جۆرەکانی توندوتیژیی خێزانی

 

- ڕۆژان سۆفیزادە

 

توندوتیژیی خێزانی بە واتای هەڵسوکەوتی توند، نەشیاو و باڵادەستانەی ئەندامێکی بنەماڵەیە دژی ئەندام یان ئەندامەکانی دیکەی هەمان بنەماڵە. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی کۆمەڵناسی، ئامانجی سەرەکیی توندوتیژیی خێزانی، منداڵانی کەم تەمەنن. دووەمین جۆری توندوتیژیی باو لە بنەماڵەدا، توندوتیژی دژی ژنانە.

لە ئاستی جیهانیدا، لە هەر سێ ژن ژنێک لە درێژایی ژیانیدا توندوتیژیی جەستەیی یان جینسی لەلایەن هاوژینیەوە یان لەلایەن دەستدرێژکەرێکەوە ئەزموون دەکات. پیاوانیش لەلایەن هاوسەرانیانەوە توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت. بەپێی ئامارێک کە لە بەریتانیا بڵاو کراوەتەوە، لە هەر سێ قوربانیی توندوتیژیی خێزانی، کەسێکیان پیاوە.

جۆرەکانی توندوتیژیی خێزانی

- توندوتیژیی جەستەیی، وەک: لێدان، بڕینی ئەندامێکی لەش و کوشتن.

- توندوتیژیی جینسی، وەک: دەستدرێژیی جینسی، کەڵکاوەژۆی جینسی و لەشفرۆشیی زۆرەملێ.

- توندوتیژیی دەروونی، وەک: سووکایەتیکردن، بێڕێزیکردن، هەڕەشەکردن و گومان لێ کردن.

- بەرتەسککردنەوە، وەک: لەنێوبردنی سەربەخۆییی ماڵی و دەستبەسەرداگرتنی سامان.

لەم نێوانەدا باوترین جۆری توندوتیژی لەنێوان جۆرەکانی توندوتیژیی خێزانی، توندوتیژیی دەروونییە.

توندوتیژی دژی منداڵان

توندوتیژیی جینسی و جەستەیی دژ بە منداڵان لەنێو بنەماڵەدا، بیر و هەوڵدان بۆ خۆکوژی لە منداڵاندا زۆرتر دەکات. ئەو منداڵانە لە بواری هەڵسوکەوت و هەست و سۆزەوە کێشەیان بۆ دروست دەبێت و لە قۆناغەکانی خوێندندا شکست دەخۆن کە زۆرتریان بە وازهێنان لە خوێندن کۆتاییان پێ دێت.

لێکۆڵینەوەکان پیشانیان داوە کە ئەزموونکردنی توندوتیژی لە منداڵان و مێرمنداڵاندا، خەساری قووڵی جەستەیی، سۆزیاری و کۆمەڵایەتیی لەگەڵە و بەتوندی تەندروستیی ڕەفتاری و سۆزیاری، تواناکانی ناسین و ڕوانگەی منداڵان دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. ئەم منداڵانە بە هەڵسەنگاندن لەگەڵ ئەو منداڵانەی کە لە بنەماڵەگەلێکی تەندروست و بێ توندوتیژی پێگەیشتوون، تەندروستیی ڕەفتاری و سۆزیاریی کەمتریان هەیە.

منداڵانێک کە لەنێو بنەماڵەدا توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، بەردەوام تووشی زیانی سۆزیاری دەبن و ئەمە کاریگەریی نەرێنی لەسەر هەموو ژیانیان دادەنێت. ئەم منداڵانە بەردەوام سترێسیان هەیە و توانای تەرکیزکردنیان لەدەست دەدەن و تووشی بێ خەوی، بێ ئیشتیایی و دواکەوتن لە پێگەیشتن دەبن.

