"شاماران"، بوونێکی ئەفسانەیی و هێمایەکی بەرزی کوردستان

پێشەوا ڕۆژهەلات

 

لە جیهانی فکر و نووسیندا ، ئەو گەلانە خاوەن قسە و دەست ڕۆیشتوون کە مێژینە و پێشینەی فکری و نووسینیان بگەڕێتەوە سەردەمە کۆنەکان، چون لە ڕێگای ئەو مێژینە و پێشینەیەوە، دەتوانین هەم جۆری مرۆڤەکانیان بناسین و هەم هەموو جۆرە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و ئینسانییەکانیان لە سەردەمە جیاوازەکاندا شی بکەینەوە .

یەکێک لەو ڕێیانەی دەتوانین لەوێوە گەلان باشتر بناسین و  بیر و بۆچوونیان شەن و کەو بکەین، دەست ڕاگەیشتنە بە ئەفسانە و ئوستوورەکانیان. وەکی دەزانین ئەفسانە و ئووستوورەکان، جۆری بیرکردنەوەی سەرەتاییی خەڵکی ئەو وڵاتانەن و ئێمە لەو ڕێگایەوە سەرەتای خۆگرتنی فکری ئەو گەلانە دەخوێنینەوە و هەر لەو دەلاقەیەوە دەتوانین بزانین لە درێژایی  مێژوودا، چ ئاڵوگۆڕیک بەسەر بیریاندا هاتووە. نەتەوەی کورد وەک یەکێک لە نەتەوە زیندووەکان، خاوەن مێژوو و نووسینی تایبەتی خۆی بووە و لە باری چیرۆکە ئەفسانەیی و ئوستورەییەکانەوە نەتەوەیەکی  دەوڵەمەندە. بە دەیان سەرچاوەی بڕوا پێکراو هەن کە بەشیکی زۆر لەو ئەفسانە و ئوستوورانەیانە لە خۆیاندا کۆ کردووەتەوە.

زۆر توێژەر و ڕۆژهەڵاتناسی بیانی بۆ وێنە کەسانی وەک "ئۆسکارمان"، حەولی بە نرخیان داوە بە کۆکردنەوەی چیرۆک و  بەیتەکانی "ناوچەی موکریان"  بە ناوی "توحفەی موزەفەرییە"، "م . ب . ڕۆدینکۆ" بە کۆکردنەوەی حیکایەتە کوردییەکان لە ژێر ناوی "ئەفسانەکانی کوردان" ، "ئۆردیشانە سیسیل" و "سیسیلە سیسیل" بە کۆکردنەوەی چیرۆکی کوردەکانی ئەرمەنستان بە ناوی "ئەفسانەکانی کوردان" لەم بوارەدا هەوڵیان داوە و بەشێک لە چیرۆک و ئەفسانە کوردییەکانیان تۆمار کردووە. دیارە جودا لەوانە  دەیان سەرچاوەی بیانیی دیش دەتوانین  ناوبەرین. بەرهەمی نووسەرانی کوردیش وەک "کانی مرادان"، لە کۆکردنەوەی "سەلاح پایانیانی" و "گەنجی سەربەمۆر" لە کۆکردنەوە و نووسینەوەی" ئەحمەد  بەحری" و زۆر سەرچاوی دیکە، ئەو ڕاستییەیان سەلماندووە کە کورد گەنجینەیەکی  بەنرخی لەو بوارەدا هەیە.

یەکێک لە چیرۆکە زۆر گرینگ و جێگای باسەکان کە لەسەرانسەری کوردستان ناسراوە و دەیان گێڕانەوەی جودای لێ تۆمار کراوە، چیرۆکی گرینگی ئەفسانەیی "شای ماران" یا "شاماران"ە. ئەو چیرۆکە لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا بڕەوی بووە و هەیە و هەر کامیش بە شێوەیەک خوێندنەوەی تایبەتی خۆیان بۆی هەیە، بەڵام شتی هاوبەش لە هەموو چیرۆکەکاندا، جێگە و پێگەی بەرزی شاماران و پیرۆز بوونی ئەو بوونەوەرە نیوە ژن و  نیوە مارەیە.

