تایبەتمەندی و شێوازی ژیانی مرۆڤە سەرکەوتووەکان

ڕۆژان سۆفیزادە

 

مرۆڤە سەرکەوتووەکان تایبەتمەندی و شێوازی ژیانی تایبەتی خۆیان هەیە و لە ڕاستیدا ئەم بابەتە یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی سەرکەوتنی ئەوانە. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی مرۆڤە سەرکەوتووەکان، پێشوەچوونی ئەوانە بەرەو گەشە و پێگەیشتن. مرۆڤە سەرکەوتووەکان زیرەکییەکی تایبەتیان هەیە تاکوو لە دوای ئەزموونێکی ناسەرکەوتوو بێ هیوا نەبن و بۆ گەیشتن بە ئامانجی خۆیان بۆ ڕێگایەکی تر بگەڕێن. یەکێک لە گرینگترین کۆدەکانی سەرکەوتنی مرۆڤە سەرکەوتووەکان لە ژیانیاندا ئەوەیە کە نەتەنیا هەڵەکانی ڕابردووی خۆیان دووپات ناکەنەوە بەڵکوو لەو هەڵەگەلە لە ڕاستای سەرکەوتن لە ژیان، کار و پیشە یان پەیوەندیی خۆیان کەڵک وەردەگرن. بە سەرنجدان بەم تایبەتمەندییانەی مرۆڤە سەرکەوتووەکان دەتوانین شێوازی ژیانی خۆمان دیاری بکەین و بەرەو پێشکەوتن و سەرکەوتن هەنگاو هەڵبگرین.

هەستانەوەی دووبارە لە دوای هەر کەوتنێک، ئەگەری هەیە کارێکی زۆر ئەستەم بێت، بەڵام ناشۆ نییە. لە ڕێگای هاتنەدیی ئاواتەکانتان هەنگاو هەڵبگرن و ترسێکتان لە کۆسپەکان نەبێت، سەرنج بدەن کە دەبێ لخیزیی تایبەتی خۆتان هەبێت و ئەگەر ڕووداوەکان بەپێچەوانەی خواستی ئێوە بوو و چارەیەکتان نەبوو، ڕێگاکەتان بگۆڕن. دۆخی خۆتان هەڵسەنگێنن تاکوو هەڵەکانی ڕابردوو دووپات نەکەنەوە. نیگەرانی دواکەوتنەکان نەبن و هەوڵ بدەن بەجێ نەمێنن.

 

مرۆڤە سەرکەوتووەکان هەڵەکانی ڕابردوو دووپات ناکەنەوە

مرۆڤە سەرکەوتووەکان لە کۆتاییی هەر شکستێکدا، دۆخی خۆیان بەوردی هەڵدەسەنگێنن؛ هەموو دووبەختی، فاکتەرەکان یان هۆکارەکان لە شکستهێنانیان دەدۆزنەوە و لە هەڵەکانی خۆیان وانە وەردەگرن. دوای وەرگرتنی ئامادەییی پێویست و گۆڕان لە دۆخی خۆیاندا، دووبارە دەست پێ دەکەنەوە.

مرۆڤە سەرکەوتووەکان لە دوای دڵنیابوون لە شیاویی خۆیان، دەستبەکار دەبن

ئەوە ڕاستە کە مرۆڤە سەرکەوتووەکان بە دوای ئاواتەکانی خۆیانەوەن، بەڵام بەر لەوەی دەستبەکار بن، زانیاریی پێویست بەدەست دەهێنن و بە ئاگایی، ئیرادە و هیواوە دێنە مەیدانەوە. بەر لە دەستپێکی هەر کارێک لە خۆیان دەپرسن کە بۆچی ئەم کارە ئەنجام دەدەن؟ ئایا دۆخی هەنووکەیی من بۆ ئەم کارە گونجاوە؟ ئایا زانیاریی پێویست بۆ ئەنجامدانی ئەم کارەم هەیە؟ ئەگەر وڵامێکی باش بۆ ئەم پرسیارانە نەدۆزنەوە، بە دوای کێشەکەدا دەگەڕێن و تاکوو چارەسەری نەکەن دەستبەکار نابن.

