کەزی بڕین لە کەلتووری کوردیدا

شادی

کەزی بڕین یەکێکە لەو ڕێوڕەسمە ماتەمینیانەی کە کورد وەک کولتوورێک پاراستوویەتی. بە تایبەت ئەم کارە لەلایەن ژنانەوە ئەنجام دەدرێت. بۆ نمونە کاتێک ژنێک هاوبەشی ژیانی لەدەست دەدات، کەزیی خۆی دەبڕێت و لەسەر بەردی گۆڕی هاوژینەکەی هەڵیدەواسێت. ئەمەش وەک نیشانەی دڵسووتاویی خۆی بۆ هاوژینەکەی نیشان دەدات و ئیدی لە درێژەی ژیانیدا لەگەڵ کەسێکی دیکە ناژیی یاخود ژیانی هاوبەش لەگەڵ کەسێکی دیکە پێک ناهێنێ. هەروەها بەو مانایەیە کە جوانی و مێینەیی خۆی لە خاکدا دەنێژێ.

هەروەها له ناو کورددا کاتێک کەسێکی بەنرخ گیانی له ده ست دەدا، بنەماڵه ی ئەو کەسه دەسماڵێکی زەرد به قۆڵی جلەکەیەوە ده بەستن دەیخەنە سەر پشتی ئەسپێک که پێی دەوترێت کۆتەڵ و کچ و ژنه کانی ئەو بنەماڵە تازیەبارە، کەزیەکانیان دەبڕن و دەیانخەنە سەر ئەو جلانە و بەم شێوەیە تازیابەر بوونی خۆیان نیشان دەدەن. لە لایەکی ترەوە ژنێک کە ماتەمینی دەگێڕێت پێی دەوترێت "پۆرکوڕ". جگە لەوەش وشەی "پۆرکوڕ"  وەک "نەفرین"یش بەکار دێ. کاتێک کەسوکار و خزمی مردووەکە دێنە ناو پرسەکە، خێزانەکە بە ئەسپەکەوە کە جلوبەرگی مردووەکەی پێدا هەڵواسراوە، دەچنە پێشوازی و شینگێڕی بۆ مردووەکەیان دەکەن.

لە هەمان کاتدا کەزی بڕینی کچان و ژنان لە هێندێک بۆنەی دیکەشدا بەڕێوە دەچێ. بۆ نموونە کاتێک کەسێک دەمرێت یان کۆچی دوایی دەکات، پاڵەوانێک لە شەڕدا دەکوژرێت، ئازیزێکی خێزانەکە یا گەورەیەکی خێڵەکە ژیانی لەدەست دەدات. بە گشتی لە کەلتووری کوردیدا، کەزی بڕین بە مەبەستی تازیەباری بۆ کەسانی بەڕێز و بەنرخ و مەزن بەڕێوە چووە.

لە سەردەمی ئێمەدا ئەم کەلتوورە زۆر کەم ماوە بە شێوەیەک کە لە جێی کەزی بڕین کردوویانەتە لەبەرکردنی جلی ڕەش بۆ ماوەی چل ڕۆژ بۆ ئەوەی خەمباری و دڵسووتاویی خۆیان پێشان بدەن. بەڵام لە مێژووی ئەم دواییەی نەتەوەی کوردیشدا بۆ نموونە لە کۆمەڵکوژییەکەی کوردانی ئێزدی لە پاش کارەساتی شنگال، زۆر ژنی ئێزدی کەزییەکانی خۆیان بڕی لەسەر کێل و بەردی گۆڕی پیاوە مردووەکانیاندا هەڵیاندەواسی.

 

KURDŞOP
762 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!