لە نووسینە جیاوازەکاندا، حەول دراوە چیرۆکی ئەفسانەیی شاماران، ڕیشە و ڕەچەڵەکی جودا جودای بۆ ببینرێتەوە، بەڵام هیچ کام لە نووسینەکان نەیانتوانیوە نکۆڵی لە ڕیشەی سەرەکیی ئەو ئەفسانەیە بکەن. لە ڕاستیدا ئەگەریش وێنە یان نومادی شای ماران لە نێو هێندێک لە گەلانی دراوسێی کورددا تەنیا وەک وێنە دیترا بێ، جگە لە کارتێکەریی کولتووری کورد لەسەر ئەوان، ناتوانێ هۆکارێکی دیکەی هەبێ. وەکی ئوستوورەناسان  باس دەکەن، ڕیشە و ڕەچەڵەکی ئەو ئەفسانەیە، هەرێمەکانی باکووری کوردستان و ئەنەدۆڵ، باشووری کوردستان و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. واتە کوردستانەکانی ژێر دەستی ئێران و عێڕاق و تورکیا و سووریا. دیارە ئەو چیرۆکە لە ڕێگای کوردەکانەوە دزەی کردووەتە ناو نەتەوە دراوسێکانیشەوە، بەڵام هەم خودی چیرۆکەکە و هەم فەلسەفەی پشت ئەو چیرۆکە، لە کوردستاندا پشتاوپشت پارێزراوە و تەنانەت تا چەندین ساڵ لەمەو بەر هیچ ماڵە کوردێک نەبوو وێنەیەکی شامارانی بە دیوارە هەڵنەواسرابێ.

وێنەی شاماران، جودا لەوەی بە شێوەی هێڵکاری و نەققاشی لە کوردستان برەوی بوو، بە شیوەی گوڵدۆزی و لە کاردەستییەکانی وەک تابڵۆ فەڕش و پەردە و شتی لەو بابەتەشدا، لە سەرانسەری کوردستان دەدیترا و ساز دەکرا. ئەو ئەفسانەیە لای کوردان ڕەمز و هێمای زاوزێ و بەرەکەت و زانایییە. چون خودی شای ماران پاش ئەوەی دەکوژرێ هەر لە جەستەی ئەوەوە دیسان کچێک لە ڕەنگ و شێوەی خۆی لەدایک دەبێتەوە و هەمیسان ژیانی سەر لەنوی دەست پێ دەکاتەوە. واتە ڕۆژی مەرگ و ژیانی ئەو  بوونەوەرە نیوە ژن و نیوە مارە یەک ڕۆژە. هەر ئەو ڕۆژەی کە دەمرێ لە دایک دەبێتەوە و ژیان لەودا کۆتایی نایە و بە شێوەیەکی بەردەوام لە زاوزێدایە.

ئەو بەشە لە چیرۆکەکە وەبیر چیرۆکی مەرگ و لەدایک بوونەوەی "دیۆنووسوس"مان دەخاتەوە. وەک دەزانین دیۆنۆسووس لە ئوستوورە یۆنانیەکاندا، خودای مەستی و شەراب و ژیانە، ئەو کاتێک لە دایک دەبێ، چون سەر بە ڕەچەڵەکی خوداکانە، لە لایەن "تیتانەکان"ەوە کە غەیرە خودان، دەدزرێ و لەت و کوت دەکرێ. دواتر "خوا ژن"ێک لەت و کوتەکانی هەڵدەگرێتەوە و پێستی ڕانی خۆی دادەبڕێ و ئەو لەت و کوتانە لەوێدا دەچێنێ و پاش ساڵێک هەر لەو لەت و کوتانە دیسان منداڵێک لەدایک دەبێتەوە، کە ناوی دەنێن دیۆنووسووس، واتە  دیسان لە دایک  بۆوە. دیۆنووسووس ساڵرۆژی مەرگ و لەدایک بوونی دەبێتە یەک و لای یۆنانییەکان ئەو ڕێکەوتە ڕێکەوتێکی پیرۆز  بووە. ئەو بەشەی ئەفسانەی شامارانیش کە پاش مردن و کوژرانی لە لایەن مرۆڤەکانەوە دیسان هەر لەسەر لەشی ئەو کچێکی نیوە ژن و نیوە مار لەدایک دەبێتەوە وێکچوونیکی سەیری لەگەڵ ئەو  ئوستوورەیە هەیە. سەیر  لەوەدایە لە هەردووکیشیاندا نومادەکە نومادی ژیان و ژیانەوە و دیسان لەدایک بوونەوەیە.

