خشڵی ژنانی موکریان - بەشی 3

لەیلا نوورانی

 

ئاڵقە

جۆری ساکاری ئەنگوستیلەیە.

ئاڵقەی کۆچکە

خشڵێکی زێڕ یان زێوی بازنەیی مامناوەندییە کە لای سەرووی گوڵ یان نەخشی لە‌سەرە، جۆرێکیشی نەقیمی پیرۆزەی چکۆڵەی لە‌سەرە، بنی ئاڵقە نیوبازنەیەکی ساکارە، بەندۆکەی (تایبەتی کۆچکە) تێ ‌دەکرێ و لە دوو لاجانگی کۆچکە قایم دەبێ.

"ئەوە کیژ دەیکوت: بە حەقی ئەو قوڕعانەی، لە سەر سینگی منی قەلەندەری بابان وێران ئاڵقە و گوارە و ملوێنک دەیانکردەوە بە شەڕەبەرانە"

(عەلی کەردار، پایزە)

ئاڵقەی بە‌پێلک

جۆرە ئاڵقەیەکە تایبەتی کۆچکە، کە لا نەخشێنراوەکەی سەرووی پێلکێکی پێوەیە و لە کاتی لە کۆچکە قایم بووندا، بە سەر ئاڵقەدا شۆڕ دەبێتەوە.

"کەپۆیان بە‌خەزێمە، زولفی وانم بە خەنە/ئاڵقەزێون، ئاڵقەزێڕن، کەراسیان بە‌کەتانە"

(خلەدەرزی، لێ‌لێ)

ئەشرەفی

جۆرە سککەیەکی زێڕ کە هەتا سەردەمی پەهلەوی لە ئێراندا ڕمێنی بووە.  گۆیا بە‌نێو " ‌ئەشرەف بەرسەبا" سۆڵتانی میسرەوە کراوە لەبەر ئەوەی بە ئەمری ئەو زەرب کراوە.

"گەردن‌باغێکی بەقیمەت گرانت لە ملی دایە/ زەبەرجەدە، بیجادەیە،  ئەشرەفییە، نێوەنێوە کارە‌بایە "

(ئەحمەدی لوتفی: بەیتی لاس و خەزاڵ)

" گوارەی لە گوێت ئەشرەفییە و وردەگژنیژی دەکاتەوە جۆللانە/ نازانی لە دڵی عاشقان دەبێتەوە بە برین و چا نابێتەوە بە حەکیم و لوقمانە"

(ئەحمەدی لوتفی: بەیتی خەج وسیامەند)

ئەنگوستیلە

ئاڵقەیەکی بچووکە، زۆرتر لە کانزا و زیڕ یان زێو دروست دەکرێ و گوڵ و نەقیمی جۆراوجۆری لە‌سەرە و بۆ جوانی دە قامک دەکرێ.

" ئەمن نازانم قامکت بۆ وا شووش‌وباریکە/دەڵێ: ماڵ‌وێران لە‌بەر ئەنگوستیلە تێ گێڕانێ"

(حەمەجان: ئایشێ گوڵ)

بیر و باوەڕ سەبارەت بە ئەنگوستیلە

خەون

ئەنگوستیلە، کچ بوونە.

ئەنگوستیلە و دەسرە بە‌یەک/پێک گۆڕینەوە بە مانای شەرت و پەیمان بەستنە.

"خاتووزین دەسرە و ئەنگوستیلە و ملوێنکی دەگەڵ کاکەمەم گۆڕیبۆوە"

(ئەحمەد لوتفی: بەیتی مەم‌وزین  )

KURDŞOP
788 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!