"مەسحەفا ڕەش" و بنیاتی ئوستوورەی کوردیی ئافراندن

لە سەرەتادا، لە مەسحەفا ڕەشدا هاتووە کە "هەستی" (بوون و هەرچی لە گەردووندا هەیە) دەگەڕێتەوە بۆ زەمانێکی نادیار. لەو زەمانە نادیارەدا خودا گەوهەرێکی سپی خەڵق دەکا و کۆترێکیش دەئافرێنی و ناوی دەنێ "ئەنفەر" و ئەو کۆترە چل هەزار ساڵ لەسەر ئەو گەوهەرە دادەنیشێ . بە جۆرێکی دیکەش گوتراوە کە خودا گەوهەرەکە لەسەر پشتی کۆترەکە دادەنێ و چل  هەزار ساڵ لەوێ دەبێ.

 

کوردشۆپ - هەموو گەلانی دونیا، بنەماکانی ڕوانینیان  بۆ پێکهاتنی جیهان لە پێشدا ڕوانینی ئوستوورەیی بووە. ئوستوورە وەک وشە ئەگەر چاوی لێ بکرێ ، واتاکەی بریتییە لە گوتەیەک کە هیچ بنەمایەکی نییە و وەک قسەی پڕوپووچ مانا کراوەتەوە. لە ئەدەبی فارسی و کوردیدا بە واتای ئەفسانە و بەسەرهات و چیرۆک دەکار کراوە. جاری وایە وەک قسەی پڕوپووچ و بێ مانا ناسێندراوە. واتایەکی دیکەی کە بۆیان لێکداوەتەوە سەرچەشن و نموونەی باشی شتەکانە. بەڵام هەموو ئەوباسانە لە گەڵ باسە ئوستوورەناسییەکان جیاوازن.

تا ئێستا دوو ڕوانگەی جیاواز بۆ ئوستوورە هەبووە. چون ئێمە دەمانهەوێ لەسەر کتێبی "مەسحەفا ڕەش" و ڕوانینی ئوستوورەیی لەو کتێبەدا بدوێین، پێویستە هەر دوو بوارەکە بناسین و بەو پێیە بزانین کام ڕوانین دەتوانین لە ناسینی نیگای ئوستوورەیی مەسحەفا ڕەشدا بەکاربێنین. یان بزانین بە پێی هەر کام لە ڕوانینەکان دەتوانین چ شتێک لەو کتێبە پیرۆزەی کوردان وەدەست بخەین.

ئاراستەیەک بۆ ئوستوورە لە سەرەتای مێژووی نووسینەوە تا سەدەی نۆزدەیەم  باو بووە کە بە پێی ئەو ئاراستەیە "جەخت لەسەر واتای وشەی ئوستوورە دەکرێتەوە و بە قسەی پڕوپووچ دەناسێنرێ". لەو ئاراستەیەدا "ئوستوورە چەشنێک  ڕوانینی خەیاڵی و بیرێکی دەستکردە کە بایەخێکی ڕاستەقینە و دەرەکیی نییە و هەر دەتوانین وەک هێزی خەیا ڵێکی ئاسایی باسی بکەین. هێزێک کە خەیاڵی گەل و نەتەوەیەک لە سەردەمێکدا بوویەتی و بە پێی ئەو هێزی خەیاڵە، چیرۆکی بۆ دیاردە و ڕووداوەکان هەڵبەستووە و ئەو چیرۆکانە هیچ پێوەندییان بە دونیای ڕاستەقینە و بە ژیانی مرۆڤ و تەنانەت بوونەوەرەکانەوە نییە و تەنیا بۆ سەرقاڵکردنی مرۆڤ ڕێکخراون و گوتراون."

ئەو ئاراستەیە هەم لە نێو خەڵکی ڕەشۆکی  و هەم لە نێو زانایاندا بووە. هەر دوولاش بەو پێیە هاتوون ئەوەی لەگەڵ توانا و هێزی  لێکدانەوەی ئەوان نەگونجاوە یان ئەوەی لە دەرەوی جیهانی ئەواندا بووە و لە دونیای ڕاستیدا دەستی وێڕاناگا بە ئوستوورە  و قسەی بێ کەڵکیان لە قەڵەم داوە و بەو شێوەیە داوێنی خۆیان لەو پەڵەیە هەڵماڵیوە و بە شتێکی باشیان نەزانیوە.

