بۆ ئافراندنی جیهانێکی باشتر بۆ لاوان

- ڕۆژان سۆفیزادە

 

"١٢ی ئاگوست" وەک ڕۆژی جیهانیی لاوان دەستنیشان کراوە.

با بە پێناسەیەکی کورتەوە دەست پێ بکەم: لاو بەشێکی چالاک، بەسوود، گۆڕانخواز و گرینگی کۆمەڵگەیە کە بەردەوام بیر لە گۆڕانکاری و داهێنان دەکاتەوە. لاوان توێژێکی دڵسۆز و ئامانجدارن کە لەسەر بەڵێنەکانی خۆیان دەمێننەوە، هەروەها هونەر و جوانییان خۆش دەوێت و دەیانەوێت داهێنەر بن و خۆیان دەربخەن.

لەم ڕوانگەیەوە پێویستە سەرەتا لاوان بناسین و دواتریش تواناکانیان بەکار بهێنین.

کاتێک بیر لە ڕۆژی جیهانیی لاوان دەکەینەوە، بیر لە کاتێکی پڕ لە شادی و خۆشی دەکەینەوە، بەڵام لە هەمان دونیای گەورەدا، هەرێمێک هەیە کە کەمتر لەگەڵ ئەو ڕۆژە ئاشنایە و کەمتر تێکەڵ بە خۆشییەکانی ئەو جیهانە بووە. بێگومان ئەمە بەو مانایە نییە کە تێکەڵ بە کولتووری جیهان نەبن یان بیانەوێت خۆیان لە جیهانی دەوروبەریان جیا بکەنەوە، بەڵکوو جیهان ویستوویەتی پەراوێزیان بخات؛ نەتەوەیەک کە زۆرینەی گەنجە، لەبیر کراوە.

بەڵام لە زۆر وڵاتدا، لە ڕۆژی جیهانیی لاواندا، لاوان وەک دەرفەتێک بۆ بەدەستهێنانی مافی خۆیان بەکاری دەهێنن. لاوانی وڵاتانی داگیرکراوی جیهان پێویستە ئەم ڕۆژە بکەنە بیانوو و خواستی نەتەوەیی خۆیان دەرببڕن.

پێویستە لاوانی کورد لەسەر خەباتی نەتەوەییی خۆیان جەخت بکەنەوە و دەنگی خۆیان بگەیەننە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و داوای پشتیوانیی نێودەوڵەتی بکەن، بۆ ئەمەش هاوکاری و هاوئاهەنگیی زیاتری لاوان و ڕێکخراوەکانیان پێویستە.

لاوان هێزی گۆڕانخوازی هەر کۆمەڵگەیەکن و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو توانایانەی کە هەیانە، دەتوانن ڕۆڵێکی بەرچاو لە کۆمەڵگەدا بگێڕن.

به‌ڵام له کۆمه‌ڵگه‌یەکدا کە ئازادییە بنەڕەتییەکان بوونیان نییە و لە خەڵک زەوت کراون، مرۆڤ ناتوانێت باس له چاره‌سەرکردنی کێشه‌ی لاوان بکاتەوە. دەبێ قەبووڵ بکەین کە بەبێ کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دێمۆکرات، مەحاڵە لاوان بتوانن پێداویستییەکانیان دابین بکەن.

یەکێک لە خواستەکانی لاوان ئەوەیە کە بە ئیرادەی خۆیان لە هەڵبژاردنێکی ئازاددا و لە چالاکییەکانی کۆمەڵگەدا بەشدار بن، تاکوو بتوانن ڕۆڵی خۆیان بەباشی بگێڕن و کاریگەریی ئەرێنیی خۆی لانەسەر کۆمەڵگە دابنێن.

بەڵام هەندێک سیستەمی حوکمڕانیی وڵاتان، وەک ئێران، ڕێگە نادەن لاوان خواست و ئارەزووی خۆیان دەرببڕن و بە شێوەیەکی ئازادانە لە چالاکییە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەدا بەشدار بن.

ڕۆژانە دەیان لاو لەسەر دەربڕینی باوەڕ و بۆچوون و خواستەکانیان دەسبەسەر دەکرێن، ئەشکەنجە دەدرێن، لەسێدارە دەدرێن و زیندانی دەکرێن. بۆیە لە هەندێک وڵاتدا هێشتا مافی لاوان و پێداویستییەکانیان دیاری نەکراوە.

گەنجێتی بەنرخترین و زێڕینترین قۆناغی ژیانە و لەم قۆناغەدا دەرکەوتن و سەرکەوتن و زیندووبوونەوەی مرۆڤ دروست دەبێت.

گەشەسەندن و سەرکەوتنی هەر وڵات و نەتەوەیەک پەیوەستە بە هێزی لاوانی چالاکی ئەو وڵاتەوە، تا ئەو ڕادەیەی کە بتوانن ڕۆڵی خۆیان بگێڕن یان داهێنەر بن.

توانای جەستەیی یەکێکە لەو تایبەتمەندییانەی لاوان کە لە گرووپەکانی تر جیایان دەکاتەوە.

لاوان هەمیشە حەز بە گۆڕان و نوێبوونەوە دەکەن، داوای بارودۆخی ژیانی باشتر دەکەن. بۆیە هەنگاوەکانیان بەردەوام بۆ گەشەپێدان و گۆڕانکارییە، ئەمەش داخوازییەکانیان زیاتر دەکات و لە گرووپەکانی تر جیایان دەکاتەوە.

لاوان خۆیان بە بەشێکی گرینگی کۆمەڵگەکەیان دەزانن و پێویستیان بەوەیە لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی تری کۆمەڵگەکەیان، بەتایبەتی بنەماڵە، پەیوەندی و هاودەنگییان هەبێت، یان پەیوەندی بە گرووپ و ڕێکخراوەکانەوە بکەن کە پێداویستییەکانیان دابین بکەن.

بۆیە بۆ پەروەردەیەکی دروست و هەنگاودانان لە ڕێگای ئارەزووەکانیان، پێویستیان بە ژینگە و کۆمەڵگەیەکی ئازاد و تەندروستە.

KURDŞOP
668 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!