کڕ و کاشێک لەمەڕ یارسان، ئەهلی حەق، عەلی ئەڵڵاهی و ...

 

 

"ئەهلی حەق" یا "یارسان" بریتین لە لایەنگران و بڕوادارانی "ئایینی یاری". ئەو  بڕوادارانە بە شێوەیەکی بەربڵاو لە ناوچە کوردستانییەکانی دوو وڵاتی ئێران و عێڕاق دەژین و هەڵبەت  لە دەرەوەی ئەو ناوچانەش لایەنگریان هەیە. ئایینی یارسان، ئایینێکی پڕ لە ڕەمز و ڕازە  و مێژووی سەرهەڵدانەکەی تەواو ڕوون نییە. بەڵام لایەنگران و بڕوادارانی، پێیان وایە ئایینێکی ئەزەلی و ئەبەدییە.

 ئەو دەقانەی بە زمانی کوردی باسی ئەو ئایینە دەکەن زۆرن و مێژینەی زۆر کۆنیشیان هەیە. کۆنترینیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی چوارەمی کۆچی مانگی و سەردەمی "شاخوشین". مێژوو نووسان پێیان وایە شاخوشین یان شاخورشید، باپیرە گەورەی زنجیرەی دەسەڵاتداریی "ئالی خورشید" و بنەچەی "شوجاعەددین خورشید" دامەزرێنەری زنجیرەی "ئەتابەکانی لوڕ"ی بچووکە. "حەمدوڵڵا مستەوفی"، لە "مێژووی هەڵبژاردە"دا دەنووسێ: "لە جەنگڕووی، موحەممەد و کەرامی کوڕانی خورشید چوونە خزمەت شوەیلە و پلە و پایەیان وەرگرت و ئەوان کوڕانی مەزنیان لێ کەوتوەوە بۆ وێنە شوجاعەددینی کوڕی خورشیدی کوڕی ئەبووبەکری کوڕی موحەممەد".  "ئەسکەندەربەیگی تورکمان"یش لە "مێژووی عالەم ئارای عەبباسی"دا دەنووسێ: شوجاعەددین خورشید لە هۆزی "حەسکورد"ییە کە بە ئاکار چاکی و ئینساف ناسراون و ..."

شا خوشین لە گەورەکانی یارسان و بە نازناوەکانی وەک "زەردە سوار" و "هەزار سوار" ناسراو بووە. وەک کوتیشمان تاقمێکیش پێیان وایە ئەو هەمان شاخورشید و بنە و بنەچەی حاکمانی "هەزار ئەسپی" ئەتابەکانی لوڕ بووە.

مێژینەی هێندێک لە پەرستگاکانی ئەو ئایینە دەگەڕێتەوە بۆ بەر لە ئیسلام، بەڵام ئەو پێکهاتەیەی ئێستا هەیەتی لە سەدەی هەشتەمی کۆچییەوە و لە لایەن "سوڵتان سەهاک"ەوە دامەزراوە.

سوڵتان سەهاک یان سوڵتان ئیسحاق، ساڵی ٦٧٥ی کۆچی مانگی لە دایک بووە و ساڵی ٧٩٨ی کۆچی، کۆچی دواییی کردووە. ئەویش کەسایەتییەکی پیرۆزە لە ئایینی یارسان دا. زۆر کەس پێی وایە ئەو بناخەدانەری بنەماڵەکانی یارسانییە. بڕوادارانی ئایینی یاری بە ناوەکانی "سوڵتانی حەقیقەت" و "خاوەن کەرەم" دەیناسن و ئەو بە سەرەکیترین ڕوخساری زاتی حەق دەزانن. ئەو کەسایەتییە لە بڕوای خەڵکی یارساندا بەرزترین جێگە و پێگەی هەیە.

بیر و باوەڕ و زۆر داب و ڕەسمی کردەیی لە نێو هەموو خەڵکی یارساندا هاوبەشە. بەڵام بۆی هەیە لەبەر ئەوەی بڕوادارانی ئایینی یاری، نیشتەجێی جوگرافیایەکی تایبەت بن هێندێک لە داب و ڕەسمەکانیان جیاوازیی هەیە و ئەوەش لە نێو هەموو ئایینەکاندا دەبینرێ.

ئایینی یاری نیشانەی کارتێکەریی ئایینەکانی دیکەی بەسەرەوەیە. ئەو ئایینە لە گەڵ دینەکانی وەک "میترایی" و "مانەوی" و "جوولەکە" و "مەسیحی" و ئایینزای شێعە لێکچوونی هەیە، بەڵام سەرەڕای ئەوانەش ئایینی یاری لە ئیسلام جودایە.

