مامۆستا سەردار
هه موو ناوچەیەکی کوردستان به پێی کولتووری ناوچەیی، کۆمەڵێک تایبەتمەندیی خۆی هەیە. وەک چۆن زاراوە دەگۆڕێ هەر ئاواش جۆری خواردەمەنی و شتی دیکەش دەگۆڕێن. هێندێک چێشت هەن لەگەڵ ئەوەی ناوی تایبەتی خۆیان هەیە هەر بەم شێوەیەش تام و چێژی جیاوازیشیان هەیە. دەخوازم لەم بابەتەدا باس لەوە بکەم ئەم خواردنە تایبەتانە چۆن ئامادە دەکرێن و چیان تێ دەکرێ.
کەلەدۆش: کەلەدۆش بە تایبەتی لە دیوی جۆڵەمێرگ و ناوچەی سەرحەد و هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروست دەکرێ.
پێداویستییەکان:
1- گەنمی وردکراو یا ساوار
2-نۆک
3-فاسۆلیا
4- چۆرین (گیایەکی بۆنخۆشە)
5- گۆشتی نەرم (ئیختیاری)
6- ڕۆنی کەرە
7- بیبەری ورد
8- خوێ
9- پەتاتە
10-ماست
ئەوانەش دەکرێنە ناو ماستەکەوە:
1-سیر
2-هێلکە
3-ئارد (بە ڕادەی پێویست)
4- خوێ
دروستکردنی کەلەدۆش:
1- سەرەتا دەبێت دانەوێڵەکە (گەنم) بەباشی بکوڵێ نی
2- ئەو نۆک و فاسۆلیایەی پێشتر کوڵاندووتە بیکە ناوی
3- پەتاتەی وردکراوی تێ بکە
4- گۆشتی کوڵاو و ئاوی گۆشتی کوڵاوی پاڵێوراوی تێ بکە
5- گیای چۆرینەکە بە باشی بشۆ و لە قاپێکی جیادا بیکوڵێنە و بیپاڵێوە و جا بیکە ناو کەلەدۆشەکە.
6- کیلۆیەک ماست و سیر و خوێ و هێلکەیەک و 5 کەوچک ئاردی بەپێی تامی دڵخوازی خۆت تێکەڵ بکە و بیکە ناو کەلەدۆشەوە و لێیگەڕێ با باش بیکوڵێ.
7- ڕۆنی کەرە و بیباری ورد بۆ خواردنی سەر سفرەکەت ئامادە بکە.
خواردنەکەت ئامادەیە، دەتوانیت بیکەیە ناو قاپێکەوە و کەرەی قاڵبووی بەسەرداکەی و چێژ وەربگری!
تێبینی: تا ماست و چۆرین زیاتر بێت، تامی کەلەدۆش خۆشترە.
چۆنێتیی دروستکردنی گیپە:
خواردنێکی زۆر تایبەتە لە کوردستان. پێشتر لە بابەتێکدا باسمان لەوە کردبوو کە کورد بە شێوەی سروشتی دەژی. ئەو بوونەوەرانەش کە لە کوردستان بە شێوەی سروشتی دەژین، هەموو شتەکانیان بەسوودن و کورد بەکاریان دینێ. گیپەش خواردنێکە کە لە گەدە و ڕیخۆڵەی ئاژەڵ دورست دەکرێ و چێشتێکە کە لە هەموو کوردستاندا دەخورێ. هەرچەند ئێستا دەتوانین بڵێین لە زۆر وڵاتی دیکە و لە هەموو شوێنێک هەیە بەڵام تامە ڕەسەنەکەی هەر هی کوردستانە.
پێویستییەکان:
1-برنج
2- ڕەیحانە
3-پیاز (دوو دانە)
4-دەنکێک سیر
5- نیو کیلۆ قیمە
6- جاترە کێوی
7- خوێ
8- بیبەری وشک
9- بیبەری ڕەش
10- بیبەری ورد
11- چەوریی سنگی مەڕ
12- دۆشاوی تەماتە (روب)
چۆنێتیی دروستکردنی گیپە:
1- خوێ و سرکە بکە سەر ڕیخۆڵەکان و لە ناو سینییەکدا داینێ
2- بە باشی بیانشۆوە و چوار پێنج دەست ئاویان پێداکە
3- برنجەکەت بەباشی بشۆ
4- قیمەکە بکە ناو برنجەکەوە
5- سیرەکە ورد کە و بیکە ناوی
6- پیاز و گۆشتی نەرمە و بەهاراتەکان بەیەکەوە تێکەڵ بکە
7- گەدە و ڕیخۆڵەکانت پڕ بکە لەو تێکەڵەیەی دروستت کردووە و بیاندوورەوە.
8- بۆ ئەوەی پڕکردنی ڕیخۆڵەکان ئاسانتر بێت، بەراوەژوویان کەوە جا پڕیان کە.
9- پاشان گیپەکان و ڕیخۆڵەکان بخەرە ناو مەنجەڵەکەوە و ئاوی کوڵاوی بەسەردا بکە.
10- پیاز و بیبەر و جاترە و سیر بکەرە ناو ئاوەکەوە و داینێ با باش بکوڵێت.
چێشتەکەت ئامادەیە، نۆشی گیانت بێ.