بەردی خەڵاتی کوردستان، ئەو بەردەی تایبەت بە نەخشاندنە

شادی

کوردشۆپ - بەردی خەڵات، ئەو بەردانەن کە لە دامێنی چیای نەمرود لە ناوچەی خەڵاتی سەر بە پارێزگای بەدلیس لە باکووری کوردستان دەرهێنراون و تایبەتمەندییەکیان هەیە پێی دەوترێت ئیگنیمبریت (بەردێک کە دوای تەقینەوەی گڕکانەکان و لێشاوی تۆز و خۆڵ گۆڕاوە بۆ بەرد). و لە ڕیزی بەردی بوکرانی یا ماگماتیک دێتە ئەژمار. ئەم بەردە کە بە ڕێژەیەکی زۆر لەو ناوچەیەدا هەیە، بەردێکی نەرم و قایمە و بە ئاسانی دەکرێ کاری لەسەر بکرێت. واتە هەم بەهێز و خۆڕاگرە و هەم بە جۆرێکە کە دەتوانرێت دابتاشرێت و بەهۆی ئەوەشەوە لە دروستکردنی چەندین بینادا و ساز کردنی شتی مێژوویی بەکار هێنراوە. (لە باکوری کوردستان دوو شاخی نەمروود هەیە، یەکێکیان لە سەمسورە، بەڵام نەمروودەکەی تر لە سنووری پارێزگای بەدلیسی باکوری کوردستاندایە و ئەم دوو چیایە زۆر جار بە هەڵە تێکەڵ دەکرێن)

بەردی خەڵات چییە و چۆنە؟

بەردی خەڵات لەو ناوچەیەی لێی دەردەهێنرێ، بە ڕەنگی سوور و ڕەش و خاکی و قاوەیی واتە چوار ڕەنگ و هەندێک ڕەنگی کاڵ و تۆختر لەبەردەستە. لەو بەردەدا ماددەی شووشەیی هەیە و ئەو ماددەیە وا دەکات بەردەکە بەهێزتر و قایمتر بێت.

بەردی خەڵات بەردێکی ماگماتیکە (بورکانییە) و لە بناری شاخی بورکانیی نەمرود لە شاری خەڵات دەبینرێت. لە دەرئەنجامی تەقینەوەی بورکانەکان و لە ئەنجامدا پەستان و گازی زیادە، بەرد و گاشەبەردی بورکانی بەجێ دەمێنێ. بەردی خەڵات لە شوێنێک دەردەهێنرێ  کە لە پاش تەقینەوەی بورکان لە چیای نەمروودی ناوچەی بەدلیس، هاتووەتە سەر ڕووی زەوی و دواتر سارد بووەتەوە. لە دەوری ئەو شوێنەش چاڵی ئاگر و گاشەبەردی پێرکۆلاستیک هەیە. (پێرکۆلاستیک: لە پاش تەقینەوەی بورکان، ئەو تۆز و مەوادی بورکانی و گازی زۆر بەتینەی بەرەو خوارەوە ڕەوان دەبێ پێی دەگوترێ پێرکۆلاستیک)

بەردی خەڵات بەردێکی زۆر بەسوودە. بۆ ئاژەڵان لە کاتی پێوەدانیان دەکرێ وەک دەرمان لەسەر شوێنی برینەکە دابنرێ. هەروەها دڵ بەهێز دەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی دڵ بە سڵامەتی بمێنێتەوە. بەردەکانی خەڵات بە ڕەنگی قاوەیی کاڵ، ڕەش، سوور، خۆڵەمێشی یان قاوەیی تۆخ دەست دەکەون هەر بۆیە دەتوانرێت بۆ ڕازاندنەوەی دیواری دەرەوە و هەر جۆرە ڕازاندنەوەیەک بەکاربهێنرێت. گرنگترین تایبەتمەندیی بەردی خەڵات ئەوەیە کە لەبەر ئەوەی بەردێکی نەرمە، دەتوانرێت شێوە و نەخشی لەسەر هەڵبکەندرێت و بۆ نەخشاندن گونجاوە.

تایبەتمەندییەکانی بەردی خەڵات

بەردی خەڵات لە ناویدا بۆشایی هەیە و ڕێگری لە هەڵمژین و دەڵاندنی ئاو دەکات. هەروەها ڕێگری لە گواستنەوەی گەرما و سەرما دەکات و لە هاویندا لە بەرانبەر گەرما و لە زستاندا لە بەرانبەر سەرمادا ڕێگرە.