منداڵێک کە شاهیدی توندوتیژیی دایک و باوکی خۆی بووە، بە ئەگەری زۆرەوە لە ژیانی هاوبەشیی خۆی لە داهاتوودا، ئەم توندوتیژییە بەرهەم دەهێنێتەوە. هەروەها لەو منداڵانەدا خەمۆکی، خوگری بە ماددەی سڕکەر و ئەلکول باوترە. منداڵانێک کە شاهیدی توندوتیژیی جەستەیی و جینسین، ئەگەری هەیە بۆ خۆیشیان ببنە قوربانیی ئەو جۆرە لە توندوتیژی.

توندوتیژی دژی ژنان

کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، توندوتیژی دژی ژنان وەها پێناسە دەکات: توندوتیژی دژی ژنان هەر چەشنە کردەوەیەکی توندوتیژانەیە لەسەر بنەمای ڕەگەز کە بتوانێت لە بواری جەستەیی، ڕەگەزی یان دەروونییەوە زیان بە ژنان بگەیەنێت؛ ئەم کردەوانە کارگەلێکی وەکوو داسەپاندنی زۆرەملێی باوەڕ یان کردەوەیەک بەسەر ژنان و وەرگرتنی سەرەڕۆیانەی ئازادی چ لە کۆمەڵگە و چ لە ژیانی تاکەکەسی، لەخۆ دەگرێت.

توندوتیژییەکانی دژ بە ئافرەتان یەکێک لە گرینگترین و دیارترین کێشە و دیاردەکانە کە لە هەموو کۆمەڵگەکاندا ڕوو دەدات. ڕەنگە هۆکارگەلێکی وەکوو دێموکراتیکبوونی کۆمەڵگە و باوەڕمەندبوونی کۆمەڵگە بە یەکسانیی ڕەگەزی، هەروەها باوەڕمەندبوون بە یاساکان لەم بوارەدا توانیبێتیان هەتا ڕادەیەکی زۆر ڕێژەی توندوتیژییەکان کەم بکەنەوە، بەڵام دیسانیش ئەم پرسە یەکێک لە پرسە چارەسەرنەکراوەکانە و لە هەموو کۆمەڵگەکاندا بە ڕێژەی کەم و زۆر ڕوو دەدات.

ژنان لە بەرامبەر توندوتیژیدا چی بکەن؟

- ئەگەر بەجێهێشتنی بەپەلەی خانوو پێویستە، پێشتر لەوە دراوسێ، هاوڕێ، خزم، هاوکار یان پەناگای باوەڕپێکراوی خۆتان دیاری بکەن.

- بۆ ئەوەی کە چۆن بە ئاسوودەییەوە خانووی خۆتان بەجێ بهێڵن و بگەنە شوێنی مەبەست، بۆ نموونە لە بواری هاتوچۆوە، بەرنامەیەکتان هەبێت.

- چەند کەلوپەلی پێویست وەک، کارتی پێناسە، مۆبایل، پارە، دەرمان و جلوبەرگ لەبەر دەستاندا بێت و لیستێک لەو ژمارە تەلەفۆنانەی کە بۆ دۆخی بەپەلە پێویستن، هەمیشە لەلاتان بێت.

- لە ڕێگای مۆبایل یان هەر ئامرازێکی پەیوەندییەوە، لەگەڵ کەسانی نزیک لە خۆتان لە پەیوەندیدا بن و لەوان پشتیوانی وەربگرن.

- هەوڵ بدەن کاری ڕۆژانەی خۆتان بپارێزن و بۆ چالاکیی جەستەیی و خەوتن کات دابنێن.

- بۆ هێورکردنەوەی بیر و سۆزتان لە ڕاهێنانی ئارامکەرەوە وەکوو هەناسەکێشانی نەرم و یووگا کەڵک وەربگرن.

- سەرقاڵی چالاکیگەلێک بن کە بۆ بەڕێوەبەریی دڵەڕاوکێ و سترێس کاریگەرن.

- ئەگەر پزیشکی خۆتان هەیە، دۆخی خۆتانی پێ ڕابگەیەنن.

 

KURDŞOP
406 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!