خشڵی ژنانی موکریان - بەشی 7

بەن‌کەزی

جۆرە دەسکردێکە بۆ جوانی و بۆ قایم کردنی سەروپرچ. قەدیم سەروپرچیان زۆر بوو، باریک باریک دەیانهۆنی وپێیان دەکوت کەزی، لە پێشێ سەریان دووقاش دەکرد تا پشتەوە و جا هەرتک لایان بە جودا دهۆنی. ئەو کەزییانەیان بە بەن‌کەزی قایم دەکرد بۆ ئەوەی سەریان بڵاو نەبێ.

جۆرێکی بوو بە ڕیسی چارشێو ڕەشبەڵەک: داوێکی ڕەش و داوێکی سپی، دەیانهۆنی و بنیان گوڵینگ لێدەنا و موورووشیان تێدەکرد و بە دەرزی لە پشتەسەر قایمیان دەکرد یان گرێیان دەدا و تایبەتی ژنی گەڕاوە بوو.

جۆرێکی بوو قەیتانیان دەهێنا و زەنگیانەیان مارپێچ ڕاست و چەپ تێ‌هەدەکێشا تا سەرێ و نزیکەی دە تا بیست دانە لەو قەیتانانەیان زەنگیانە تێ‌هەدەکێشا هەر یەکەی لە ڕەنگێک و یاقووتی ڕەنگاوڕەنگ و موورووچاووزار، سووڕەت، زیڕ، قڕان، زەنگوڵەی گۆی وردیان بۆ دەکردە سەرپۆلە و قەیتانێکیان بە پانەوە دادەنا و تەواوی ئەو ڕیزە زەنگیانانەیان ڕیزاوڕیز لێ قایم دەکرد. جا سەری ئەو بەن‌کەزییە دە نێو ئەو کەزیانە دەکرا و لەگەڵ پرچەکان بەردەبۆوە. تایبەتی جحێڵان بووە.

بیجادە

مووروو  یا زەنگیانەیەکی گەورەیە، ڕەنگی جۆراوجۆری هەیە و لە ڕەنگی جیاواز لە خۆی وێنەی جۆراوجۆریشی تێدایە و لەگەڵ بەرموور دەیهۆننەوە.

" جەیران کوڵمەی وەک چرایە/ دانای وا نییە لە دنیایە/ گەرنی بیجادەی تێ‌دایە"

(ئەحمەد لوتفی: بەیتی دمدم)

پاوانە

خڕخاڵ، لیزگەمووروو یا تەختێکی ناسکی زێڕ یان زێو کە دە قولەپێ دەکرێ. ڕیزە شیلانی شینی ورد یان موورووی وردی شین یان زەنگیانەی شین دەگرنەوە و بە قەیتان و دوگمە یا قرتە قایم دەکرێ.

پاوانەی زێڕ یان زێو زەنگوڵەی چکۆڵە یان پووڵەکەی زێڕ یا زێوی پێدا شۆڕ بۆتەوە.

"فەقەت پاوانەی دە لاقاندا بوو، پاوانەکەی لەبیر چووبوون داینەنابوو ... دەگەڵ دەستی برد تەماشای کرد دەستی وە پاوانەی کەوت."

(خلەدەرزی: بەیتی زەمبیل‌فرۆش)

پاوانەی تەڵایین

تایبەتیی ئەو پاوانەی تەخت و پێ‌یەکەی لە تەڵایین بێ.

 

پاوانەی پێچکەدار

جۆرە پاوانەیەکی بە زەنگیانە گیراوە، تەختێکی باریکی هەیە کە زەنگیانە بە بنی تەختەکەدا شۆڕ بۆتەوە.

پاوانەی دڕدووک

جۆرە پاوانەیەک لە زەنگیانە کە بەشێوەی دڕدووک هۆنرابێتەوە.

پاوانەی شیلان

تایبەتیی ئەو پاوانەی کە بە شیلان هۆنرابێتەوە. جۆرێکی ڕیزێک موورووی شین و سوورە و بەقەد قولەپێی منداڵی چکۆڵە بوو کە سووڕەتێکی چکۆلەی پێوە شۆڕ دەبۆوە، هێندێک جاریش ڕیزە شیلانێکی سووریان لە‌گەڵ زەنگوڵەی ورد یان گۆی ورد یان سووڕەت پێوە دەکرد.

 

پاوانەی قزڵ‌منجخ

تایبەتیی ئەو پاوانەی تەختەکەی بە قزڵ‌منجخ ساز بووبێ و تێکەڵ بە شیلان یان یاقیقی ورد کرابێ.

 

پاوپاوانە

"جێگات زۆر چۆل و زۆر بیابانە/ لە تۆ شیرنە پاوپاوانە/ سینگت کردۆتە تەماشاخانە"

(ئەحمەد لوتفی: بەیتی زەینەڵ و گۆزەڵ )

پرپرە

۱. پەرەنگی گوارە.

" جووتێ گوارەت بۆ دەکڕم لە دنیادا مەنشوور بێ/ کەڵەباب مرواری بێ، پرپرەی زێوی سوور بێ/ کەژاڵ گیان لە گوێی بکا بەڵکوو دنیا خاپوور بێ"

(زیرەک)

۲. دمە‌کڵاو.

KURDŞOP
699 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!