چ کاتێک نابێ داوای لێبوردن لە منداڵەکانتان بکەن؟

 

ئەو کاتانەی کە هیچ هەڵەیەکتان نەکردووە، نابێ داوای لێبوردن لە ڕۆڵەکانتان بکەن.

هەوار نوور

 

"چەمکەکانی گرینگی داوای لێبوردن لە منداڵان"

داوای لێبوردن لە منداڵان زۆر گرینگە. ئەو کارە فێریان دەکا بەرپرسیارێتیی کردەوەکانی خۆیان وەئەستۆ بگرن. بەڵام داوای لێبوردن لە منداڵان کاتێک کە هیچ هەڵەیەکتان نەکردووە و ئەوان بە پەرێشانییەوە ئێوە بەهۆی نارەحەتیی خۆیان، سەرکۆنە دەکەن، بێکەڵکە.

کاتێ ئێوە بێدەرەتانن لەوە کە بەرپرسیارێتیی بێمرادی و دڵساردییەکانی ژیان، (کە ناشتوانن لێی قوتار بن) وەئەستۆ گرن، بۆ فێرکاریی نەرمینواندنی منداڵان، ناتوانن هیچ یارمەتییەکیان بدەن.

داوای لێبوردن لە منداڵەکانتان کاتێک توندوتیژیتان لەگەڵ کردوون بۆ ئەوانیش و بۆ خۆشتان، زۆر گرینگە. بەو کارە، نموونەیەکی بەهێز بۆ قەبووڵکردنی بەرپرسیارێتیی کردەوەکان ئاراستە دەکەن. هەروەها ئەوە بەو مانایەیە کە دەتانهەوێ هەنگاوێک بەرەو دوا پاشەکشە بکەن. بیر له دەرئەنەنجامی کاری خۆتان بکەنەوە و کار لەسەر (Self-Regulation Skill) خوتان بکەن: (زیمێرمەن ئاوای شی کردۆتەوە کە ئەو فکرو هزر، هەست و کردەوانەیە لە لایەن کەسێکەوە ساز دەبن بۆ وەدەستهێنانی ئامانجە تاکەکەسییەکان) واتا بەڕێوەبەریی بیر و هەست و کردەوەی خۆتان بکەن. ئەوە گرینگترین ئامرازە بۆ ئەوەی دڵۆڤانی ئێوە و ڕۆڵەکانتان بەهێزتر بێ. بۆ وێنە منداڵێک کە لە یاریکردندا بە ئاکامی دڵخوازی خۆی نەگەیوە و بۆ هەڵەی خۆی دایکی بە تاوانبار دەزانێ؛ یا منداڵێک کە بابی پێ خەتابارە لەبەر ئەوەی کاتێ لە قوتابخانە بووە و چووەتە شوێنی، لە ڕیزی گەورەکان لە پێشێ ڕانەوەستاوە؛ یا دایکێک کە تاوانبار دەکرێ کە کەیکەکەی بە شێوازێک لێناوە کە بە ڕواڵەتێکی ناقۆلا دەرهاتووە.

لەو بارودۆخانەدا، منداڵان پەرێشان دەبن لەبەر ئەوەی ئەو شتەی چاوەڕوانییان دەکرد یا ویستی ئەوانە، پێک نەهاتووە. منداڵان بۆچوونی نەگۆڕیان لەمەڕ شێوەی بوونی شتەکان هەیە و هەرکات چاوەڕوانییەکانیان نایەتە دی، تووشی شڵەژان دەبن. منداڵێکی تەمەن 2 ساڵە کاتێک دایکی قژەکانی خۆی لە سەرێ دەبەستێ، تووڕە دەبێ و بەزم دەگرێ کە هەر دەبێ لە خوارتر بێ. دایکە بەو کارە قایل دەبێ هەتا سترێسی منداڵەکەی کەم کاتەوە و ئۆقرە بگرێ؛ هەرچەندی ئەو دژکردەوانە یا داوا و ویستانە، بە ناماقووڵ بزانن. ئەوە شتێکە کە منداڵەکەتان لەو کاتەدا ئەزموونی دەکا و ئێوەش دەتانهەوێ هەموو هاودەردییەکانی دنیا بەجارێک دەربڕن هەتا پێی بڵێن کاتێ ناتوانێ پێش بە هەموو شت بگرێ، هەستێکی زۆر ناخۆشی دەبێ. بەڵام هەر کات لەو بارودۆخانەدا، داوای لێبوردنیان لێ بکەن ئەو ڕاسپاردەیە بە ڕۆڵەکانتان دەگەیێنن کە ئەو گرفتە لە ئەستۆی ئێوە (یا کەسێکی تر یا هەر ببڕایببڕ تەواوی دنیا)یە، لەبەر ئەوەی ئێوە ئەوانەی کە منداڵەکانتان بیریان لێ دەکردەوە، بۆتان دابین نەکردوون .

