لەیلا نوورانی
چۆنیەتیی مەشکە ژاندن
ماست و ئاو دە مەشکە دەکەن و بە دووانان دەیژێنن، ژن بە مەشکە هەڵدەڵێن و باوەڕیان وایە هەتا زۆرتری پێ هەڵبڵێی زیاتری ڕۆن دەکەێتێ. زۆر جاران ئاوی چەند کانییان بۆ مەشکە دەهێنن و دەڵێن: " فڵانە کانی ئاوی بەڕۆنە" جار هەیە ئاوی شەوی تێدەکەن یانی ئەو ئاوەی کە ئی دۆینێشەو بووبێ و شەوی بەسەردا هاتبێ. مەشکە تا سێ جاران ئاوی تێ دەکرێ و ئەگەر ڕۆنەکەی خڕ بۆوە ڕۆی دەکەن و ڕۆن و دۆیەکە لێک جیا دەکەنەوە. دۆی ئەو ڕۆژە ناخۆنەوە و پێی دەڵێن: دۆی ڕۆژێ.
ڕیحانە و شویت و گەڵامێو و قەزوان و گوڵ لە دۆیەکە دەکەن و هەتا سێ ڕۆژان لێی دەگەڕێن بۆئەوەی ترش بێ.
ئاو ماستاو/ ئاوی هەوەڵێ
یەکەم ئاوێک کە لە کاتی مەشکەژاندندا دە مەشکە دەکرێ.
ئاوەورکە/ ئاوی ورتکەی
ئەو ئاوەی کە دە ناوەڕاستی مەشکە ژاندندا دە مەشکە دەکرێ، نێوەکەی لەوە وەرگیراوە کە ماستاوەکەی نێو مەشکەکە بە هۆی ژاندن ورکەڕۆنی دەکەوێتێ.
ئاوە وردە
ئەو ئاوەی دوای پەیدابوونی وردەڕۆن، لە کاتی مەشکەژاندندا دە مەشکە دەکرێ.
ئاوی چەوری
ئەو ئاوەی دوای چەوربوونی مەشکە، لە کاتی مەشکەژاندندا، دە مەشکە دەکرێ.
ئاوی یەگجاری/ ئاوی خڵاسەی/ ئاخرئاو
دوایین ئاوێک کە دە مەشکە دەکرێ.
ئاوی هێدی/ ئاوی نەرم
ئاوی نە سارد و نە گەرم، ئەگەر ساڵ سارد بێ، بە ئاوی هێدی نەبێ مەشکە ناژێ.
ئاوی دڕ
۱. جۆرە ئاوێکی ناپەسند کە پێستی مرۆڤ قەڵشتقەڵشت دەکا.
۲. ئاوی سارد. بۆ مەشکە پەسند نیە.
کەف و ڕۆن
کەفی تێکەڵ بە ڕۆن کە سەرەتای ڕۆندانەوەی مەشکەیە.
وە کەف و ڕۆن گەڕان: بە مانای پەیدابوونی کەف و ڕۆن لە مەشکەدا کە بەواتای سەرەتای ڕۆن لێپەیدابوونی.
کەفوڕۆنەی گەورە
پەیدابوونی کەف و ڕۆنی درشت لە مەشکەدا کە بەواتای نزیکبوونەوەیەتی لە ژان. دوای کەف و ڕۆنەی گەورە، دەبێتە وردێکی گژنیژی.
کەفەچرچە
ئەو کەفە سیس و نابەرچاوەی کە مەشکە، بەر لە پەیدابوونی کەفەڕۆنە، هەڵیدەدا.
کەفەچەورە
کەفی چەور.
بەشێک لە گۆرانی ژنان تایبەتی مەشکە
"مەشکەم مەشکەی مانگایە/ لۆلەپ داری خورمایە
هەوارم گۆڕمووسایە/ بێری شەم و زارایە"
"مەشکە بژێ نادری/ هانامە شێخ قادری
چیغی لە ڕووی چادری/ کابان ڕۆنی بگری
ڕەببی مەڕمان لێ نەمری/ کابان زەمبێ هەڵناگری"
"مەشکەم دەژێ بەیانە/ کاک برایمم میوانە
بە خۆ و بە چریکانە/ قەدری لەسەر چاوانە
نێوڕۆژی بە هێلکانە /هەر شامی شەکبەرانە"
"ئاوی سێخڕ و سێدۆڵان
مەشکێ بژێنن بە کچۆڵان
ڕۆن خۆشە بە بابۆڵان"
"مەشکێم لە دارهەنارە/ کابان دەسرۆکەی لارە
دۆی زۆر، ڕۆن بە تەغارە/ مەشکێم، زێڕی نێودارە"
"مەشکێم بژێ لە بناری /لە بنەی برایم جەڵاڵی
بە بای پشوێی شەماڵی
هەچی مەشکێم هەڵکاڵی/ جا سەری بنێ دە تاڵی"
"مەشکەم مەشکەی جانداران / ڕۆنی دەگرین بە باران
کاکم دەیبا بۆ شاران / بۆم دێنێ ئاڵقە و گواران
کاکم سەرکردێ سواران / میوانێ جاروباران"
(سەرچاوەکان: فەرهەنگی خۆرد و خۆراکی موکریان
ئەدەبیاتی زارەکی موکریان،بەشی ژنان
سەلاح پایانیانی.)