لەیلا نوورانی
مووروو جۆ
مووروویەکی شینە، وەک دەنکی جۆ دەچێ و بۆ ملوانکە دەبێ. ملوانکەکەی لە دەوری ملە، و شۆڕ نابێتەوە. ژنی بەتەمەن مووروو جۆ دەکەنە ژێڕچەنە.
مووروو چاو
مووروویەکی ڕەش یان سورمەیییە، ورد و درشتی هەیە و جەغزێکی سپیی نێو ڕەشی چکۆڵەی تێدایە. هەرتک لای مووروویەکە ئەو وێنەیەی تێدایە و بۆ چاوەزار دەبێ و کەڵکی جۆراوجۆری لێ وەردەگیرێ.
مووروو چاوەزار
جۆرێک موورووی خڕ یان پانی شین کە دوو جۆری گەورە و چکۆڵەی هەیە، لەگەڵ بەرموور، پاوانە، نەقیمی خشڵ یان تێکەڵیدا کەڵکی لێ وەردەگیرێ. ئەگەر شتی چەوری وێ کەوێ ڕەنگی دەگۆڕێ و سەوز/ کەسک دەبێ دەڵێن ئەوە مردووە و بەکار نایە.
باوەڕی خەڵکی ناوچەکە وایە:
# ئەم مووروویە بۆ چاوەزار دەبێ، سەدەقە و بەڵاگێڕەوەیە و لە جێی ساحەبی وەخۆی دەگرێ.
# مار ئەگەر چاوی بە ئەم مووروویە بکەوێ تازە چاوی نابینێ و بێحوکم دەبێ، هەر بۆیە جگە لە ژن و منداڵ، پیاویش دەیکەنە نەقیمی ئەنگوستیلە و لەگەڵ خۆیان دەیبەن بۆ کێو.
مووروو چۆرت
جۆرە مووروویەکی چوار سووچی تەختی یاقیقە، دوو کونی تێدایە و بۆ دەستەوانە دەبێ، زۆرتر لە حەج ڕا بە دیاری دەیهێنن.
باوەڕی خەڵکی ناوچەکە:
ئەم مووروویە دە دەست دەکەن هەتا زووزوو چاویان پێیبکەوێ و غەمیان بڕەوێ.
مووروو چۆلەکە
مووروویەکە لەچەشنی چۆلەکەیە، بەری دارێکە و لە مەزرا دەکەوێ و لەگەڵ بەرموور وەخۆی دەخەن.
باوەڕی خەڵکی ناوچەکە:
موورووچۆلەکە بۆ بەخت چاکە.
مووروو چەوروشیرن
جۆرە یاقیقێکی ڕەنگ تێکەڵی بەقیمەت، ڕەنگی مەیلەوبۆرە و خەتی سپی پێداهاتووە یان هەڵمێکی سپی تێکەڵ ڕەنگی یاقیقەکە کراوە و لەگەڵ تێکەڵیی دەهۆندرێتەوە. جۆری گرمووڵە، درێژووکە و پانکەڵەی تەنکی هەیە کە پانکەڵەکەی بۆ سەرپۆلەی تێکەڵی دەبێ. " یان کون دەکرێ و یان دەوری دەگرن و دەسکی لێدەنێن."
باوەڕی خەڵکی ناوچەکە:
# چەوریی ئەم مووروویە ئەوەیە کە دەستت بەبەرەکەت دەبێ و ڕسق و ڕۆزیت زۆر دەبێ، شیرنییەکەشی ئەوەیە کە لەلای خەڵک خۆشەویست دەبی.
# هەرکەس ئەم مووروویەی پێوەبێ:
ئەلف: سەربەڕسق دەبێ.
ب: لەلای خەڵک و خودا بەگشتی و مێردەکەی بەتایبەت خۆشەویست و قسەڕۆیو دەبێ.
ج: بەبەخت دەبێ.
مووروو چەورۆکە
جۆرە شەوەیەکی لووسی چوارگۆشەی پانە، بروقەی دێ و دەڵێی چەورە. ئەوی شەوەی لەسەربێ و لە ملی کا، ڕەنگی موورووەکە کاڵ دەبێتەوە.
باوەڕی خەڵکی ناوچەکە:
هەرکەس شەوەی لەسەر بێ و دە ملی بکا، نەخۆشییەکە دێتە سەر مووروویەکە و ڕەنگی موورووەکە کاڵ دەکاتەوە. بەمچەشنە مووروویەکە دەمرێ و تازە بەکار نامێنێ.
مووروو حاجیلە
بە جۆرە سەدەفێکی بچووکی درێژووکە دەگوترێ. چوارچوار پێوە دەکرێ (ڕوویان تێک دەبێ)، سەریشی مووروویەکی وەک تەشوێتاشی پێوە دەکرێ، لەگەڵ ڕەبناوک و مێخەک بۆ "کوڕەمەکە"ش دەکار کراوە. جگە لە ئەوانەش کۆچکەی منداڵیشی پێ ڕازاوەتەوە.
مووروو خوێن
جۆرە مووروویەکی سووری ئاڵ کە کراوەتە دەستەوانە. ئەم مووروویە لە حەج ڕا دەهات و خەڵکی بە ئەمانەت دەیاندا بە یەگدی.
باوەڕی خەڵکی ناوچەکە:
هەر بریندارێک، کە خوێنی ئیشک نەبێ، دە دەستی دەکەن، خوێنەکەی ئیشک دەکا.
سەرچاوە:
"فەرهەنگی جلوبەرگ و خشڵوخاڵی ژنانی موکریان
لەیلانوورانی، سەلاح پایانیانی"