تەکنەلۆژیا کاریگەری لەسەر گەشەی منداڵ لە کوردستان

 

هانی مورتەزا

 

تەکنەلۆژیا بە گشتی دەتوانێت هەم کاریگەریی ئەرێنی و هەم کاریگەریی نەرێنیی لەسەر منداڵ هەبێت. لەبەر ئەوە گرنگە هاوسەنگییەک دروست بکەین بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی منداڵان ئەزمونێکی دروست و سەلامەتیان لەگەڵ تەکنەلۆژیادا هەیە. تەکنەلۆژیا و ڕەنگدانەوەی لەسەر منداڵانی کورد لە کوردستان، بە دوو ئاراستەدا دەروات:

 

١- لایەنی ئەرێنیی سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆژیا.

٢- لایەنی نەرێنیی سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆژیا.

 

١- لایەنی ئەرێنیی تەکنەلۆژیا لە ڕووی فێربوون و بەرز کردنەوەی گەشەی منداڵ، سودێکی گەورەی بە منداڵانی کورد گەیاندووە. تەکنەلۆژیای پەروەردە دەتوانێت یارمەتیی منداڵ بدات بۆ پەرەپێدانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و چارەسەرکردنی کێشەکان و گەشە بە توانای داهێنان دەدات لە لایەن منداڵانەوە، وەک تواناکانی داهێنان لە ڕێگەی ئەپ و ماڵپەڕە پەروەردەییەکانەوە. لەهەمان کاتدا منداڵان دەتوانن بەدواداچوون بۆ چەمک و بیرۆکەی نوێ بکەن و بەشداری چالاکییەکانی کارلێککارانە بکەن و لە کاتی فێربوونیشدا  کاتێکی خۆش بەسەر ببەن.

 تەکنەلۆژیا وای کردووە بیر و گەشەی منداڵانی کورد بە بەکارهێنانی ژیرانە بەرەو ئاراستەیەکی بەرز هەنگاو بنێت. تەکنەلۆژیا دەتوانێت هەستی سەربەخۆیی و ئازادی بۆ منداڵان دابین بکات.

بێگومان چەندین ڕێگە هەیە، کە تەکنەلۆژیا دەتوانێت کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر منداڵان هەبێت، ئەمەش هەمووی  پەیوەستە بەوەی چون و کەی تەکنەلۆژیا بەکاردەهێنرێت.

لێکۆلینەوەکان دەریان خستووە، کە بەکارهێنانی تابلێت و تەکنەلۆژیا لەلایەن منداڵانی پێش قوتابخانەوە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ پشتگیریکردنی پراکتیزەیەکی یاریزانانە و داهێنەرانە، ئەگەر جێگەی کەرەستەی فێربوونی تر نەگرێیەوە و توانای خێرا بە منداڵ دەبەخشێت لە فێربوونی بابەت و ئامرازەکان. تەکنەلۆژیا یارمەتیی منداڵان دەدات لە ئەنجامدانی کاری گرووپات لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە. هەروەها تەکنەلۆژیا یارمەتیدەری منداڵانە لە فێربوونی خوێندنەوەی دیجیتاڵی، کە بۆ پیشە و سەرکەوتنی داهاتوویان پێویستە.

کەواتە ئێمە دەتوانین بۆ گەشەی منداڵانی کورد، سود لە تەکنەلۆژیا وەربگرین کە ئەمە لە چەندین خێزان و ناوەندەکانی خوێندنیشدا ڕەنگی داوەتەوە.

 

٢- لایەنی نەرێنیی تەکنەلۆژیا:

 بێگومان تەکنەلۆژیا چۆن سوودی هەیە بەهەمان شێوە زیانیشی هەیە ئەگەر لە کات و پێویستیی خۆی زیاتر بەکارهێنرا. کەواتە سەرەرای باشییەکەی زیانیشی لە گەشەی منداڵاندا هەیە. تەکنەلۆژیا کاریگەریی خراپی لەسەر بیرەوەریی منداڵ بۆ ماوەیەکی درێژ دەبێت، ئەو کاتە وا لە منداڵ دەکات بە تەواوی پشت بەو ئامێر و ئامرازانە ببەستێت، و دەبێتە هۆی تەمبەڵبوونی مێشک، لە هەمان کاتدا زۆر دانیشتن لە بەرانبەر ئامێرە زیرەکەکان، دەبێتە هۆی فشار خستنە سەر مێشک و کز بوونی توانای بینینی منداڵان. بێگومان زۆر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە لایەن منداڵانەوە ئالوودەبوون دروست دەکات، هەر ئەمەش سەبەبە بۆ دروستبوونی کاریگەریی نەرێنی لەسەر منداڵان و منداڵ گۆشەگیر دەبێت و کەمتر تێکەڵاوی کۆمەڵگا دەبێ و لەگەڵ خەڵکی دیکە خۆی دەگونجێنێ.

 کاتێک منداڵ کاتێکی زۆر بەو ئامێرە تەکنەلۆژییانە بەسەر دەبات دوور نیە توشی ئۆتیزم ببێت، یاخود سەرئێشە، دەمارگیریی منداڵان، شێرپەنجە، ماندووییی بەردەوام بەهۆی تیشکدانەوەی ئامێرەکان و ... لەو گرفتانەن کە تووشی مناڵان دەبن. گرنگتر لەم زیانانە زۆر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا دەبێتە هۆی دروستبوونی ئازار لە مل و پشت بەهۆی زۆر چەمانەوە؛ هەروەها لە ئەنجامی زۆر دانیشتن و نەجووڵانی ڕۆژانەوە دەبێتە هۆی قەڵەوی.

 

چارەسەر :

بۆ چارەسەرکردنی کاریگەرییە خراپەکانی تەکنەلۆژیا لەسەر منداڵان پێویستە دایک و باوکان زیاتر گرنگی بە کاتی منداڵەکانیان بدەن و  ‎ئەوە کاری دایک و باوکە ڕێگای دروست بدۆزنەوە بۆ ئەوەی چۆن و کەی،  کوڕ و کچە بچووکەکانیان لە تەکنەلۆژیای نوێ و ئەو ئامێرانە کەڵک وەربگرن. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە لەو ڕێگایانە تێبگەین کە تەکنەلۆژیا کاریگەریی لەسەر منداڵەکانمان هەیە و چۆن هاندەری بەکارهێنانی دروستی تەکنەلۆژیا بین. لە هەمانکاتدا دانانی یاسایەک لە ناوەندەکانی فێرکاریی منداڵ لەسەر چۆنیەتیی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و ڕێنماییکردنی دایک و باوکان لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بۆ منداڵەکانیان. ئامانج ئەوەیە تەکنەلۆژیا کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ڕەفتار و گەشەکردنیان و بەرەوپێشبردنی توانا ئەقڵییەکانیان هەبێت، نەک کاریگەریی نەرێنی.

 

 

 

 

 

 

KURDŞOP
709 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!