لە چیرۆکەکەدا شاماران لە دونیای ژێر زەویدا دەژی و ڕۆژێک کەسێک  بە ناوی "جامیساب" کە بۆ دۆزینەوەی هەنگوین دەچێتە چاڵێکەوە، چاوی پێی دەکەوێ و ئاشقی دەبێ و لە ئاکامدا زەماوەندی لەگەڵ دەکا. پاشان کە دەیهەوێ بگەڕێتەوە سەر زەوی، شاماران پێی دەڵێ گەڕانەوەی ئەو بۆ دونیای مرۆڤەکان بە هۆکاری ئەوەی ئەوان بەدعەهد و بێ بەڵینن، مەترسیی  بەدواوەیە. جامیساب بەڵێن دەدا ئەو ڕازە نەدرکێنێ و لە ئاکامدا دوای گەڕانەوەی  بۆ دونیای مرۆڤەکان ڕازەکە دەدرکێنێ، ئەوە دەبێتە هۆی کوژران و لەناو چوونی شاماران.

ئەگەرچی جامیساب بەڵێنی خۆی دەشکێنێ،  بەڵام پاش مەرگیش شاماران سێ ڕێگای پێشان دەدا کە ئەو ڕێگایانە یەکیان دەبێتە هۆی ژیانی خۆش و لەشساغیی مرۆڤەکان، چون ئەو ڕێگای شەفا و چاک بوونەوەی نەخۆشەکان فێری جامیساب دەکا. چێرۆکی شای ماران هەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن خەڵکەوە گرینگیی زۆری پێ دراوە و بەربڵاویی وێنەکانی شاماران ئەو ڕاستییە نیشان دەدا و هەم لە باکووری کوردستان جێگە و پێگەی سەرەکیی هەیە. تەنانەت خەڵکی شاری "ماردین" لەسەر ئەو بڕوایەن  شاماران لە قەڵایەکی سەر بە سەدە ناوەڕاستەکان لە پازدە کیلۆمیتریی باکووری شاری  "تەڕتووس" ژیاوە. ئەو قەڵایە تا ئێستاش ئاسەواری هەر ماوە و لە گەڕەکی "میسیس"ی شاری تەڕتووسە. ئێستا لە یەکێک لە مەیدانەکانی ئەو شارە پەیکەرەیەکی شاماران داندراوە و هەر لەو گەڕەکە حەمامێکی لێیە کە دیوارەکانی پەڵەی سووری وەک پووڵەکەی ماری پێوەیە و خەڵک ی پێیا ن وایە؛ ئەوە هەمان حەمامە کە شای مارانی لێ کووژراوە و ئەو پوولەکانەش پووڵکەی پێستی ئەون و بەوێوە  نووساون.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، لەبەشی موکریان بە گشتی، خەڵک شاماران و نیشانەکانی دەناسن وەکی پێشتر کوترا، لەهەر ماڵە کوردێک هێما و نیشانە و وێنەیەکی شاماران، تا دەیەیەک لەمەوبەر هەبوو و هەیە، لە ناوچەی "کرماشان"یش ساڵانە ئاشی نەزری بۆ ئەو بوونەوەرە پیرۆزە ساز دەکرێ و خەڵک پێیان وایە شای ماران فەرمانڕەوای مار و هەموو ئەو بوونەوەرە گەزەندانەیە کە لە دونیادا هەن و ئەوان بۆ پاریزگاری لەخۆیان نەزری بۆ دەکەن و ئەو ئاشەش بە "داکوڵانەی شاماران" ناسراوە.

KURDŞOP
945 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!