بەڵام لە پاش سەدەی نۆزدە ڕوانینەکان بۆ ئوستوورە گۆڕانیان بەسەرداهات و ئەوەی کە ئوستوورە بە خەیاڵیکی ڕووت بزانن و پێیان وابێ هیچ پێوەندیی بە دونیای دەرکی و ڕاستییەوە نییە خرا پەڕاوێزەوە. ئەوجار ئوستوورە بە سەربوردەیەکی ڕاستەقینە و بایەخدار و بە نرخ و پڕ واتا لێکدراوە . هەڵبەت ئەوەش بەو مانایە نەبوو کە ئوستوورەکان هەموویان ڕاستن، یان خاڵ بە خاڵ لەگەڵ ڕاستییەکان یەک دەگرنەوە، بەڵکوو مەبەست ئەوە بوو کە لە ڕاستییەوە سەرچاوەیان گرتووە و ڕیشە و ڕەگێکیان لە ڕاستییەکانی کۆمەڵگا و بیری خەڵکیدا هەیە و هەر بۆیە  لەسەر چارەنووس  و ژیانی ئەواندا کاریگەری دادەنێن.

بەو پێیە لە ناو زۆربەی پێناسەکانی ئوستوورەدا زیاتر  جەخت لەسەر ئەو پێناسەیە  دەکرێ کە "ئوستوورە بریتییە  لە گێڕانەوە یا دەرکەوتنی هێمایینی شتەکان لە ڕێگای زمانەوە، ئەو گێڕانەوەیە لە مەڕ خوداکانەوە و فریشتە و بوونەوەرانی سەروسروشتی و بە گشتی جیهانەوەن، کە گەلێک بە مەبەستی خستنە ڕووی ڕاڤە و لێکدانەوەی خۆی لە بوون و هەستی، دەکاریان دەکا. ئوستوورە  سەربوردەیەکی ڕاست و پیرۆزە کە لە زەمانێکی ئەزەلیدا هاتووەتە ئاراوە و بە شێوەیەکی هێمایین و خەیاڵی و لێڵ پێمان دەڵێ شتەکان چۆن بەدی هاتوون و یان چۆن  لەناو دەچن ."

ئێستا بە پێی هەر دوو ڕوانینە دەتوانین  لە مەسحەفا ڕەش ورد بینەوە. بەڵام بەر لەوە با بزانین ماکە ئوستوورەییەکان لە مەسحەفا ڕەشدا چین.

لە سەرەتادا، لە مەسحەفا ڕەشدا هاتووە کە "هەستی" (بوون و هەرچی لە گەردووندا هەیە) دەگەڕێتەوە بۆ زەمانێکی نادیار. لەو زەمانە نادیارەدا خودا گەوهەرێکی سپی خەڵق دەکا و کۆترێکیش دەئافرێنی و ناوی دەنێ "ئەنفەر" و ئەو کۆترە چل هەزار ساڵ لەسەر ئەو گەوهەرە دادەنیشێ . بە جۆرێکی دیکەش گوتراوە کە خودا گەوهەرەکە لەسەر پشتی کۆترەکە دادەنێ و چل  هەزار ساڵ لەوێ دەبێ.

ئەو سەرەتایە بۆ ئافراندن لەگەڵ سەرەتای ئافراندنەکانی دیکە کە لە ئوستوورە یۆنانی و ڕۆمییەکاندا باس کراوە، لەباری خەیاڵەوە نزیکە بەڵام بە تەواوی جیاوازە لەوان. ئاماژە بە کەون بوونی جیهان و نەبوونی چەشنی مرۆڤە لەسەر زەمین.

دواتر باسی کات دێتە ئارا، کە خودا کات دەخوڵقێنێ. لە پێشدا ڕۆژەکان دەئافرێنێ . لە یەکشەممەوە دەست پێ دەکا.  هەر کام لە ڕۆژەکانیش یەکێک لە فریشتەکانی خودان. بۆ وێنە یەکشەممە تاووسی مەلەکە. دووشەممە دەردائیلە. سێ شەممە ئیسڕافیلە، چوارشەممە میکائیلە، پێنج شەممە جوبڕائیلە، جومعە توورائیلە. لە ناو ئەوانەشدا تاووسی مەلەک دەکاتە گەورەی هەموویان.

ئەو خەڵق و ئافراندنەش دیسان لەگەڵ ڕوانینە ئوستوورەییەکان کە زۆربەیان بڕوایان بە ئافراندن لە حەوت ڕۆژ یان حەوت ئاستدا هەیە یەک دەگرێتەوە. هەم دەتوانین بڵێین حەوت ژمارەیەکی ڕەمزییە لە ئەفسانەکاندا. هەم ژمارەیەکی ناسراوە لە ناو ژمارەکاندا و هەم مانای تایبەتی هەیە لە ئوستوورەکاندا، کە لێرەشدا هەمان ڕۆڵ و کاریگەریی هەیە.

 پاشان خودا حەوت ئاسمان و ئەرز و هەتاو و مانگ خەڵق دەکا.

