دابەشکردنی سەدان سندووقی خۆراک بەسەر بنەماڵەی تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا
لە ژێر دروشمی «ئێمە لەبیرتان ناکەین»، ڕێکخراوی «کوردشۆپ» و دامەزراوەی «لۆتەر»ی ئەمریکی، دەستی هاوکارییان بۆ سەدان بنەماڵەی تێکۆشەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان درێژ کرد کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
ئەم بنەماڵە بەڕێزانە لە پێناو ئازادی و دادپەروەریدا تێچوویەکی زۆریان داوە و ڕۆژانە لەگەڵ دۆخی هەستیاری ئەمنی، کێشە و ناسەقامگیریی ژیان دەجەنگن. بۆیە ئەم دوو دامەزراوەیە وەک وەفایەک، بەپێی توانای خۆیان، سەدان سندووق خۆراکی پێویستیان ئامادە کرد و لە ڕێگەی نوێنەرانی متمانەپێکراویانەوە گەیاندیانە دەست ئەو بنەماڵانە.
ئەم هەنگاوە تەنیا هاوکارییەکی ماددی نییە، بەڵکو پەیامێکی گەرمی مەعنەوی و مرۆڤانەیە کە دەڵێت: «ئێوە لەبیر نەکراون و بە تەنیا نین.»
هیوادارین کەسانی دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتوو و لایەنە پێوەندیدارەکان بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و مرۆیی، زیاتر بە هانای ئەم خەڵکەوە بچن و بارگرانیی ژیان و گوزەرانیان سووک بکەن؛ چونکە ئەوان لەپێناو کەرامەتی مرۆیی و نەتەوەییدا خەباتیان کردووە، قوربانییان داوە و شایەنی هەرچەشنە خزمەتێکن.
ئێمە لەبیرتان ناکەین

