سەرکەوتنی منداڵان و لاوانمان، بە واتای سەرکەوتنی وڵاتەکەمانە

ڕۆژ قادری

 

یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی زۆرینەی لاوانی کوردستان، نەبوونی هەستی متمانە بەخۆبوونە یان ئەو هەستەیان لاوازە، بۆیە زۆر جار لە کاروبارەکانی ڕۆژانەیاندا، لە خوێندن و درێژەدانی خویندندا و لە دۆزینەوەی کار و پیشەی گونجاو و تەنانەت لە هەڵبژاردنی هاوسەری داهاتوویاندا، تووشی کێشە دەبن. ئەمە بۆ خۆی دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەوان هەمیشە لە هەموو بوارێکدا هەست بە دۆڕان و شکست بکەن. لەلایەکی دیکەوە داگیرکەرانی کوردستان هەمیشە بە شێوەی سیستماتیک هەوڵیان داوە کە هەستی متمانە بەخۆبوون لە منداڵ و لاو و مرۆڤی کورد بستێنن، تاکوو ئەوان بندەست بهێڵنەوە و بۆ خۆیان بە ئاسانی بەسەریاندا حکوومەت بکەن.

گرینگیی هەستی متمانە بەخۆبوون و هەروەها گرینگیی سەرکەوتنی منداڵان و لاوانمان هانی دام کە لەم بابەتەدا بپەرژێمە سەر ئەم بابەتە. نابێ لەبیریش بکەین کە سەرکەوتنی منداڵان و لاوانمان، بە واتای سەرکەوتنی وڵاتەکەمانە.

سەرکەوتن و هەستی متمانە بەخۆبوون

زۆربەی ئەو کەسانەی کە لە ژیاندا سەرکەوتوو دەبن، هەستی متمانە بەخۆبوونیان لە سەرەوەیە. هەروەها بۆ ئەوەی بتهەوێت هیوات بە ژیانت هەبێت، دەبێ هەوڵ بدەیت کە ئەو هەستەت، واتە هەستی متمانە بەخۆبوونت بەرز بکەیتەوە. تاکێک بە هەستی متمانە بەخۆبوونی تەندروست و سروشتی، دەتوانێت هەستێکی باشی بەنیسبەت خۆیەوە هەبێت، بایەخی خۆی بزانێت و بە بۆنەی تواناییەکان و سەرکەوتنەکانیشی، هەستی غەڕە و ڕەزامەندیی هەبێت. بەڵام کەسێک کە هەستی متمانە بەخۆبوونی نییە یان لاوازە، وا هەست دەکات کە لەلایەن هیچ کەسەوە قەبووڵ ناکرێت و کەس کەیفی پێ نایەت و ناتوانێت هیچ کارێک بەباشی ئەنجام بدات.

"گومان"، بەرهەمی ئەوەیە کە باوەڕتان بە خۆتان نییە. کاتێک کە ئێوە باوەڕتان بە خۆتان نییە، چۆن چاوەڕوانیی ئەوەتان هەیە کە کەسێک باوەڕ و ئیمانی بە ئێوە، ئایدیا و تواناییەکانتان هەبێت؟! بۆ بەزاندنی چالێنجەکانی بەرامبەرتان، دەبێ هەستی متمانە بەخۆبوونتان هەبێت. کەسە ترسنۆکەکان سەرکەوتوو نابن. بەم هۆکارەیە، کەسانێک کە هەستی متمانە بەخۆبوونی پێویستیان نییە، لەلایەن دۆخی دژواری دەرەکییەوە، شکست دەخۆن.

کەسانی سەرکەوتوو هیچکات باوەڕیان بە کۆسپەکان نییە و بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان کە لێی تێپەڕن. هیچکەس جگە لە خۆتان ناتوانێت لە گەیشتن بە سەرکەوتن، پێشکەوتن و ئەوەی دەتانهەوێت ئەنجامی بدەن، بەربەست دروست بکات. ئێستا کاتی ئەوە گەیشتووە گومان لەسەر خۆتان و تواناییەکانتان فڕێ بدەن و بە هەوڵدانی بەردەوام بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن، بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێن.

هەستی متمانە بەخۆبوون، یەکێک لە بنەماکانی پێشکەوتنە و ئەگەر بتوانیت ئەو بنەمایە لە خۆتاندا گەشە پێ بدەن، دەگەنە شوێنگەلێک کە تەنانەت بیریشی لێ ناکەنەوە. هەر تاکێک دەتوانێت بە هەندێک شێوازی گونجاو و هەوڵی ئەرێنی، هەستی متمانە بەخۆبوونی بەرز بکاتەوە. بەدڵنیاییەوە بە هەڵگرتنی هەر هەنگاوێک لەم ڕێگایەدا، هەستی متمانە بەخۆبوونتان گەشە دەکات.

غەڕە و هەستی متمانە بەخۆبوون

لە نێوان غەڕە و هەستی متمانە بەخۆبووندا، جیاوازی هەیە. غەڕە لە کاتێکدایە کە ئێوە لەبارەی خۆتانەوە دەست بکەن بە خۆزلکردنەوە؛ لە کاتێکدا کە متمانە بەخۆبوون، بە واتای ئەوەیە کە لە ئەنجامدانی کارەکانتدا باوەڕت بە خۆت هەبێت. بە واتایەکی دیکە، متمانە بەخۆبوون لە ڕێگای هەوڵدانەوە بەدەست دێت و ئەوانەی کە ئەم گەوشینەیان هەیە، کەسانێکی هۆشیارن. لەبیرتان نەچێت کە کاتێک هەستی متمانە بەخۆبوونتان لە ئاستی تواناکەتان بەرەو سەرتر بڕوات، تووشی خۆبەزلزانین دەبن و لەنێوان ئەو دوو دانەدا جیاوازی هەیە.

