سیاچەمانە؛ ئاوازی کۆن و مێژووییی نەتەوەی کورد

چرۆ هەورامی

سیاچەمانە چەشنێک لە گۆرانیی ڕەسەنی هەورامانە و قووڵاییەکی گەورەی لە مێژووی هونەری نەتەوەکەماندا هەیە و مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە. سیاچەمانە بەشێکی زیندووە لە ناسنامەی هەورامان و هەورامییەکان.

سەبارەت بە سیاچەمانە چەند ڕوانگەی جیاواز هەیە کە لە درێژەی ئەم بابەتەدا بە وردی ئاماژەیان پێ دەکەین و باس لە سیاچەمانە و مێژووەکەی دەکەین.

هەندێک لە مێژووناسان و شارەزایان دەڵێن وشەی "سیاچەمانە" لە سەردەمی میتراییزمەوە هاتووە و لە ناوچەی هەورامان بڵاو بووەتەوە. لە سەردەمی میتراییەکاندا هەندێک "موغ" هەبوون کە ڕەشپۆش بوون و لە خەڵکی تر جیا دەکرانەوە. هۆکاری جیاکردنەوەکەیان وەکوو حاڵەتی چینایەتیی ئیمڕۆیی بووە و ئەو موغ یان ئەو ڕەشپۆشانە بە "سیاجامەکان" بەناوبانگ بوون. ئەم موغانە سروودی تایبەت بە خۆیان هەبووە وەکوو دەقی ئایینی کە ڕازونیازەکانی خۆیان بە شێوەی ئاواز دەربڕیوە و ئەم شێوە دەربڕین و ئاوازە، ناوبانگی بە لەحنی تایبەتی سیاجامەکان دەکرد بە واتای ئاوازی تایبەتی ڕەشپۆشەکان و سیاچەمانە هەمان کورتکراوەی سیاجامەکانە.

ڕوانگەیەکی دیکە سەبارەت بە سیاچەمانە هەیە و ئەو کەسانە کە ئەم ڕوانگەیانە هەیە دەڵێن سیاچەمانە وشەیەکی ڕەسەنی هەورامییە و لە ئەوینداریی کچ و کوڕێکەوە هاتووە و بە واتای چاوڕەشبوونی کەسێکە.

سیاچەمانە مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە و شارەزایان و مێژووناسان دەڵێن کە مێژووی سیاچەمانە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانی پێش مێژووی نووسراو. سیاچەمانە تایبەت بە هەورامانە و تەنیا لەوێیش چڕدراوە. بە پێی دەقی ئاڤێستا، هەورامانی گەورە واتە لە لوڕستانەوە تا موسڵ، سیاچەمانە چڕدراوە. بەتایبەت لە هەورامانی ئێستا (هەورامانی تەخت و لهۆن) چڕتر بووەتەوە و هۆکاری ئەوە کە سیاچەمانە لەوێدا چڕتر بووە ئەوەیە کە ناوەندەکەی لەوێ بووە چونکە ئەگەر زیاتر لە مێژوو ورد بینەوە، هەردوو ئایینی میترایی و مەزد یەسنا لە ناوچەی هەورامانی گەورە سەریان هەڵداوە و پەرستگە ئاینییەکانیان لەوێ بووە، کەوایە سروودە ئاینییەکانیشیان هەر لەوێ بووە. ئەم جۆگرافیایە کە باسمان لێ کرد شوێنی لەدایکبوون و چڕینەوەی سیاچەمانە بووە.

سیاچەمانە وەکوو وێژەی ناوچەکانی دیکەی کوردستان نەیتوانیوە جوگرافیای خۆی فراوان بکات و لە هەر بەشێکی جۆگرافیای کوردستاندا شێوە گۆرانی وتنی تایبەت بە خۆیان هەیە و ئەوانیش هەر وەک سیاچەمانە فراوانتر نەبوونە و هەر هی ناوچەکەی خۆیان بوون. هۆکاری ئەوەیشی کە نەیانتوانیوە جوگرافیاکەیان فراوانتر بکەن، داگیرکەرانی کوردستان بوونە کە هەمووکات هەوڵیان داوە ئاستەنگ دروست بکەن و ئەو ئاوازانە بتوێننەوە هەر بۆیە بەداخەوە ئەم ئاوازانە هیچکات نەیانتوانیوە ببەنە ئاوازێکی نیشتمانی.

سیاچەمانە و شیعرەکانی فرە ڕەهەندن و چەندین بەشی جیا لە خۆ ئەگرن. لە ناو سیاچەمانەدا زیاتر نیشتمانپەروەری، ئەوینداری، عورف و تەسەوف دەبیسترێ و هەروەها سیاچەمانەیشیان بۆ سروشت چڕیوە و ئەم سیاچەمانانە ئەوە دەسەلمێنن کە کورد نەتەوەیەک بووە کە لە سروشت نەترساوە و ئەمە لە دەقی شێعرەکانی سیاچەمانەدا هەست پێ دەکرێ و هەروەها جێگای ئاماژەیە کە سیاچەمانە زیاتر لە هەشتاد بەزمی هەیە.

ڕەنگدانەوەی عیرفان لە سیاچەمانەدا شتێکە کە هەموو کەسێک ئەتوانێ بیبینێ و هەستی پێ بکات. کاتێک ئەچیتە نێو ناوەڕۆکی شیعری سیاچەمانەوە، ئەو پەیامە کە دەیگری لێوانلێوە لە تێفکرینی یەزدانی.

سیاچەمانە وەکوو ئەدەبیاتی زارەکی کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئەدەبیاتی نووسراوەیی هەبووە، بە تایبەت شیعرەکانی دوای مەولەوی و زۆرێک شاعیر و نووسەر لە بواری ئەدەبیات کەڵکیان لە سیاچەمانە وەرگرتووە.

ئەو چیرۆکانەی لە ناو سیاچەمانەدا دەوترێن، باسی مێژوویەکی کۆنی ئوستوورەیی دەکەن و دواتر تێکەڵی ئەفسانە ئەبن چونکە گێڕانەوەکان گەورەتر و بەرجەستەتر ئەکرێن.

سیاچەمانە بە بێ ئامێری مۆسیقا دەخوێندرێ و سیاچەمانەبێژ کە ئەو ئاوازە ئەچڕن، لە شاخێکدا دەنگیان وەکوو کەوێک دەبیسترێ.

بەڵام بەداخەوە ئەم ئاوازە کۆن و مێژوویییە کە بەشێکە لە ناسنامەی نەتەوەی کورد، ئێستا هەڕەشەی لاوازبوونی لەسەرە. داهێنەرانی سیاچەمانە و سیاچەمانەبێژان لە چاو ڕابردوو کەمن و هۆکارەکەیشی دەگەڕێتەوە بۆ پیربوونی ئەو داهێنەرانە.

KURDŞOP
567 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!