هونەرمەندێکی خەڵکی وان، 42 ساڵە لەسەر هونەری ئورارتوو بەردەوامە

شاری وان لە باکووری کوردستان، بۆ سەدان ساڵ پایتەختی ئورارتووەکان بووە و زۆرێک لە شارستانییەتەکانی دەوڵەمەند کردووە. یەکێک لە پیشە دەستییە گرینگەکانی ئەو شارە "سەواد"ە (سەواد: کێشانی نەخش و نیگار لەسەر زیو) و ئێستا لە شاری وان لە چەند کارگەیەکدا، وەستاکانی ئەم هونەرە دەیانەوێت هونەری خۆیان بۆ نەوە نوێیەکان بەجێ بهێڵن.


شادی

کوردشۆپ - سدیق بینیجی، لە شاری وان لە باکووری کوردستان دەژی. لە تەمەنی ١٠ ساڵیدا فێری هونەری "سەواد" بووە و ماوەی ٤٢ ساڵە لە کارگەکەیدا سەرقاڵی ئەم هونەرەیە و کار دەکات.

شاری وان لە باکووری کوردستان، بۆ سەدان ساڵ پایتەختی ئورارتووەکان بووە و زۆرێک لە شارستانییەتەکانی دەوڵەمەند کردووە. یەکێک لە پیشە دەستییە گرینگەکانی ئەو شارە "سەواد"ە (سەواد: کێشانی نەخش و نیگار لەسەر زیو) و ئێستا لە شاری وان لە چەند کارگەیەکدا، وەستاکانی ئەم هونەرە دەیانەوێت هونەری خۆیان بۆ نەوە نوێیەکان بەجێ بهێڵن.

سدیق بینیجی، تەمەن ٥٢ ساڵ، کە یەکێکە لەو وەستایانە، لە تەمەنی ١٠ ساڵیدا لەگەڵ باوکی کە کاری زیوچێتیی دەکرد، چووەتە ئەستەنبوڵ و لەلای وەستایەکی "چەرکەز"، فێری وردەکارییەکانی هونەری سەواد بووە.

بە تێپەڕینی کات، بینیجی لەگەڵ براکانی کارگەیەکی کردەوە و لەو ڕۆژەوە تا ئێستا بە کەلوپەلگەلێک کە لەبەر دەستیدایە، نەخشی جۆراوجۆری لەسەر زیو کێشاوە.

بینیجی هەموو بەیانییەک دەچێتە کارگەکەی خۆی لە ناوەڕاستی شاردا و تەسبێح، ئەنگوستیلە، ملوانکە، گوڵدان، پشتێن و کەلوپەلی دیکە بە شێوەی ئورارتوو و نەخشی جیاواز، دەڕازێنێتەوە.

بینیجی هەوڵ دەدات هونەری خۆی کە مەترسیی لەبیرکردنی لەسەرە، زیندوو ڕابگرێت و هۆنەرەکەی خۆی فێری سێ فێرخوازی دیکە دەکات.

بینیجی کە نازناوی هونەرمەندی دەوڵەتیشی وەرگرتووە، باس لەوە دەکات کە ساڵانێکە سەرقاڵی ئەم هونەرەیە کە لە منداڵیدا لە وەستایەکی "چەرکەس" فێری بووە.

بینیجی ڕایگەیاند کە ماوەیەک لەگەڵ براکانی کاریان کردووە و گوتی: "لە ساڵی ١٩٩٧ـەوە هەتا ئێستا ئەم کارە لە کارگەکەمدا دەکەم. من لەسەر کارەکەم بەردەوامم و بە هەندێک وەرەقی تایبەت، ملوانکە، گوارە و ئەنگوستیلە و... دروست دەکەم. هەروەها تەسبێحی سەوادی دروست دەکەم کە کەس لە تورکیە ناتوانێت دروستی بکات. من یەکەم کەسم کە لەسەر زێڕ سەوادم دروست کرد و ئێستا یەکێکم لەو وەستایانەی کە دەتوانم لەسەر زێڕ سەواد دروست بکەم".