یارسانەکان بە ناوی جیاوازەوە ناسراون. هەرچەند لە دەقە دینییەکان دا زیاتر لە هەر ناوێک هەر بە ناوی یارسان و یاری ناویان هاتووە و بە لایەنگرانی ئەو دینەیان کوتووە "یار". بەڵام لە ناوچە جیاوازەکان ناوی جیاوازیان هەیە، وەک "ئەهلی حەق"، "کاکەیی"، "سارلی"، "تایەفە"، "تایەفەسان"، "گۆران" ،قەڵخانی"، "قزڵباش"، "نیازی"، "ئەهلی هەق"، "ئەهلی سێڕ"، سیڕر تالبی"، "شاملوو"، "خاجەوەند"،"غولات"، "عەلیوڵڵایی" و ... هەڵبەت ئەو ناوانە لە لایەن خەڵکی غەیرە یارییەوە لەسەر ئەوان دانراون. زۆرتری ئەو ناوانەش ئاماژەیان نەک بۆ خودی ئایینەکە بەڵکوو بۆ لایەنگرانی ئەو ئایینەیە. تاقمێکیش ناوی دوژمنکارانەی وەک "شەیتان پەرست" و "کەلەباب کوژ" و "چاری سیندرن"یان بۆ داناون.

لە ئازەربایجانی ئێران لایەنگرانی ئایینی یاری بە "گۆران" و "شاملوو" ناسراون. شاملووەکان ئەو خەڵکانە بوون کە لە لایەن ئەمیر تەیموورەوە لە شامەوە نێردرانە ئازەربایجان و لە سەردەمی سەفەویدا هاتنە سەر ئایینی یارسان. لە ئازەربایجان ناوی تری وەک "قەرەقۆیونلوو" و "گورنلەر" واتە تەماشاکەریان پێ دەڵێن و لە ورمێش بە "ئەبدال بەنی" ناسراون. لە ئەفغانستان و تورکیەش بە لایەنگرانی ئایینی یاری دەڵێن قزڵباش چون لایەنگرانی ئایینی یاری لەو ناوچەیە  لە بزووتنەوەی قزڵباشەکاندا بەشدار  بوون . لە "قەزوێن" بە لایەنگرانی یارسان دەڵێن "کاکاوند" و لە "مازەندەران" بە "خاجەوەند" ناسراون و ئەو دوو نێوە هەردووکیان ناوی هۆزن نەک ئایین. لە "زەنجان" بە یارسانییەکان دەڵێن "سیڕ تالبی" وا تە خوازیاری سیڕ و ڕاز.

هەروەها زۆربەی کەسانی غەیرە یارسان  لە ئێران، بە لایەنگرانی ئەو ئایینە دەڵین عەلیوڵڵایی. ئەو ناوە لە ئەسڵ دا بە تاقمیک دەڵێن کە لە سەردەمی "عەلی کوڕی ئەبووتالیب" دا لە لایەن "عەبدوڵڵا کوڕی سەبا"وە دامەزار و لایەنگرەکانی پلەی خوایەتییان بۆ عەلی دانا. ئەو ناوە بە هۆی بوونی بڕوای "مرۆڤ-خودایی" لە ئایینی یارساندا، لە لایەن عەڕەب و موسڵمانەکانەوە بە سەر لایەنگرانی ئایینی یارسانداسەپا.

لە عێراق بە لایەنگرانی ئایینی یارسان دەڵێن "سارلی". سارلییەکان تاقمێک لە یاراسانییەکانی دانیشتووی "موسڵ"ن و لە شارەوزوورەوە چوونەتە ئەوێ و دواتر خانی موسڵ پێش بە گەڕانەوەیان دەگرێ و بە "سارلی" واتە هی خۆم بانگ دەکرێن .

جگە لەوە وشەی "ئەهلی حەقیش" کە لە لایەن غەیرە یارسانییەکانەوە بە  لایەنگرانی ئەو ئاییینە دەگوترێ، لە ڕاستیدا لە وشەکانی دونیای سۆفیگەرییە و بە کەسێک دەکوترێ کە لە پلەکانی شەریعەت و تەریقەت تێپەڕیبێ و گەیشتبێتە بەرزترین پلەی خواناسی و گەیشتن بە ڕاستی. ئەهلی حەق ناوێکە کە سۆفییەکان بۆ یارسانەکانیان داناوە و مەبەستیان ئەوەیە کە لایەنگرانی ئەو ئایینە  لە پلەی حەقیقەتدان . هەموو ئەو ناوانە بە لایەنگرانی ئایینی یارسان دەکوترێ و ناوی خودی دینەکە، دینی یارسان یان دینی یارییە.