ڕاستییەکان و هەستی متمانە بەخۆبوون

ئەساسی متمانە بەخۆبوون، لەسەر پێگەی ڕاستییەکان بونیات دەنرێت. بۆ ئەوەی بتوانن متمانە بەخۆبوونتان بەرز بکەنەوە، دەبێ هەڵسەنگاندنێکی ورد و ڕاستتان لە خۆتان و تواناییەکانتان هەبێت. ئەگەر هێشتا خاڵگەلێکی لاواز لە ئێوەدا بوونی هەیە، بۆ چاکسازی، بەرنامە دابڕێژن و ڕێگایەک بدۆزنەوە هەتاکوو کاریگەرییە نەرێنییەکانی بە خوارترین ئاست بگەیەنن. لە بیری نەکەن کە سەرنجنەدان بە خاڵە لاوازەکان یان بەهێز نیشاندانی ئەو خاڵانە، هیچ یارمەتییەک بە لەنێوبردنیان ناگەیەنێت.

"نا"گوتن و هەستی متمانە بەخۆبوون

لێکۆڵینەوەی زانکۆی "کالیفۆڕنیا" پیشانی داوە کە هەرچەندە "نا"گوتن بۆتان دژوارتر بێت، ئەگەری ئەوەی کە تووشی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی ببن، زۆرترە و ئەمانە دەبنە هۆی دابەزینی هەستی متمانە بەخۆبوونتان. کەسانێک کە متمانە بەخۆبوونیان لە سەرەوەیە، بەباشی دەزانن کە "نا"گوتن، بە قازانجیانە؛ وەختێک کاتی "نا"گوتنیان دەگات، ئەوان لە ڕستەگەلی وەکوو: "باوەڕ ناکەم بتوانم ئەنجامی بدەم" یان "گومانم هەیە"، کەڵک وەرناگرن. ئەم کەسانە بە متمانە بەخۆبوونیانەوە "نا" دەڵێن. ئەم کارە ئەو دەرفەتەیان پێ دەدات کە بە خەیاڵی ڕاحەتەوە ئەرکە پێشووەکانیان ئەنجام بدەن.

سەرکەوتنی بچووک و هەستی متمانە بەخۆبوون

کەسانێک کە هەستی متمانە بەخۆبوونیان باشە، بەردەوام خۆیان تاقی دەکەنەوە و لە بەرامبەر خەڵکدا ڕۆحییەیەکی "ڕکەبەری"یان هەیە، هەرچەندە ئەم هەوڵانە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنگەلێکی بچووکیش بێت. سەرکەوتنە بچووکەکان دەبنە هۆی دروستبوونی ڕۆحییەیەکی باش و پاڵنەر. کاتێک کۆمەڵێک سەرکەوتنی بچووکتان تێپەڕاند، هەستی متمانە بەخۆبوونی بەرز، بۆ ماوەیەکی درێژ لەگەڵتان دەبێت.

هاوڕێی باش و هەستی متمانە بەخۆبوون

کەسێکی بەئەزموون و زیرەک کە ڕێگای دروستتان پێ پیشان دەدات و ئێوە هان دەدات، دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزکردنەوە هەستی متمانە بەخۆبوونتان. لە ڕاستیدا، پشتیوانێکی باش، وەکوو ئاوێنە کار دەکات و ڕوانگەیەک بە ئێوە دەدات کە دەبێ بۆ باوەڕ بەخۆبوون، سەرنجی بدرێتێ. لەبیر نەکەن کە ئاگایی دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی هەستی متمانە بەخۆبوونتان. زانینی ئەوەی کە لە هەر ساتێکدا لە چ پێگەیەکدای، دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی تەرکیز و کاریگەریی باشتان لە ئەنجامی کارەکاندا.

وەرزش و هەستی متمانە بەخۆبوون

لەلایەکی ترەوە لێکۆڵینەوەکان پیشانی داوە کە کەسانێک کە بۆ ماوەی ١٠ حەوتوو و حەوتوویەک ٢ جار وەرزش دەکەن، لە بواری کۆمەڵایەتی، دەروونی و جەستەیی، توانایەکی زۆرتریان هەیە. وەرزشکردن جگە لەوەی توانای جەستەییتان بەرز دەکاتەوە، متمانە بەخۆبوونیشتان بەرز دەکاتەوە. وەرزشکردن، ڕۆحییەتان باش دەکات.

جلوبەرگ و هەستی متمانە بەخۆبوون

هەروەها بتانهەوێت و نەتانهەوێت، شێوازی جلوبەرگ لەبەرکردنتان، کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر ڕوانگەی خەڵک بەنیسبەت ئێوەوە دادەنێت. ڕەنگ و جۆری جلوبەرگی ئێوە، باس لە جۆری هەڵسوکەوتی ئێوە لەگەڵ خەڵکدا دەکات. هەمیشە جلی پاک و خاوێن لەبەر بکەن و جوان دەربکەون و ئاکامەکەیشی ببینن.

KURDŞOP
661 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!