نەورۆزی مەشخەڵانی ڕزگاری ڕەمزێک بۆ یەکگرتنی نەتەوەی کوردە

کەیهان محەممەدی‌نژاد

 

نەورۆز کە یەکەم بۆنەی مێژووییی گەلی کوردە و بوونی کورد پیشان دەدات، بۆ هەموو کوردێک تایبەتمەندیی خۆی هەیە و ساڵانە گەلی کورد بە شێوازی جیاواز ئەم بۆنە مێژوویی و فۆلکلۆرییە بەڕێوە دەبات.

بەهۆی ئەوەی نەتەوەی کورد وڵاتێکی سەربەخۆی نییە و بەسەر چوار پارچەدا دابەش بووە و بەشێک لە خاکەکەی لەژێر دەستی داگیرکەردایە، ناچارە بە شێوازی جیاواز جەژنی نەورۆز بگێڕێت. بەڵام ئەمساڵ لە سایەی هەندێک دامەزراوەی فەرهەنگی و کەسایەتییە دیار و بەناوبانگەکانی گەلی کورد، نەورۆزی کوردی بە شێوەیەکی دیکە بەڕێوە دەچێت کە ئەویش "نەورۆزی مەشخەڵانی ڕزگارییە".

لە نەورۆزی ئەمساڵدا چەند شتێکی زۆر گرینگ دەبینرێن، یەکەمیان مەشخەڵانی ئاگرن کە بە ڕووناکییە بە تینەکەیان دەبینرێن کە نیشان دەدەن گەلی کورد کەلتووری هەزاران ساڵەی خۆی لەبیر نەکردووە و بەو مەشخەڵ و ئاگری ڕووناکییە بەرەو یەکێتییەکی گشتی هەنگاو دەنێت. دووەمیان پۆشینی جلوبەرگی کوردی و لە مل ئاڵاندنی جامانە یان هەورییە، کە ناسنامەی گەلی کوردن، بەتایبەت جلوبەرگی کوردی کە چەندین ساڵە داگیرکەرانی کوردستان دەیانەوێت بە هەر شێوەیەک کە لە توانایاندا بێت، لەبەر چاوی گەلی کوردی بخەن و بە جلێکی شاخی بیناسێنن؛ بەڵام تاکی کوردی وریا و ناسیۆنالیست گورزێکی قورسیان لەنێو چاوانی دوژمنان دا و ناسنامەی خۆیان لەبەر کرد و بە هەڵپەڕکێ و دیلان ئاشکرایان کرد کە ئەمە خاکی باوباپیرانمانە و ناتوانن بە زەبری هێز ئێمە بتوێننەوە. سێیەمیان هەڵپەڕکێیە؛ هەڵپەڕکێ و دیلانی کوردی پڕن لە چیرۆک و دەستکەوت بۆ گەلی کورد و مێژوویەکی پڕ لە هەوراز و نشێومان بە زمانی نمایش و جووڵەی دەست و پێ پیشان دەدەن، هەر بۆیە کچان و کوڕانی کورد بە دیلانی ڕەنگاوڕەنگ ئاهەنگی ساڵی نوێ دەگێڕن.

دروشمەکانی نەورۆزی ئەمساڵ بەڕاستی هیوابەخشن و دەتوانین وەک دروشمی نەتەوەیی بیانبینین: "لە نەورۆزی ئەمساڵدا ئێمە بە تین و ڕووناکیی مەشخەڵەکانمان، یەکڕیزیی نەتەوەیی کورد و کوردستانیان گەش دەکەینەوە. گشتگیربوونی نەورۆزی مەشخەڵانی ڕزگاری دەتوانێت سنوورە دەستکردەکانی دوژمنان بۆ دابەشکردنی کوردستان بێ مانا بکات. بە خاوەندارێتیکردن لە نەورۆزی مەشخەڵانی ڕزگاری دەتوانین بەربەست و ئاستەنگە بەربڵاوەکانی نێو ماڵی کورد هەڵوەشێنینەوە و یەکڕیزیی گەلی کورد پتەوتر بکەین. پێویستە تاکی کورد بایەخی زیاتر بە جلوبەرگی کوردی بدات، چونکە سیمبول و ناسنامەی نەتەوەییی ئێمەیە. بە مەشخەڵەکانمان شاخ و شارەکانی کوردستان ڕووناک بکەینەوە".