مرۆڤە سەرکەوتووەکان هەوڵ نادەن هەمووان ڕازی ڕابگرن

ڕازیڕاگرتنی هەمووان ناشۆیە، بۆیە ئێوە نابێ کاتی خۆتان بۆ ڕازیڕاگرتنی هەموو کەسێک بەفیڕۆ بدەن، بەڵکوو دەبێ دەرفەت بدەن تاکوو هەموو شت وردەوردە ئاشکرا ببێت. مرۆڤە سەرکەوتووەکان هەوڵ دەدەن بە هێزەوە لە ڕاستای گەیشتن بە ئامانجی خۆیان هەنگاو هەڵبگرن و هەوڵ نادەن کە هەمووان ڕازی ڕابگرن.

مرۆڤە سەرکەوتووەکان بەرژەوەندیی درێژماوە ناکەنە قوربانیی خۆشییە کورتماوەکان

مرۆڤە سەرکەوتووەکان دەزانن کە بۆ گەیشتن بە ئامانج دەبێ سەختیی زۆر تەحەمول بکەن و کاتێکی زۆری بۆ دابنێن، بۆیە لە بەرامبەر دۆخی ئەستەمدا کۆڵ نادەن و قەبووڵ دەکەن کە گەیشتن بە ئامانج پێویستی بەوەیە کە لە ناوچەی ئەمنی خۆیان یان ژیانی ڕاحەتی خۆیان بێنە دەرەوە و تواناییی خۆیان ببەنە سەرەوە، چونکە بەرژەوەندیی درێژماوە زۆر گرینگترە.

 

مرۆڤە سەرکەوتووەکان بێ هیوا نابن و دەستهەڵگری هەوڵ و تێکۆشان نابن

مرۆڤە سەرکەوتووەکان لەهەمبەر شکستەکان و ڕووداوە نەخوازراوەکاندا بێ هیوا نابن، چونکە باوەڕیان بە ئامانجی خۆیان هەیە، بۆیە هەموو هەوراز و نشێوێک لە ڕێگای خۆیاندا تەحەمول دەکەن و لە ئاکامدا دەگەنە ئامانجی دڵخوازی خۆیان. ئەوان بە ئیرادەیەکی ماندوویینەناسانە درێژە بە کاری خۆیان دەدەن و باوەڕیان وایە کە بێ ورەیی دوژمنی سەرەکیی ئەوانە.

مرۆڤە سەرکەوتووەکان ترسیان لە شکست و دۆڕان نییە

یەکێک لە گەورەترین جیاوازییەکانی نێوان مرۆڤە سەرکەوتووەکان و خەڵکانی تر ئەوەیە کە لە هەموو پرسەکانی ژیانیاندا، ڕۆڵ و کوالێتیی هەڵوێستی خۆیان هەڵدەسەنگێنن، تەنانەت دوای شکستهێنان بە دوای هەڵەکاردا ناگەڕێن، بەڵکوو بە دوای دۆزینەوەی هۆکاری شکستهێنانن و بۆ ڕێگایەک دەگەڕێن کە قەرەبووی بکەنەوە، بەم هۆکارەیە کە لە شکست و پێکهاتنی دۆخی قەیراناوی ناترسن.

 

مرۆڤە سەرکەوتووەکان بەباشی سەرنج بە دۆخی دەروونیی خۆیان دەدەن

لە تایبەتمەندییەکانی مرۆڤە سەرکەوتووەکان ئەوەیە کە لە دەروونی خۆیاندا هەست بە خۆشحاڵی و بەختەوەری دەکەن، تەنانەت لە کاتێکدا کە ژیانیان بە شێوەیەکی تر بەرەوپێش بچێت. ئەوان بەباشی دەزانن کە حاڵەتی ڕۆحی و شێوەی بیرکردنەوەیان وەکوو باوەڕبەخۆبوونیان، شێوە بە سەرکەوتنیان دەدات و ئەوان لە دۆخی خراپی ژیان دێنێتە دەرەوە.

KURDŞOP
363 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!