لە مەڕ دینی یارسانەوە لە نێوان توێژەران بیر و ڕای جیاواز هەیە. دینی مێژوویی و کەونارای یارسان لە گەڵ دینی ئیزەدی هاوڕیشەن و هەر دووکیش  لە ئیسلام جودان.

"سەدیقی سەفی زادە" لەو بارەوە لە کتێبی "زانستنامەی ناودارانی یارسان"دا دەنووسێ: بە پێی "نامەی سەرەنجام"، ئەو ڕێگا و ڕەسمە  بۆ ژیان و بیر و باوەڕ، هەر لە ڕۆژی ئەزەلەوە دامەزراوە. بەڵام بەڵگە نووسراوەکان وای دەردەخەن کە ئەو دینە لە سەدەی دووەمی کۆچی مانگییەوە  لە لایەن "باڵووڵی ماهی" یان مادی و لایەنگرانی بە کەڵک وەرگرتن لە خەزێنەی بیر و باوەڕی دەروونیی ئایینەکانی زەرتوشتی و مانەوی و کەڵک وەرگرتن لە هێندێ باس و خواسی ئیسلام و مەسحییەیەت و یەهوودییەت دامەزراوە.  بەڵام لە ڕاستیدا سەرهەڵدانی ئایینی یاری بە جۆرێک هەڵوێستگرتن و دژ وەستان  لە بەرانبەر عەڕەبە موسوڵمانەکان بووە.

بە پێی دەفتەری "دیوانی گەورە"ی کەلامی سەرەنجام، کە کۆنترین کتێبی پیرۆزی یارییەکانە، ئەو دیینە لە ڕۆژی ئەزەلەوە بووە و فێرکارییەکانی وەک سیڕ و ڕاز لە لای پێغەمبەر و ئەولیا بووە و لە هەر سەردەمێکدا بۆ هێندێک لە یاران ڕوون کراوەتەوە و پێیان ناسێنراوە. هەتا ئەوەی لە سەدەی نۆی کۆچیدا سوڵتان سەهاک ئەو سیڕە ئەزەلییانەی وەک یاسا بە لایەنگرەکانی ڕاگەیاند هەر بۆیەش ئەو بە بناخەدانەری ئەو دینە دەزانن.

هێندێک لە زاراوە تایبەتەکانی ئەو ئایینە بریتین لە یاران و هەفتەن.

یاران بە نزیکانی سوڵتان سەهاک دەکوترێن کە بەو تاقمانە دابەش دەبن: هەفتەن، هەفتەوانە، حەوت کەس خاوەن قەولی تاس، حەوت حەوتەوان، چل تەن، چل چل تەنان، حەفتا و دوو پیر، نەوەد و نۆ پیری شاهۆ، شەست و شەس غوڵامی پشتێند زێڕین، هەزار و یەک غوڵامی مەزن سفەت، نیوە هەزار غوڵام و بێ وەن غوڵام.

هەفت تەن یان حەوت کەسیش یارانی تایبەتی سوڵتان سەهاکن . ئەوانە بۆ ڕێنمایی خەڵک لە هەر سەردەمێکدا لە قاڵبی مرۆڤی زانا و مەزندا خۆ دەردەخەن.

ئەو  حەت کەسە بریتین لە:

 پیر بنیامین، هاو پلە و پایەی جوبراییلە و بەرپرسی ڕێنمایی و ڕزگارییە. پلەی پیری و گەورەیی بەسەر هەموو یارسانەکاندا هەیە.

 داوود ، هاو پلەی ئیسڕافیلە و بەرپرسی نەفخی سوورە بۆ بەئاگا کردنەوەی خەڵک.

پیر مووسا، هاو پلەی میکاییلە و بەرپرسی نووسینەوەی کردەوەکانە و نووسیاری سوڵتانە.

موستەفا داودان، هاو زاتی عیزرائیلە و بەرپرسی تووڕەیی و گیان ئەستاندنە.

خاتوون دایراک، ناسراو بە خاتوو ڕەمزبار یان ڕێزبار هاو پلەی حورلعەینە و هەم دایکی سوڵتانە و هەم تکاکاری یاران و سەرۆکی ژنانی کۆمەڵگای یارسان.

شا ئیبراهیم، کە لەگەڵ باوەیادگار نوێنەرایەتیی پاشایەتیی عیرفانیی سوڵتانیان هەیە. ئەوانە هاوپەلەی ئیوتن .

باوە یادگار

مەزارگەی باوەیادگار

KURDŞOP
641 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!