدەن بە بووک و دەڵێن ئەوە نیشانەمان کرد. دوایی کەیخودا و سەرسپی مارەیی و ڕۆژی مارەکردن دیاری دەکەن.

 

نیشانەکراو

ئەو کچ/ژنەی کە قسەی لێ‌کراوە کە دەگەڵ یەکێک زەماوەند بکا بەڵام ئێستا مارە نەکراوە.

 

مارەکردن

ئەو مەجلیسەی کەیخودا و ژنی سەرسپی و خزمی نزیکی ماڵی بووک و زاوا تێی دا بەشدارن و مەلای دێنن و بە شەرعی ئیسلام بووک لە زاوا مارە دەکەن. ئەو ڕۆژە بووک لە لایەن ماڵی زاوا و خزم‌وکەسانی نزیکیەوە زێڕەوشان دەکرێ.

 

داب

بووک چارشێوی سپی بەخۆیدا دەدا و ژنێکی گەڕاوە‌ی خزم لەگەڵی دەچێتە ژووری مارەکردن، ئەو ژنە لە خزمان و باوەڕپێکراوانی ماڵی بووکە.

باوەڕ

بووک ئەگەر مارە کرا چارشێوەکەی بەسەر هەرکچێک دادا دوای وی دەبێتە بووک.

قەدیم لە دیوی بووک سازکردن، ژنی تەڵاق‌دراو و بێ‌بەخت ڕێگە پێنەدراو بوون و دەیانکوت شوومیان چاک نێ.

لە کاتی مارەکردن‌دا هەر کەس لکی دەسماڵ یان سۆرانی گرێ بدا ئەوە یان بەختی بووک دەبەستێ یان زاوا.

 

دوعا

لە کاتی زێڕەوشان‌ بە بووک و زاوا دەڵێن:

پێکەوە پیر و خەرۆ بن.

تەخت و بەخت‌تان ڕێک کەوێ.

پیرۆزتان بێ و پەشیمانی نەکێشن.

KURDŞOP
734 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!