واتای ژیان و گرینگیی ئامانج لە ژیاندا

ڕۆژان سۆفیزادە

پێش لە هەر شتێک پێویستە سەرەتا لە واتای ژیان تێبگەین و فامی بکەین و بۆ ژیانی خۆمان واتایەک بدۆزینەوە، چونکە بە هەر شێوەیەک کە پێناسەی ژیان بکەین، بەپێی هەمان پێناسە، شوناس، کەسێتی، باوەڕەکان، ڕوانگەکان، کردەوە و هەڵسوکەوتی ئێمە شێوە دەگرێت. کەسێک کە لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ژیان وەک جەنگێک وایە و بۆ زیندوومانەوە دەبێ شەڕ بکات، سروشتییە کە ژیانێکی ئاڵۆز ئەزموون بکات و ڕەنگە ناچار بێت بۆ ڕاگرتنی هەر شتێک تەنانەت تا ئاستی مردن شەڕ بکات.

کەسێک کە لەسەر ئەو باوەڕەیە ژیان وەکوو یارییەک وایە، سروشتییە کە هەموو شتێک بە یاری بزانێت و هەمیشە بەدوای خۆشگوزەرانی و خۆشی و سەرگەرمییەوە بێت. ئەگەریشی هەیە کە بۆ زۆر کەس ژیان هیچ واتایەکی نەبێت، یانێ ژیان لەلای بێ مانا بێت و بە پێویستیش نازانێت کە هەوڵی بۆ بدات. بۆیە زۆر گرینگە کە بزانین ژیان بۆ ئێمە چ واتایەکی هەیە، چونکە هەموو کردەوە و هەڵسوکەوتی ئێمە، لەگەڵ پێناسەیەک کە بۆ ژیانمان هەمانە هاوئاراستەیە. ڕەنگە بۆ ئێوە ژیان چەندین واتای هەبێت، بەڵام دەبێ واتایەکی یەکگرتوو لە سەرووی هەموویانەوە دابنێیت. گرینگترین واتای ژیان تەنیا شتێکە: "باش ژیان کردن".

وەها وێنا بکەن کە تەمەنتان لە سەرەوەیە و پێتان دەگوترێت کە تەنیا یەک ڕۆژی تر زیندوون؛ لەو یەک ڕۆژە کە بۆتان ماوەتەوە چی دەکەن؟ بەدڵنیاییەوە لەوەی کە ڕۆژێکتان بۆ ماوەتەوە ناڕەحەتن و ناتوانن بیر لە داهاتوو بکەنەوە، چونکە داهاتوویەک ئیتر بوونی نییە. ڕەنگە بیر لە ڕابردوو بکەنەوە، بەوەی کە چۆن بە ئێرە گەیشتوون، ئایا لە ڕابردووی خۆتان ڕازین؟ ئایا بەو جۆرەی کە پێتان خۆش بووە، ژیانتان کردووە؟

لەو کاتەدا خانوو، ترۆمبێل یان زۆر شتی تر بۆتان گرینگ نییە، بیر لە مووچە و مەعاش ناکەنەوە و زۆر شتی تر گرینگیی خۆی لەدەست دەدات و بە ئەگەری زۆرەوە تەنیا یەک پرسیار دەمێنێتەوە کە لە خۆتانی دەپرسن و دەبێ وڵامی بدەنەوە:

 

ئایا من بە باشی ژیام؟

ڕەنگە پرسیارگەلێکی زۆرتان بۆ دروست ببێت، بەڵام سەرچاوەی هەموو ئەو پرسیارانە پرسیاری پێشووە. ڕەنگە لە خۆتان بپرسن: ئایا  لە ژیانمدا خۆشیم بینی؟ ئایا توانیم مرۆڤێکی باش بم؟ ئایا باشیم بۆ خەڵک هەبوو؟ چەندە لە کارەکانمدا سەرکەوتوو بووم؟ لەگەڵ سەدان پرسیاری دیکە کە بەگشتی وڵامی هەموویان بۆ وڵامی ئەم پرسیارە دەگەڕێتەوە: ئایا من بە باشی ژیام؟

بۆیە بەجێی ئەوەی کە نزیکی دوایین ڕۆژی ژیانمان ببینەوە و دواتر لە خۆمان بپرسین کە ئایا بە باشی ژیانمان کرد، باشتر وایە لە ئێستاوە ئەم پرسیارە لە خۆمان بپرسین. چونکە وڵامدانەوە بەم پرسیارە دەتوانێت ژیانمان بگۆڕێت و دەتوانێت واتا بە ژیانمان ببەخشێت.

 

گرینگیی ئامانج لە ژیاندا

کاتێک لە واتای ژیان تێبگەین و فامی بکەین، دەگەین بەوەی کە دەبێ کارگەلێکی زۆر جێبەجێ بکەین. ڕەنگە داخوازیگەلێکی زۆرمان هەبێت کە دەبێ پێیان بگەین، تەنانەت پارە و سامانیش دەتوانێت بەشێک لەوە بێت، چونکە پێمان خۆش نییە لە کۆتایی ژیانماندا بڵێین کە نەمانتوانی پیشەیەکی باش هەڵبژێرین، نەمانتوانی ئامانجێکی باش بۆ خۆمان دیاری بکەین و هەمیشە لە هەژاری و دەستکورتیدا ژیانمان بەسەر برد. خاڵی گرینگ ئەوەیە کە ئێمە کارگەلێکی زۆرمان هەیە کە دەبێ جێبەجێیان بکەین، بەڵام کاتەکەمان سنووردارە و تا ئەبەد زیندوو نامێنین کە بتوانین بە هەموو خواستەکانمان بگەین، بۆیە دەبێ چی بکەین؟

سەرەتا دەبێ ئەو خواستانەمان هەڵبژێرین کە لە هەموویان بەنرخترن و بایەخی ئەوەیان هەیە کە کاتی خۆمانی بۆ دابنێین. دووەم ئەوەی کە لە گەیشتن بەو خواستانەمان دەبێ بەڕاستی چێژ ببینین. لێرەدایە کە گرینگیی ئامانج لە ژیاندا زەق دەبێتەوە، لێرەدایە کە دیاریکردنی ئامانج گرینگی پەیدا دەکات و دەبێ فێری شارەزایی دیاریکردنی ئامانج و گەیشتن بەو ئامانجانە ببین.

ئێمە تەنیا جارێک دەرفەتی ژیانکردنمان هەیە، بۆیە دەبێ گرینگترین ئامانجی ژیانمان ئەمە بێت کە بەباشی ژیان بکەین و لە ژیانی خۆمان چێژ وەربگرین. بۆ ئەم کارە پێویستە دووبارە ژیان بۆ خۆمان پێناسە بکەینەوە و دوای ئەوە ژیانێک کە پێمان خۆشە و شایانیەتین دروست بکەین و لەم ڕێگایەدا فێری گرینگترین شارەزایی ببین کە پێویستمانە، واتە شارەزایی دیاریکردنی ئامانج و گەیشتن بەو ئامانجە. هەروەها لەبیر نەکەین کە ژیانی بێ ئامانج ئاکامێکی جگە لە ماندووبوون نییە.

 

KURDŞOP
670 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!