خشڵی ژنانی موکریان - بەشی 6

لەیلا نوورانی

گۆ

گرموولەیەکە لە زێڕ یان زێو، ورد و درشتی هەیە، نەخشی جۆراوجۆری لەسەر هەڵکەندراوە و کەڵکی جۆراوجۆریشی لە خشڵەکاندا هەیە:

"زەینێ خۆت دە تۆق و تەلەسمان، گوارە و کرمەک و ئاودەنگیان/ لە گەرنم هاتوونە خوارێ وردەگۆیە/ لە دڵی من دایمە شین و واوەیلا و ڕۆڕۆیە"

(ئەحمەد لوتفی: خەج و سیامەند )

گۆ ئیسیوەتی

جۆرێک گۆی زێڕ یان زێوە، بەشێوەی گرموولەی مامناوەندی هەڵکەوتووە و بۆ گۆبەند و گوارە و گۆبەرۆکیش کەڵکی لێ وەردەگیرێ.

دراووبەرۆک

جۆرە خشڵێکە، تەختەکەی قووببەقووببەی ورد یان زنجیرە و دراوی دەسککراوی ڕیزاوڕیز پێوەیە و لە جیاتی لیرەبەرۆک لە لێواری کەوا یان سیخمەی دەدروون. قەدیم ڕیزاوڕیز دەنکی کڵاویان لە دەوری یەخەی کراسی کوردی دەنا و ئەو جێیەی دڕابوو لە هەرتکلاڕا چەند دراویان بەڕیز لێدەنا و بە ئەمیشیان دەکوت دراوبەرۆک.

"لە بن لکێکم دانیشتبان نازونیمنازەکەی دە سەقزییە/ لە بن لکی دیم دانیشتبان کڵاوبەسەر و دراوبەرۆکی لە بانەییە"

(حەمەدی بەیتان: بەیتی لاس و خەزاڵ)

دراوی بەرۆکێ

پووڵی سککەی ئاسایییە کە لە لای شیشگەر دەسک دەکرێ و بە شێوازی جۆراوجۆر بۆ کڵاو و کەوا و سوخمە و بەرۆک کەڵکی لێ وەردەگیرێ. جار هەبوو ئەو دراوانە کون دەکران و لە سیخمە یان کەوایان دەدروون، واش هەبوو پووڵی قەدیم بە زنجیرەوە بکەن و بە سیخمە یان کەوایەوە بدەن.

 

دەرزیبەرۆک

دەرزیلەی بەرۆک، خشڵێکە لەچەشنی قەتارە، تەختی قووببەی وردە و بنی پەرەنگی پێوەیە و هەرتک سەری بەقولاپە و لەسەر دەسماڵ شۆڕ دەبێتەوە، شێوازی کۆنی سەردەسماڵ، سەریەخە.

"پەرەنگیش دەڵێ بە دەرزیلەی پیرەبەرۆکێ، ئەوە دەرزیلە لە من دەڵێ بە گوارێ، گوارە لە من دەڵێ بە برۆیە، ئەتۆ لەبەر مەغزکێشانێ خۆت لە من داویشتەوە تاقی کەنارێ"

(خاڵەسوورە، گەلۆ)

دەرزی بەرۆکی قوببە

جۆرە دەرزیبەرۆکێک کە تەختەکەی لە دوو قووببە و گوڵ و زنجیر پێکهاتووە و هەرتک سەری بەقولاپە و لە بەرۆک قایم دەکرێ.

گۆ بادامی/ گۆ کەوچکی

جۆرێک گۆی زێڕ یان زێوە، بە شێوەی بادام یان دمەکەوچک هەڵکەوتووە. گەورەکەی بۆ گۆبەرۆک و وردەکەی بۆ گۆبەند و جار هەبوو بۆ قەتارە و پاوانەش دەکار دەکرا.

گۆبەرۆک

پێش لیرەبەرۆک باو بووە، تەختەکەی وەک قەتارەیە یان هەر زنجیرێک بوو و بەجێی سووڕەت، پەرەنگی گۆی بادامی (کەوچکی) یان گۆی وردی بچووک  (ئیسیوەتی) بوو. ئەم گۆیانە چکۆڵە و گەورە و زێڕ یان زێوی هەبووە، کاتێک لە کەوا و سیخمەیان دەدروو گردەڕوو یان قاشیان بۆ دەکردە سەرپۆلە و لە نووکی شاقەڵی کەوا و سیخمەیان قایم دەکرد، گۆبەرۆک تا گوێی کەوا لێدەندرا.

"ئەمن لەبۆت هەڵدەڵێم بە گراوی سەیدەشۆڕی ئەگە لە گەڕی دە دیلانێ دووگمە و ساچاغ و گۆی دە بەرۆکی با ڕایدەژاکێنێ."

(سەیدەوان)

 

گۆبەرۆکی بەپێلک

جۆرە گۆیەکی تەخت باریک کە نێوەڕاستەکەی شیلانی سوور و شینی تێدایە و گۆی بادامی تەختی پێوەیە و گۆیەکان هەر کامیان پێلکێکیان پێوە شۆڕ بۆتەوە. زۆرتر لە زێڕ یان وەڕشەوە.

گۆبەند

ملوانکێکە لە گۆی گەورە و چکۆڵەی زێڕ یان زێو، ئەگەر لەگەڵ مووروو پێوەبکرێ لەسەر سینگ ڕادەوەستێ، جۆرێکی هەیە گۆیەکان بەتەنیا پێوە دەکرێن.

KURDŞOP
735 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!