فەرهەنگی دروستکردنی بەردی خەڵات کە لە لیستی میراتی فەرهەنگیی نامەعنەویی یونسکۆدا تۆمار کراوە و پێویستە بپارێزرێت، ئەمڕۆش لە سایەی دەستی کرێکاران و پسپۆڕانەوە بەردەوامە.

بەردی خەڵات کە بە زەحمەتێکی زۆر لە زەوی دەردەهێنرێ و بە لێهاتوویییەکی زۆرەوە دەبڕدرێ و دواتر لەلایەن وەستای بەئەزموونەوە دەتاشرێ و دەڕازێنرێتەو، لە زستاندا باڵەخانەکان بە گەرمی و لە هاویندا بەفێنکی دەهێڵێتەوە.

بەردەکان بە چەکوچ و پاچ و شۆفڵ لە زەوی دەردەهێنرێن و لە کارگەکاندا پارچە پارچە دەکرێن و دواتر ئەو کەسانەی لەم کارەدا  شارەزان دەیانڕازێننەوە.

"خەیرەددین بەجەریکلی" تەمەن ٤٨ ساڵ، یەکێک لە وەستاکانی دروستکردنی بەردی خەڵاتە کە ١٠ ساڵ لەمەوبەر دەستی بەم کارە کردووە و نەخش و مۆتیڤ لەسەر بەردەکان دەنەخشێنێ.

ئەم وەستایەی دروستکردن و نەخشاندنی بەردی خەڵات دەڵێت: "بەردی خەڵات لە هەموو شوێنێکی وڵات بەکاردێت و بۆ زۆرێک لە وڵاتانی دەرەوەش دەنێردرێت."

خەیرەدین ڕوونی کردەوە، وێنەی بچووک لەسەر بەردەکان دەکێشنەوە و نەخشاندنی هەندێک وێنە لە نیو کاتژمێردا کۆتایی دێت، بەڵام هەندێک وێنە بۆ ماوەی ڕۆژێک کاری بەردەوامی دەوێت. هەروەها دەڵێت: "کام نەخش لەگەڵ بەردەکە بگونجێ، ئێمە دەینەخشێنین. ئێمە لە بەردی خەڵات باربیکیو و شۆمینەش دروست دەکەین. هەروەها کێلی گۆڕیش دروست دەکەین و ئەم بەردانە لە دروستکردنی خانوویشدا بەکاردەهێنرێن. وێنەکان لەسەر بەردەکان دەنەخشێنین و دەیانڕازێنینەوە و شکڵ و شێوەیان دەدەینێ. ئێمە کار لەسەر ئەو بەردانە دەکەین کە لە کانگاکانی بەردەوە دێنە ئێرە".

بەجەریکلی، ئاماژەی بەوەش دا کە ئەوان ئامێر بەکارناهێنن، بە دەست بەردەکان دەڕازێننەوە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "لە ئەڵمانیا باڵەخانەیەکی مێژوویی نۆژەن دەکرێتەوە، ئێمە بەردی خەڵاتمان بۆ ئەو بینایە ناردووە. ئێمە بەردەکان بۆ هەموو تورکیا دەنێرین. 10 ساڵ پێش ئێستا، من بەردەوام دەهاتمە ئەم کارگەیە و سەردانی هاوڕێکانمم دەکرد و سەیری دەستەکانیانم دەکرد. هەر بۆیە حەزم چووە سەر ئەم کارە و دەستم پێ کرد. بە حەزەوە ئەم کارە فێربووم و کارەکەمم خۆش دەوێت. من 5 منداڵم هەیە و بژێوی ژیانم لەم کارە دابین دەکەم. زۆر دڵخۆش بووم کە نەریتی کاری بەرد لە لیستی میراتی کولتووریی نامەعنەویی یونسکۆدا وەرگیرا. سوپاسی ئەو کەسانە دەکەم کە لەم کارەدا دەوریان هەبووە. ئێمە زۆر دڵخۆش بووین. چونکە ئەم پیشەیە نابێت لەبیر بکرێت و لەناو بچێت. ئێمە ئەوەی لە تواناماندایە دەیکەین''.

KURDŞOP
793 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!