لەیلا نوورانی
مەشکە
چەرمی خۆشکراو و قونککراوی ماڵات کە ماستی پێدەکرێتە ڕۆن و دۆ.
مەشکەژێن
کەسێک کە مەشکە دەژێنێ، جا چ مەشکەی خۆیان بێ و چ ئی خەڵک بێ و بەحەق بیژێنێ.
" بەیانی بە ورینگەورینگی دڵتەزێنی کیژەکوردی مەشکەژێن وەئاگا هاتووە. "
(مامۆستا هەژار، شەڕەفنامە)
مەشکە خۆش کردن
ئامادە کردنی پێست بۆ ئەوەی بکرێ بە مەشکە.
چەرمی ماڵات لێکدەهاڵێنن هەتا بۆن بگرێ و جوانتر و زووتر تووک بەردا. ئەوجار دووسێ دۆکڵیوی سوێری بە پنگ و بێژان و کزنی لەدەستاڕدراو بۆ دەکەن و بە تیغ و چەقۆ مووتاشی دەکەن، بنەدڕوو و بنەگێوژ و بنەشیلان یا تاڵ و دەوەقوڵاغی توێلکە داربەڕوو و گڵوان و گزگلی وردکراو لەگەڵ چەرمەکە وەسەردەنێن هەتا ڕەنگ بگرێ و سوور و جوان بێ. لە کۆتاییدا بە گەنم هەڵیداخنن و وەبن میچی مدبەقی دەخەن هەتا دووکەڵ بگرێ.
مەشکە ئەخشەر دان
بە مەشکەدا کردنی خۆڵەمێشی دارەدڕدووک و بنەدڕوو و کەمرە و دە تاڵاو خستن و دەست ڕێخستنی بەمەبەستی ڕەنگ گرتن.
هەڵاڵ/ئارداو/ پەڵوو
پێکەوە کوڵاندنی ئارد و ئاو وبێژان یا پنگە بۆ خەساندنی چەرم و تووکهاتنەوەی. لە هێندێک شوێن نیسک و ترش و خوێشی تێدەکەن.
هەڵاڵ دان
خۆشکردنی چەرم بە هەڵاڵ بۆ موو لێکردنەوە.
هەڵاڵ گرتنەوە
سازکردنی هەڵاڵ بۆ تووکهاتنەوەی چەرم.
مەشکە بنک کردن
دروونی بنی مەشکە.
مۆرەکی
جۆرە دروومانێکی قایمی لێوارەولێوارە کە بۆ دروونی قوونک و بنی مەشکە دەکار دەکری. خوری دوولا و سێلا دەڕێسن، بە درێشە کونی دەکەن و بە دەرزی گەورەش باقیەی [ جۆرێک دروومان ]دەکەن. نە ئاو دەدەڵێنێ و نە لێیدەچێ. لەوجێی ئەگە پێیدا دەزێ هەتا هەنگڵی خڵاس دەبێ مۆرەکی دەکەن.
بەنمەشکە
ئەو بەنەی کە زارکی مەشکەی پێ دەبەسترێ.
دۆرەمبێن /زاربێن/ زارمبێن
ئەو بەنەی زاری مەشکە و هەمبانەی پێ دەبەسترێ.
پشک
پینەیەک لە داربەڵاڵووک، کوولەکەسەراوی یا لقەگوێنی و شتی وا بۆ گرتنی کون و جێهەنگی مەشکە.
پشک لێدان/ پنج کردن
داربەڵاڵووک، کوولەکەسەراوی یا لقەگوێنی دە کون و جێهەنگی مەشکەڕاکردن. پشک تێڕاکردن.
پاشەمەشک
ئەو بەشە لە مەشکە کە دەکەوێتە پاشەوەی مەشکە.
لامەشکە
لایەکی مەشکە.
لامەشک لەگەڵ کەسێک هەڵگرتن
دەیانکوت ئەتۆ دەستت بەڕۆنە، دەبێ لامەشکێن دەگەڵ هەڵبگری دەبوو لامەشکم دەگەڵ گرتبان.
دارمەشک/سێپەک
ئەو سێ دارەی کە دەبنە سێپایەی مەشکە.
"چادر و چیغ پێچرانەوە، سێپەک هەڵپەسێران، مەشکە بەرچیغیان تێهەڵکێشرا و لە بنمیچی قورماوی نران.
(پەخشانی هێمن)
سێپەک هەڵبەستن
شەتەک دان و قایمکردنی سێپەک بە گوریس یا کەندر و شتی وا.
لۆلەپ/ دارلۆلەپ
داری لووس بۆ پێش و دواوەی مەشکە کە داردۆژەنگی بە زمانە تێخراوە.
" مەشکەم مەشکەی مانگایە / لۆلەپ لە دارخورمایە/ چوار پووت ڕۆنی تێدایە/ دوو پووت خەرجی ئاغایە"
(پایانیانی، ئەدەبیاتی زارەکی بەشی ژنان)
" بەرم دە کێوی شینە/ پشتم دە کێوی شینە/ دارلۆلەپم نەخشینە/ مەشکەژێنم ئامینە "
(پایانیانی، ئەدەبیاتی زارەکی بەشی ژنان)
نێودار
داری نێوان هەر دوو لۆلەپ کە بەسەر مەشکەدا دێ.
" مەشکێم نێوداری گوێزە/ ئەو گەنجە زۆر بزۆزە/بە جوانی خۆت سوێند دەدەم/ مەشکێم بۆ بڵێ بەسۆزە"
(پایانیانی، ئەدەبیاتی زارەکی بەشی ژنان)
دۆژەنگ/ دۆژینگ /دوێژینگ
ئەو دارەی کە دە ناو لۆلەپی مەشکە دەخرێ.
"مەشکە بژێ لە لێری/ داردۆژەنگی لە زێڕی/ بۆ خۆم کیژی باژێڕی "
(پایانیانی، ئەدەبیاتی زارەکی بەشی ژنان)