بەو شێوەیە ئافراندنی پلە بە پلەی شتەکان لە هەسارە و هەسارە گەڕۆکەکانەوە تا بوونەوەران و دەریا و چوار ماکەی بەدیهێنەری جیهان واتە ئاو و با و ئاگر و خاک، هەموو  باس دەکرێن. کە دانە دانەی باسی ئەوانە لەو نووسینەدا ناگونجێ.

کۆتا باسی ئەو نووسینە جەخت لەسەر ئەوەیە کە چۆن مرۆڤ خەڵق دەبێ. واتە سەرەتای بەدیهاتنی  مرۆڤ لە هەموو ئوستوورەیەکدا شێوازێکی تایبەتی هەیە، با بزانین لە کتێبی پیرۆزی کوردەکاندا  ئەو چیرۆکە سەرەتا و دەوامەکەی چۆنە:

خودا بە مەلائیکە دەفەرمووێ من ئادەم و حەوا خەڵق دەکەم و دەیانکەم بە بەشەر. لە سیڕری ئادەم، شەهید ئیبن جەر دەبێ و لە ئەویشەوە میللەتێ لەسەر ئەرز پەیدا دەبێ و لە پاشان میللەتی ئیزرائیل واتە تاووسی مەلەک کە یەزیدییە پەیدا دەبێ.

لێرەوە ڕوانینێکی تایبەت دێتە ئاراوە. پاش ئەوەی خودا ئادەم و حەوای ساز کردووە، سەت ساڵ پاش ئەو ڕووداوە، تاوسی مەلەک دەچێتە لای خودا و لێی دەپرسێ چۆن نەسلی ئادەم زۆر دەبێ . خودا دەفەرمووێ ئەوا دامە دەست تۆ. واتە دەوامەی نەسلی ئادەم لە لایەن خوداوە بە تاووسی مەلەک سپێردراوە و ئەویش بۆ ئەو  مەبەستە گەڵاڵەی خۆی بەڕێوە بردووە.

گەڵاڵەی ئەو مە لائیکەیە ئاوایە کە دەچێتە لای ئادەم و پێی دەڵێ تۆ گەنمت خواردووە؟  ئەویش دەڵێ نا. چونکە خودا نەیهێشت. گوتی بخۆ بۆ تۆ چاکترە. لە پاش خواردن زگی فوو درا. تاووس مەلەک لە جەننەت کردییە دەرێ. بەجێی هێشت و سەرکەوت بۆ ئاسمان. لەبەر زکی تەنگی پێ هەڵدەچندرێ چونکە کونی نییە و کۆترەکە دێ و بە دەندووک کونی دەکا.

پاش ئەو ڕووداوە جوبراییل سەت سا ڵ لە ئادەم گوم دەبێ و ئادەم تەنیا و غەمبار دەبێ و جا خودا جوبرائیل  دەنێرێ و حەووا لە کەلەکەی جەپی ئادەم خەڵق دەکا.

 دەکرێ بە پێی ئاراستەی یەکەم بڵێین کۆی ئەو باسانەی لە چیرۆکی خیلقەتی ئاوادا دەکردرێ، بە ڕاستی چیرۆکێکی خەیاڵییە و فڕی بەسەر ڕاستییەوە نیە. بەڵام بە پێی ئاراستەی دووەم ئەگەر بڕوانین دەتوانین  بڵێین وەک چۆن هەموو گەلانی خاوەن پێشینە و مێژینە و ئەدەبیات و زانیاری ڕوانینی هەستی ناسانەیان قووڵ و مێژوومەنەدە، کوردیش بەو شێوەیە هەستیناسیی تایبەت بە خۆی بووە و هەیە. سەرەتای خیلقەت لە ڕوانگەی مرۆڤی کوردە ئاوا بووە. لەو چیرۆکەدا کە ئێستاش هێما و نومادەکانی لە لالەش و لە ناو ئیزدێکاندا دەبینین، دانوستان و پەیوەندییەک لە مابەین مرۆڤ و سروشت و بوونەوەران هەیە. گوناهێک بوونی نییە و ئەوەی هەیە  لە پاش خیلقەت بیری بەرفراونتر کردنەوەی نەسلی مرۆڤە.  ژن حوزووری هەیە و سەرەتا و دەسپێکی گوناهی سەرەتا نییە. کۆی ئەوانە و زۆر بابەتی تر ئەو ڕاستییە ڕوون دەکەنەوە کە ئەوە بناخەیەکی جوان و سەرنجڕاکێشە بۆ بیری ئوستوورەیی و هەستیناسیی مرۆڤی کورد.

KURDŞOP
923 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!