پرسە و شین لە ناوچەی موکریانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-بەشی 2-بیر و باوەڕ

لەیلا نوورانی

 

  مردوو

* ئەو ئاوەی کاتی مردووشوتن لەبەر مردووەکە دەڕوا، دەیبەن بۆ دووعای ڕەش، کە خۆشەویستانی پێ لێک کەن.

* ئەگەر مردوو ئەو خامەی بۆ کفن بۆیان داناوە لێی زیاد بوو دەڵێن ئەو مردووە دڵ‌بەدنیاوە بووە.

* کفن مقەستی لێ نادرێ و دایدەدڕن.

* ئەو کوتەکفنەی لە پاشی مردوو بەجێ دەمێنێ دەفەوتێنن، لەبەر ئەوەی دەڵێن بۆ نووشتەی ڕەشی دەکار دەکرێ و مردوویەکە گوناحبار دەبێ.

* ئەو ڕۆژەی کەسێک دەمرد ئەو ماڵە بۆخۆیان چ چێشتێکیان  لێنابا، یان گەڵایان داناباوە یان ترشیات یان جۆرە‌مرەبایەک و ... تازە قەت لێیان نەدەناوە لەبەرئەوەی دەیانکوت پێمانەوە نایە.

* ئەگەر کەسێک بەهەرهۆیەک یەخەی کراسی دادڕێ و داچەقێ، دەڵێن ئەو کراسە تازە بۆ لەبەرکردن نابێ و شوومی چاک نییە.

* جلوبەرگی مردوویان دەکردە خێروخێرات، تەنیا یەک شتیان هەڵدەگرت و پاشی چەندساڵانیش هەر پێوەی دەگریان و دەیان باراند.

* مردوو بە بەردەرکتدا بەرن دەبێ قاپێک ئاوی بە‌دوادا بڕێژی بۆ ڕووناکاییی ئەو ماڵە و دووربوون لە دەرد و بەڵا.

* بنێشت‌جووتن و تۆو ترووکاندن و برێشکەکردن بۆ ماڵی سێحەب‌مردوو عەیبەیە.

* هەر شەوەی بەسەردا دێ حەوت‌کێو دەکەوێتە مەعبەینی مردوو و کەسوکاری، بۆیە بەشەر دەتوانێ درێژە بە ژیان بدا دەنا لە تاوان شێت دەبوو.

* ئەگەر شەوی جومعانە پەپوولە هاتبا ژوور، دەیانکوت ئەوە ڕوحانەتی مردووەکانمانە نابێ ئەزیەتی دەن.

قەبر

* ئەگەردەچوونە سەرقەبران دەیانکوت نابێ بگری دەنا مردووەکە چاوی پڕ دەبێتەوە و نامان بینێ.

* لەسەرقەبران نابێ بەدەنگ پێبکەنی.

* لە سەر قەبران سێ‌جار بە بەردی چکۆڵە لە کێلی لای سەری دەدەن جا ئەوجار سڵاو دەکەن.

* نابێ سەری قەبر بە بەرد داپۆشرێ.

*  دەبێ لەسەر قەبر تۆو یان شەتڵی گوڵ و ڕیحانە بچێنن بۆ ئەوەی هەرچەندی بە با ڕاژێ زیکر بۆ مردووەکە دەکا.

 * ئەو کەسەی قەبرەکەی هیچی لەسەر شین نابێ دەڵێن ئەوە هیچ وەخۆ ناگرێ.

* قەبری سەید و شێخ لە کێلی لای سەری شاڵیان لێ دەهاڵاند و خەڵک تیزماڵکیان لێ دادەدڕی و بۆ متفەڕک دەیانبرد.

* قەبری جوانەمەرگ و شەهیدان تارای سووریان پێدا دەدا.

* قاشوولەیان کۆ دەکردەوە و لەسەرقەبریان دادەنا، ئەگەر تاو لێی دەدان تەواوی قەبرستان لە دوورەوە ترووسکەی دەهات.

* داری بەری بۆ سەرقەبران نابێ، لەبەرئەوەی بەرەکەی خواردنی حەرامە.

* مێروولەی سەرقەبران نابێ بکووژی، مردووەکە مشکڵۆزمە دەبێ.

* ئەگەر قەبرت ئاو دا، نابێ دە لای سەری کەی.

* ئەگەر لەسەرقەبران دادەنیشتن زۆرتر دەچوونە لای سەری، دەیانکوت با بمانبینێ و بمانناسێتەوە.

* پێنج‌شەممۆیان زۆرتر دەچوونە سەر قەبران و چوارشەممۆیان دەچوونە سەر چاک و شەخس و پیران.

* گڵی گڵکۆی شێخ و سەید و شەهیدانیان بە متفەڕک دەبرد.

* ڕۆژی جێژن پێش ئەوەی نانی بەیانی بخورێ دەچوونە سەرقەبران و جێژنە‌پیرۆزەیان لە مردووەکان دەکرد.

* جیران‌قەبر خێر و شەڕیان بۆ یەکتر دەچێ، هەربۆیە قەدیمیان پێیان خۆش بووە لە‌کن ناباڵغیان بنیژن لەبەر ئەوەی  عەزابی قەبریان لەسەر نییە.

* ئەگەر چاوت بە قەبری بەتاڵ کەوت دەبێ شتێکی خواردن لە خۆ حەرام کەی.

* ئەگەر مردوویان دەناشت و خەڵکەکە دەگەڕانەوە کەسێکی نزیک لە لای قەبرەکە دەماوە بۆ ئەوەی کاتێک سوال‌وجوابی قەبری لێ دەکەن نەترسێ.

* ئەو کەسەی دەمرێ شەوی هەوەڵ غەریبترین کەسی دنیایە.

 خەون

* ئەگەر خەون ببینی کە مردووی، عومرت لە نوێ دەنووسرێتەوە.

* ئەگەر خەون ببینی مردوو شتێکت دداتێ ئەوە خێروبەرەکەتە و ئەگەر لێت بستێنێ بە پێچەوانەیە.

* ئەگەر خەون ببینی لەگەڵ مردوو دەڕۆی ئەوە خودای‌نەخواستە دەمری.

* ئەگەر لە خەودا مردووی بە‌کەیف و جلوبەرگی ڕازاوەوە ببینی ئەوە دیارە بەئیمانە، ئەگەریش مات و سیس و بەرگ‌پیس بێ دیارە بێ ‌ئیمان بووە و جێی ناخۆشە.

*  مردوو لە خەودا بڵێ برسیمە ئەوە داوای خێر دەکا.

 

سەرچاوە:

فەرهەنگی زارەکیی موکریان، سەلاح پایانیانی

فەرهەنگی زارەکیی موکریان، خۆردوخۆراک، سەلاح پایا‌نیانی

KURDŞOP
710 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!