پێناسەی یوونسکۆ لە "خوێندەواربوون" چۆنە؟

یەکەمین پێناسەی خوێندەوار کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا پێشکەش کرا، تەنیا بۆ توانایی خوێندن و نووسینی زمانی دایکی بوو. بەپێی ئەم پێناسەیە مرۆڤێک خوێندەوار دێتە ئەژمار کە توانایی خوێندن و نووسین بە زمانی دایکیی خۆی هەبێت.

 

- ڕۆژ قادری

 

یوونسکۆ تا ئێستا چوار جار پێناسەی بۆ "خوێندەواربوون" داناوە کە یەکەمین پێناسەی ئەو "خوێندن و نووسین بە زمانی دایکییە". ئەم خاڵە گرینگە وای کرد کە بپەرژێمە سەر ئەم بابەتە، تاکوو ئێمەی کورد زۆرتر ئاوڕ لە خۆمان و زمانەکەمان بدەینەوە. هەروەها نابێ لەبیرمان بچێت کە هەوڵدان بۆ لەنێوبردنی زمانەکەمان ئێستاش لەلایەن داگیرکەرانەوە بەردەوامە و زمانمان هەڕەشەی لەنێوچوونی لەسەرە و پێویستە بۆ پێشکەوتنی زیاتری زمانەکەمان و بۆ گەشەی زیاتری، کاری جیددی بکەین.

 

پێناسەی "خوێندەواربوون"

ڕەنگە بۆتان سەرنجڕاکێش بێت کە بزانن پێناسەی "خوێندەواربوون" لە سەدەی ڕابردوودا ئاڵوگۆڕێکی زۆری بەسەردا هاتووە و ئەم بابەتە کە دەیبینن، چوارەمین پێناسەی خوێندەواربوونە کە لەلایەن یوونسکۆوە بە شێوەی فەرمی بڵاو کراوەتەوە. بە کورتی و بەپێی ئەم پێناسەیە، خوێندەوار کەسێکە کە بتوانێت بە کەڵکوەرگرتن لە بواری خوێندن و فێربوونەکانی خۆی، گۆڕانێک لە ژیانی خۆیدا دروست بکات.

لە درێژەی ئەم باسە و خوێندنێکی کورت لە پێناسەی خوێندەوار، لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ، خاڵگەلێک سەبارەت بە دروستکردنی جیاوازییەکان لە ژیان لەسەر بنەمای زانیاری و ڕێکارەکانی گەیشتن بەم بابەتە گرینگە، پێشکەش دەکەین.

 

پێناسەی یەکەم، توانایی خوێندن و نووسین

یەکەمین پێناسەی خوێندەوار کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا پێشکەش کرا، تەنیا بۆ توانایی خوێندن و نووسینی زمانی دایکی بوو. بەپێی ئەم پێناسەیە مرۆڤێک خوێندەوار دێتە ئەژمار کە توانایی خوێندن و نووسین بە زمانی دایکیی خۆی هەبێت.

پێناسەی دووەم، زانینی کارکردن بە کامپیۆتەر و زانینی زمانێکی تر

لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا، ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان پێناسەی دووەمیان لە خوێندەواربوون پێشکەش کرد. لەم پێناسە نوێیەدا جگە لە توانایی خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی، توانایی کارکردن بە کامپیۆتەر و فێربوونی زمانێکی دیکەیان پێ زیاد کرد. کەوابوو بە کەسانێک کە توانایی خوێندن و نووسین، کارکردن بە کامپیۆتەر و توانایی ئاخاوتن و تێگەیشتن لە زمانێکی دیکەیان هەبوو، خوێندەواریان دەوت. بەپێی ئەم پێناسەیە تەنانەت زۆربەی خوێندکارەکان و خوێندەوارەکانی زانکۆ نەخوێندەوار دەهاتنە ئەژمار، چونکە توانایی ئاخاوتن و تێگەیشتن لە زمانێکی دیکەیان نەبوو.