ئەم دروشمانە و چەند دروشمێکی تر نیشانەی یەکڕیزی و یەکیەتیی نێو ماڵی تاک بە تاکی کوردەکانە کە دوور لە حیزبایەتی، بە یەکدەنگی و یەکگرتووییی نەتەوەیی لەم بۆنە مێژووییەدا لە دەوری یەک کۆ دەبنەوە و لە ئامەدەوە بگرە هەتا ئیلام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کەرکوک و عەفرینی داگیرکراو و هتد، بە یەکگرتوویی جەژنی نەورۆزی مەشخەڵانی ڕزگاری پیرۆز دەکەن.

با لەبیرمان نەچێت کە دەزگایەکی وەک "کوردشۆپ" پاڵپشتییەکی زۆری لە نەورۆزی مەشخەڵانی ڕزگاری کرد و بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆی پشتگیرییەکی باشی لە نەورۆزی مەشخەڵانی ڕزگاری کرد و بە کۆکردنەوەی هونەرمەندان و کەسایەتییە ناودار و جەماوەرییەکان و بڵاوکردنەوەی بەردەوامی ڤیدیۆ و تیزەری تایبەت بە نەورۆزی مەشخەڵانی ڕزگاری و ئاگادارکردنەوەی تاکی کورد لەمبارەوە، کارێکی زۆر پیرۆز و نیشتمانپەروەرانەی کرد.

بەگشتی نەورۆزی مەشخەڵانی ڕزگاری ڕەمزی یەکگرتووییی گەلی کوردە لە هەموو کوردستاندا، هەروەها پێویستە کوردان بە یەکگرتوویی پێشوازی لەو نەورۆزە بکەن و هەوڵ بدەن دروشمی نەتەوەیی بەکار بهێنن و لە هەموو جۆرە ڕێوڕەسمێکی داگیرکەران و دروشمی نانەتەوەیی دوور بکەنەوە و بە مەشخەڵەکانیان یەکگرتووییی گەلی کورد بە هەموو جیهان بسەلمێنن.

با شەهیدی نەورۆزی مەشخەڵانی ڕزگاریمان لەبیر نەکەین، کە یەکەم خورتی کورد لە وڵاتی داگیرکراومان بەهۆی بەرزکردنەوەی مەشخەڵی ئاگری نەورۆز، لەلایەن دوژمنانی کوردەوە شەهید کرا، ئەو شەهیدە "ئەحمەد مامۆ" تەمەن ١٧ ساڵ بوو و ئەو کاتێک کە تەنیا دەیەویست ئەم جەژنە نەتەوەیییە بە مەشخەڵی نەورۆز پیرۆز بکات، بە شێوەیەکی نامرۆڤانە لەلایەن گرووپێکی توندڕۆی داگیرکەرانی کوردستان لە عەفرین شەهید کرا. خەڵکی کوردستان ئەو گەنجە نەتەوەپەرست و کوردپەروەرە لەبیر ناکەن و وەک خەڵکی عەفرین کە بە دروشمی "شەهید، خوێنت بە فیڕۆ ناچێت" پێشوازییان لە تەرمی ئەحمەد کرد، لە شارەکانی تری کوردستانیش نابێ ئەو گەنجە کوردەیان لەبیر بچێت و بە یەکڕیزییەکی نەتەوەییەوە ڕۆحی ئەو شەهیدە شاد بکەن.

 

KURDŞOP
274 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!