بینیجی ڕوونیشی کردەوە کە ئەو کانزایانەی لە سەواددا هەن بریتین لە "ئارسنیک و زیو و مس"، هەروەها بڕێکی کەم مس لە زێڕی ٢٢ عەیاردا هەیە، بۆیە تێکەڵکردنی سەواد لەگەڵ زێڕ پێویستی بە شارەزایی و سەرنجی ورد هەیە.

بینیجی باسی لەوەش کرد پلەی گەرمی بۆ سەواد و زێڕ وەک یەک نییە و گوتی: ئەگەر زۆر گەرم بکرێت، سەوادەکە بێ کەڵک دەبێت، ئەگەر کەم گەرم بکرێت، سەوادەکە زێڕەکە ناگرێت. ئەو سەوادەی من دروستی دەکەم ئەو سەوادەیە کە لە کۆنەوە بەکار هاتووە، واتە ئەسڵییە و هیچ ماددەیەکی تری پێ زیاد ناکەم. لەو کارەی دەیکەم، بڕی مس و بڕی سەواد و بڕی زیو دەپێوم. دوای دیاریکردنی ڕێژەی پێویست، دەست دەکەم بە کارکردن، هەر بۆیە ئەو سەوادەی من دەینەخشێنم، تێک ناچێت".

بینیچی دەڵێت کە ١٥٠ ساڵ لەمەوبەر لە شاری وان زیاتر لە هەزار وەستا و شاگرد هەبوون کە سەرقاڵی ئەم کارە بوون، بەڵام ئێستا دۆزینەوەی شاگرد ئەستەمە و گوتی: نهێنیی سەرکەوتن لەم کارەدا هەستکردنە بە خودی کارەکە.

بینیجی دەڵێت ساڵانێکە بە سۆزەوە ئەم کارە دەکات و گوتیشی: کاتێک شتێکی نوێ دەکەم زۆر دڵخۆش دەبم. من یەکەم کەسم سەواد و مۆدێلەکانی ئورارتووم بە یەک گەیاند. ٤٢ ساڵم بۆ ئەم کارە تەرخان کردووە. ئەوەی زیاتر ئازارم دەدات ئەوەیە کە ئەو نرخەی پێویستە بۆ ئەم کارە بدرێت، نادرێت. بەڕاستی حەزم دەکرد بازاڕێکی فەرهەنگی و ڕۆشنبیری بۆ ئەم کارە هەبا. تەمەنم ٥٢ ساڵە، بەڵام هێشتا هەوڵی زیاتر بۆ فێربوون دەدەم. ئەم کارە ٢٢-٢٣ قۆناغی هەیە. هەوڵ دەدەم ئەو قۆناغانە فێری فێرخوازانم بکەم."

پڕۆفیسۆر د. ڕافەت چاوشئۆغڵوو، سەرۆکی کالێجی ئەدەبی گرووپی شوێنەوارناسیی زانکۆی "یوزینجی ییڵ"، ڕایگەیاند هونەری سەواد کە خەریکە لەبیر دەکرێت، دەبێ زیندوو بکرێتەوە.

چاوشئۆغڵوو ڕایگەیاند کە سەواد هونەرێکی سەختە و گوتی: "وەستا سدیق یەکێکە لەو وەستا دەگمەنانەی ئەم هونەرە بە زیندوویی دەهێڵێتەوە و ئەمڕۆ لەگەڵ زیادبوونی حەشیمەت، وەستای سەواد پەروەردە ناکرێن. بەم مانایە کە وەستا سدیق بۆ خۆی خۆی پەروەردە کردووە و یەکێکە لەو وەستایانەی تەکنیکێکی تایبەتی خۆی داهێناوە. پێویستە کاری سەواد بە زیندوویی بمێنێتەوە. بە تایبەتی ئەو نەخشانەی کە لە هونەری ڕازاندنەوەی ئورارتووییدا بەکار دەهێنرێن و ئەو تەنیا کەسێکە کە لەسەر سەواد پیادەی دەکات. بۆیە ئەو لە هونەرەکەیدا کارێکی زۆر گرینگ دەکات".

 

 

KURDŞOP
583 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!