 

پێناسەی سێیەم، زێدەکردنی ١٢ جۆری خوێندن

ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە دەیەی دووەمی سەدەی ٢١دا، دیسان ئاڵوگۆڕێکیان لە تێگەیشتنی خوێندەوار دروست کرد. لەم پێناسە سێیەمەدا بەگشتی ناوەڕۆکی خوێندەوار ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات. کەوابوو مرۆڤێک کە لە یەک بواری زانکۆیی بە وەرگرتنی بڕوانامەی دوکتۆرا سەرکەوتوو بووە، لانیکەم ٥ لەسەد خوێندەوار دێتە ئەژمار. ئەم خاڵانە بریتین لە:

١- خوێندەواریی دلۆڤانی: توانایی بەردەوامی پەیوەندیی دلۆڤانی لەگەڵ بنەماڵە و هاوڕێیان.

٢- خوێندەواریی پەیوەندی: توانایی بەردەوامی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ هەمووان و فێربوونی هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی.

٣- خوێندەواریی ئابووری: توانایی بەڕێوەبەریی ئابووریی بنەماڵە، زانینی ڕێگەگەلی پاشەکەوتکردن و ڕاگرتنی باڵانسی دەخڵ و خەرج.

٤- خوێندەواریی هەڵبژارن: ئەوەی کە مرۆڤ بزانێت کام بەربژێر خاوەن پرستیژە و کامی ناپرستیژە.

٥- خوێندەواریی پەروەردەیی: توانایی پەروەردەکردنی منداڵان بە شێوەیەکی شیاو.

٦- خوێندەواریی کامپیۆتەری: زانینی کارکردن لەگەڵ کامپیۆتەر.

٧- خوێندەواریی تەندروستی: زانینی زانیاریگەلێکی گرینگ سەبارەت بە خۆراکی تەندروست و چاودێریی نەخۆشینەکان.

٨- خوێندەواریی ڕەگەز و نەتەوە: ناسینی ڕەگەز و نەتەوەکان بەپێی ڕێز و دانەنانی هەڵاواردن.

٩- خوێندەواریی ژینگەناسی: زانینی ڕێگەگەلێک بۆ پارێزگاری لە ژینگە.

١٠- خوێندەواریی لێکدانەوە: توانایی ناسینی هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی بیرۆکەگەلێکی جیاواز و هۆهێنانەوەگەلێکی لۆژیکی، بەبێ دەمارگرژی.

١١- خوێندەواریی وزە: توانایی بەڕێوەبەریی بەکاربردنی وزە.

١٢- خوێندەواریی زانستی: جگە لە خوێندەواریی زانکۆ، توانایی باسکردن و ڕێگەچارەی دۆسییەکان بە ڕێکارگەلی زانستی و عەقڵانیی هەبێت.

لەو کاتەوە کە خوێندەواربوون بە فێربوونی ئەم خاڵانە گرێ درا، کەوابوو سیستەمی پەروەردەیی وڵاتەکانیش دەبێ وەکوو ئەم خاڵانە شێوازی بگۆڕێت.

پێناسەی چوارەم، زانست لەگەڵ کردەوە واتای هەیە

"یوونسکۆ" جارێکی تر لە پێناسەی خوێندەوار گۆڕانکاریی دروست کرد. لەم پێناسەیە نوێیە، توانایی دروستکردنی گۆڕانکاری جێگەی گرتووە. واتە مرۆڤێک خوێندەوار دێتە ئەژمار کە بتوانێت بە کەڵکوەرگرتن لە خوێندنەکان و فێربوونەکانی، گۆڕانکاریگەلێک لە ژیانی خۆیدا دروست بکات. لە بنەڕەتدا ئەم پێناسەیە تەواوکەری پێناسەی پێشووە، چونکە زانینی یەک بابەت بە واتای کردەوەیی نییە.

ئەگەر ئەو خاڵانەی کە باسمان لێوە کرد و فێربوونەکان بتوانێت گۆڕانکارییەک لە ژیاندا دروست بکات، ئەو کاتە دەتوانین بڵێین، تاکێک خوێندەوارە یان نە.

KURDŞOP
786 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!