جلوبەرگی ژنانی موکریان - بەشی 3

 

جۆرەکانی کراس له مەڵبەندی موکریان:

لەیلا نوورانی

 

کراسی ئاگرباران        

کراسێکە لە جۆرە پارچەیەکی بەوەزن و ناسک کە تەختەکەی وەک سانتین وایە گوڵی ئاوریشمی له ڕەنگی تەختەکه و له خۆی تێدایه. سوورەکەی تایبەتی بووک بووە.

کراسێکه تەختی  لە تۆڕێکی وردی وەک "هیچ"ه کە تەواوی به دەڕژێی دانه­دانه داپۆشراوه؛ ڕەنگی دەڕژێکانی به عام زەرد یان سپییه. بۆ تارا و دەسماڵیش دەبێ.

کراسی ئافتانیشان/ کراسی گوڵ مانگ  

کراسێکە تەختی لە پارچەیەکی له حەریر ئەستوورتر، گوڵەکانی به وێنەی مانگن و به سیم و پووڵەکه لێی چندراوه. تایبەتی جلەبووک بووه.

کراسی ئاڵقە / قامک پڕلەئەنگوستیلە  

کراسێکە تەخنی لە پارچەیەکی له حەریر ناسک­تر و ئاڵقەی چندراوی تێدایە. ئاڵقەکان بەقەد ئاڵقەی دەستی بووکن و لەپەنای یەک­ترین، یەکیان دەورەی به نەخ گیراوە و ئەوی­تریان بە زەڕییە. ڕەنگی ئاڵقەکان لە تەختی کراسەکە جیاوازە. تایبەتی جلەبووک بووه.

 

کراسی ئاوریشم

کراسێکە لە پارچەیەکی تەخت حەریر، زۆرتری به ئاوریشم وێنەی جۆراوجۆری لەسەر چندراوه و شوێنشوینی باریکی زەڕیی پێدا هاتووه. بۆ جحێڵ و پیر دەکار کراوه.

 

کراسی ئەبروباد         

کراسێکە لە پارچەیەکی تەخت حەریر، دوو یان سێ ڕەنگی پەڵەپەڵه­ی جیاوازی تێدایه. جۆری باوی به مەلیله و مرواری و پووڵەکه و سەنگ ڕازاوەتەوه و تایبەتی جلەبووکه.

 

کراسی ئەتڵەس

کراسێکە لە پارچەیەکی تەخت ئەستوور، گوڵی زەڕی و ئاوریشمی لەسەره. هێندێک شەق ڕادەوەستێ و ڕەنگی جۆراوجۆری هەیە و پێشتر تایبەتی جلەبووک بووه.

کراسی ئەشک

کراسێکە لە پارچەیەکی حەریری زۆر ناسک و لەخت، گوڵێکی وردی هێندێک درێژووکە یان خڕی - هەر لە ڕەنگی تەختەکە - له سەره و ئەولا و ئەولای گوڵەکه دەڵێی دەرکێشراوه و به تەختەکەیەوه نەنووساوه. گوڵەکەی ورد و درشتی هەیه و نەخ یان زەڕیی یان تێکەڵاوێک لەو دووانەیه. ڕەنگی جۆراوجۆری هەیه و پیروجحێڵ کەڵکی لێ وەردەگرن. ئێستاکەش باوه و جۆرێکی هەیه سەری گوڵەکەی سەنگی لەسەره و پارچەکەی بەوەزنتره.

 ئەم پارچەیە بۆ پشتێندی پیاوان و چارشێویش کەڵکی لێ وەرگیراوه.

کراسی ئەمیرغازی     

«هاتەخوار لە میرقازی / بە کراسی ئەمیرغازی / سەد سۆفی پێنسەت قازی / پاکی چوونە پێشوازی / تەگبیریان لە نوقڵێ کرد / مەمکی بگرن بە گازی»

 

کراسی ئیسڕائیل

کراسێکە تەختی لە پارچەیەکی لووسی بروقەداری هێندێک زوور، کە گوڵی له خۆی له ڕەنگی تر تێدایە؛ نایلێکس. ئەو پارچەیە بۆ کەواش دەکار کراوە.

 

کراسی بشۆربپۆش/ کراسی پووش

کراسێکە تەختی لە پارچەیەکی ناسک و ساکار و زۆر سووک و هەموو جۆره ڕەنگێکی هەبووه.  جۆری ساکار و گوڵداری هەیه. ئەوانەی دەستنەڕۆیو بوون دەیانکرده کراس، بەهۆی تەنک بوون، زۆر زوو ئیشک دەبۆوه هەر بۆیە پێیان­ دەگوت: بشۆربپۆش. ئەم کراسە کەم­بایەخە ڕەنگ دەداتەوە، ئایشێ خانمی ئەحمەدیان دەیکووت: بە بووکی کراسەکەم پووشی سوور بوو، چارەکەکەم سپی بوو، تا گەیشتمە جێ، تەواوی ڕەنگی کراسەکه له چارەکەکەم هاڵابوو.

ئێستاکەش هەر باوه بەڵام ڕەنگ ناداتەوه و زۆرتر بۆ بن کراس و ئاواڵ کراس کەڵکی لێ وەردەگیرێ.

کراسی پووڵەک­چەسپی

1) کراسێکە تەختی لە پارچەیەکی لە جۆری چیمەن بەڵام زۆر ناسکتر لە ئەو. پووڵەکەکانی به چەسپ به دوای یەکدا پێوەنووساون و له دیوی جوانێی تەختی کراسەکه دیاره. بۆ جلەبووک بووه. ئەم پارچەیە بۆ سیخمه و کەواش کەڵکی لێ وەرگیراوه.

2) کراسێکە لە پارچەیەکی مەخمەری ناسک کە دەنک­دەنک پووڵەکەی چکۆڵەی له ڕەنگی دی لەسەر چەسپ کراوه.

 

کراسی پووڵەک­ماهی            

کراسێکە تەختی لە پارچەیەکی لە جۆری چیمەن بەڵام زۆر ناسکتر لە ئەو و به وەزن سووکه. سەراسەر پووڵەکەی تەختی حەوت ڕەنگی تەنکی لێ دراوه و دیوی جوانێی، وەک ماسی، به هەر بارەیدا ڕەنگێک دەنوێنێ و ڕەنگەکانی به عام کاڵ بوون. بۆ سیخمه کەواش کەڵکی لێ وەرگیراوه و تایبەتی جلەبووک بووه.

کراسی پووڵەکەدۆزی           

کراسێکە لە پارچەیەکی تۆڕی ناسک، پووڵەکەی لێ چندراوه و دەکرێ به دەستیش لێی­بندرێ. ڕەنگی جۆراوجۆری هەبووه و پووڵەکەکانی له ڕەنگی تەختەکەی یا جیاواز بوون. بۆ جلەبووک و کەوا و سیخمەش دەکار کراوە.

کراسێکە لە پارچەیەکی تۆڕی کون­وردی نەرم یان حەریر کە به شێوەی جۆراوجۆر گوڵی له پووڵەکە تێدایه، گوڵەکان یان له تەختی کراسەکه یان جیاوازن. تایبەتی جحێڵان بووە. ئەم پارچەیە بۆ سیخمه کەواش کەڵکی لێ وەرگیراوە. ئێستاکەش هەر باوه.

 

KURDŞOP
1066 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!