ئەوە هیچ یارمەتییەک بە منداڵان نادا، چونکە هونەری کرداری "نەرمی نواندن"ی ئەوان زیاتر ناکا و ئەو ڕوانگە هەڵەیەیان دەداتێ کە: ئەوە شێوازێکە کە دنیا لەسەری بەرقەرارە. "کاتێک ڕوداووی نەخوازراو ڕوو دەدا، کەسێک دێ و هەموو شت چاک دەکاتەوە" و ئەوە تەواو هەڵەیە. (لە دنیای دەرەوە ئاوا نییە، ئەگەر مامۆستایەک، بابۆڵەیەک بە منداڵێک بدا کە قەبارەی نانەکە بە هەڵە بڕدرابێ، تازە بابۆڵەیەکی دی نادرێ بە منداڵەکە).

ئێوە نایسەلمێنن کە منداڵەکانتان تواناییی ئەوەیان هەیە کە نەرمی بنوێنن و بەتابشت بن. بەڵکوو لەسەر ئەو باوەڕەن کە هەمووکات پێویستیان بە کەسێکە کە بگاتە سەریان و گرفتەکانیان چارەسەر کا.

بەوهۆیەوە لە جیاتی "لێم ببوورە ئازیزەکەم، ئێستا سەروپرچم لە خوارێ دەبەستم" دەتوانن بڵێن: "خۆ دەزانم پێت خۆشە قژەکانم لە خوارتر ببەستم بەڵام ئەو شێوازە بەستنەم هەڵبژاردووە، بەو مۆدێلە ڕاهاتووم. ڕۆڵەگیان خۆ پرچم هەر جۆرێک بێ ئەمن هەر دایکتم". یا لەجیاتی کوتنی: "ئەمن زۆر بەداخم کە کەیکەکە ئاوا دەرهات" و دیسان کەیکێکی دیکە ساز کەن دەتوانن بڵێن: "دەزانم کەیکەکە نالەبارە و بەدڵت نییە، بەڵام خۆ هەمووکات شتەکان ئەو جۆرەی دەمانهەوێ دەرناچن، بەڵێ هەستێکی ناخۆشە بەڵام هەر تامەکەی جارانی هەیە، وەرە بە دڵی خۆت بە هەر شێوەیەکی پێت خۆشە بیبڕە و ئەو کارە خواردنەکەیت بۆ سانا دەکاتەوە. یا دەنا دەتوانی هەر نەشیخۆی، بڕیار بەدەست خۆتە.

ئاوا جووڵانەوە لەو کاتانەدا، شتێکە کە منداڵان پێویستیان پێیەتی چونکە:

ئەو کارە ئیعتبار دەدا بە ئەزموونی وروژێنەری ئەوان و ناچاریان ناکا سەبارەت بە هەست وروژێنەرییەکانیان (emotions) دانوستان بکەن. شێوازی دانوستان بەدەگمەن ئاکامی باشی لێ دەکەوێتەوە و زیاتر دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵ بەزم بگرێ و بە زەبری زۆری بیهەوێ قسەی خۆی بەرێتە سەرێ.

ئەو کارە بە شێوەیەکی دڵسۆزانە، سنوورگەلێک دیاری دەکا کە بناغەدانەری نەرمینوواندن و سازان و هەڵکردن لە منداڵاندایە. ئەوان حاڵی دەبن کە دنیا لەگەڵ ئێمە ناسازێ و ئەوە ئێمەین دەبێ لەگەڵی هەڵکەین و ڕابێین.

 

سەرچاوە:

لێکۆڵینەوەی "جێسیکا شرێیدێر"

KURDŞOP
414 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!