ڕەشک، پێڵاوی زستانەی کوردان

مامۆستا سەردار

 

کوردشۆپ - لە جوگرافیای میزۆپۆتامیادا کورد و کوردستان لە چوار وەرزی ساڵدا بەپێی پێویستیی هەر وەرزێک پێداویستیی ژیانی خۆیان دابین دەکەن. زۆربەی پێداویستییەکانی ژیانی کوردان لەسەر بنەمای ئاژەڵ و کشتوکاڵ و بە گشتی ژیانی سروشتییە. ئەمڕۆ باسی شتێک دەکەین کە هەمیشە لە کولتوری کوردیدا ئامادەیە، بەڵام لەم سەردەمەدا تا ڕادەیەک مەترسیی لەناوچوونی لەسەرە. ڕەنگە زۆر شت هەبن کە خەڵک بتوانن باسی بکەن، بەڵام ئێمە باسی "ڕەشک" دەکەین (کە جۆرێک پێڵاوە کە لە پەشم و مووی بزن دەچنرێ).

ڕەشک: لە وەرزی پاییزدا، چیمەن دەست دەکات بە زەردبوونەوە و گەڵای دارەکان دەوەرن، ئەوە هەواڵی زستانە کە خەڵک دوایین ئامادەکارییەکانیان بۆ وەرزی زستان بکەن. کاتێک ئەم ئامادەکاریانە دەکرێن، پەزەکانیش دەچنە ناو ئاغەڵەوە. لەو بارودۆخەدا کورد خاوەنی گەلێک سەرچاوەی سروشتییە کە لە هەموو کارێکدا بە ڕێکوپێکی سوودی لێ وەردەگرێت. نموونە: بەخێوکردنی پەز پێویستی بە سەبر و شارەزایی و ماندووبوونێکی زۆرە هەیە.

دوو جۆر پەز هەیە، پەزی سپی (مەڕ) و پەزی ڕەش (بزن). بێگومان هەردوو جۆری پەز نەک تەنیا گۆشتەکەیان بەڵکوو هەرچی هەیانە بەسوودە. لە ناو پەزە ڕەشەکان، بزنە ئەستێورەکان و نێرییە خەسێنراوەکان، بۆ زستان سەریان دەبڕدرێ و گۆشتیان دەکرێتە قاورمە یا قلیە، پێستیشیان دەکرێتە مەشکە و موویان دەکرێتە ڕەشک. ڕەشک پێڵاوی زستانەی کوردانە. جوگرافیای کوردستان لە شوێنە بەرزایییەکان بە زستانان دەبێتە شوێنێکی دژوار بۆ ژیان و ڕەشک یەکێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانە کە تایبەت بەم شوێنانە دروست کراوە.

چۆنێتیی دروستکردنی ڕەشک: ئافرەتان کۆڵ و باری گەورە لە پێستی ئەو پەزانە کۆ دەکەنەوە. پێستەکان بە دەست دادەماڵن و مووی نێری و بزنەکان لێدەکەنەوە. دواتر شانەی تایبەت کە پێی دەگوترێ "شە" لەبەر دەمیان دادەنێن. یەک بە یەک مووەکان بە ناو شانەکەدا دەرباز دەکەن. پاشان کۆیان دەکەنەوە و دەیڕێستن و دەیکەنە دەزوو. دواتر بە شووژنێک ڕیز بە ڕیز دەیچنن. پاش چنینی ڕەشک، "شڕوخوە"کان (بەنی بەستنی ڕەشکەکان) بە ناو گوڕەکاندا (گوڕ ئەو کونەی ڕەشکە کە بۆ بەستنی شڕوخوەکان و توند کردنی ڕەشک ساز دەکرێ) تێدەپەڕێنن. کاتێک مرۆڤ ئەو پێڵاو دەکاتە پێی خۆی، لەبەر ئەو تایبەتمەندییانەی هەیەتی، قاچەکانی نە سڕ دەبن و نە تەڕیش دەبن. ئەوەش لەبەر ئەو تایبەتمەندییەیە کە مووی بزن هەیەتی و کاتێک مووی ڕەشک تەڕ دەبێ، توند دەبێ و وێک دێتەوە و ئاو وەرناگرێ و تەڕ نابێ.

بە مووی پەزی ڕەش نەک تەنها پێڵاوی ڕەشک، بەڵکوو ڕەشماڵ و خێمەش دروست دەکرێ. ئەمەش دەریدەخات کە کورد لە هەموو ڕوویەکەوە شارەزایی خۆی لەسەر سروشت بەکاردێنێ و سوودی لێ وەردەگرێت. چونکە کورد گەلێکی دوور لە سروشت نییە، بەڵکوو کوردان بە خودی سروشت دەژین.

KURDŞOP
751 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!