جلوبەرگی ژنانی موکریان - بەشی 4

لەیلا نوورانی

 

 

کراسی پەپوولەپایزە                      

کراسێکە تەختی لە کراسی نەشمیلان دەکا و گوڵی لە شێوەی گوڵی پەپوولەپایزەی تێدایە و ڕەنگیان جۆراوجۆرە.

 

 کراسی پەشمینە               

کراسێکە لە پارچه‌یه‌کی پەشمیی، ئه‌ستوورایییه‌که‌ی ئه‌وه‌نده‌یه ده‌ست له بنیدا دیار نییه، ڕەنگی جۆراوجۆری هەبووه و ئێستاکەش هەر باوه.

 "ئەگە یاری من ناناسن، هەموو ساردی سبیانان دێتەوە لە ڕێی سەراوێ / بە کەراسێکی پەشمینپەشمینە»"

(خلە دەرزی: ئازیزە)

گێڕانەوە:  "جۆرە قه‌دیمەکەی پەشمینە هێند ناسک بوو فووت لێ کردبا با ده‌یبرد، بۆیه ده‌کرا به کراس و ده‌سماڵ و کۆڵوانه. جۆری سێ‌گوڵی ته‌ختگه‌شه‌که‌ی زۆرتر ده‌کرا به کراس. بۆ جله‌بووکیش بووه. پەشمینه کەم دەشۆرێ و زۆرتر ده ئاوی ساردی هەڵدەکێشن و زوو هەڵیدەخەن دەنا تەخت و گوڵی لێک دەهاڵێ. ئێستاکەش هەر باوه. زیاتر بۆ پشتێند کەڵکی لێ وەردەگیرێ و پیاوانیش دەکاری دەکەن. "

 

کراسی پەیوەند                 

کراسێک لە جۆرە پارچه‌‌یه‌کی ناسک و کونکونی هێندێک شه‌ق، دەوری کونەکانی بە سیم گیراوە و سه‌رانسه‌ریش پووڵه‌که‌ی لێ چندراوه. تایبه‌تی جله‌بووکه و هەربۆیەش پێی ده‌ڵێن په‌یوه‌ند. زۆرتر بووک سێ ڕۆژانه لەبەریان دەکرد. ڕەنگی به عام کاڵ بووه.

کراسی پەیوەندی کۆلکەزێڕینه                     

جۆرێکە لە جۆرەکانی په‌یوه‌ندی سپی کە جێ‌جێ حه‌وت ڕه‌نگی کاڵ دەنوێنێ.

کراسی پەیوەندی گوڵەگەنم  

جۆرە په‌یوه‌ندێک کە پووڵه‌که‌کانی به شێوەی گوڵه‌گه‌نم لێ چندراوه و کون‌کونیش نییه، ڕەنگی زەرد یان سپی هەبووه.

کراسی "پێم لێ مەنێ"

کراسێکە تەختی لە پارچه‌یه‌کی وه‌ک واڵ ته‌نک، خانه‌خانه‌‌یه و له نێوانی خانه‌کانی گوڵێکی گه‌وره‌ی ڕه‌نگیی تێدایه.

 

کراسی تافتە

1کراسێکە لە جۆرە قه‌نه‌وزێکی ناسک، ڕه‌نگی دیوی جوانیی و ناحه‌زیی یەک نییه. تافتە بۆ که‌واش که‌ڵکی لێ وه‌رگیراوه.

2 کراسێکە لە پارچەیەکی هاوریشمی دەسکرد: "گه‌ردنی هه‌ڵێنا چون حه‌وزی كه‌وسه‌ر / كراسی تافته‌ی ئاڵ وا كردی له‌به‌ر / له‌ پشتی به‌ستبو كه‌مبه‌ره‌ی گه‌وهه‌ر / خاڵ و ورده‌خاڵ بون ئه‌مبه‌ره‌وبه‌ر"

(ئەحمەدی لوتفی: بەیتی زەینەڵ و گۆزەڵ)

کراسی شامتافتە

کراسێکی تۆڕی ناسک کە گوڵەکەی لە تافتە بووە: "دەبەرخۆی کردبوو کراسێکی شامتافتەی مەڵحەمداری تەنکی عاسمانشینە / قەت قەت پەڕی مێشوولەی وەک وی تەنک نینە"

(حاجی ساڵە تەورە: بەیتی لاس و خەزاڵ)

"دەبەرە خۆی کردبوو کراسێکی شامتافتەی مەڵحەمداری لەوی دە تەنکی عاسمانیی شینە"

(حاجی ساڵە تەورە: گەلۆ)

 

کراسی تاکسی بەجێم مەهێڵە

تەنیا نێوی ماوه و هیچ زانیارییەکی لەسەر نییە.

 

کراسی تاوس      

1 کراسێکە لە پارچه‌یه‌کی مه‌خمه‌ری ناسکی سوور، وێنه‌ی تاوسی به ڕه‌نگی سپی له سه‌ر چندراوە و تایبه‌تی جله‌بووک بووە.

2 کراسێکە لە پارچەیەکی تۆڕی ناسک، داوێنه‌که‌ی وێنه‌ی تاوسی به زه‌ڕی چندراوی پێوه‌یه و ڕەنگی جۆراوجۆری هەبووه.

 کراسی پەڕی تاوس         

کراسێکە لە پارچه‌یه‌کی له حه‌ریر ناسکتر و شه‌قتر. به زه‌ڕی، په‌ڕی تاوسی لێ چندراوه بە جۆرێک کە په‌ڕه‌تاوسه‌کان له دروون‌دا ده‌که‌وتنه حاشێی کراسه‌که. (ژنانی قەدیم دەڵێن): ئەم کراسە به‌نرخ بووه و بۆ جله‌بووک به‌کار هاتووه.

 کراسی جووت تاوس        

ئەو کراسەی کە تاوسەکانی دوودوو ڕوویان تێکبێ.

 

کراسی تۆڕماهی  

کراسێکە تەختی لە پارچه‌یه‌کی تۆڕ، سه‌رانسه‌ر به پووڵه‌که‌ی ته‌ختی حه‌وت‌ ڕه‌نگ چندراوه و ته‌خته‌که‌ی دیار نییه.  (ژنانی قەدیم دەڵێن): تایبەتی جحێڵان بووە. تۆڕماهی بۆ که‌وا و سیخمه‌ش دەکار کراوە.

 

 کراسی تۆزەکە

هیچ زانیازییەکی لەسەر نییه.

 

کراسی توێژی ماری                     

کراسێکە تەختی لە پارچه‌یه‌کی تۆڕی زۆر نەرم و ناسک و کون‌ورد، گوڵی ڕه‌نگی تر و ده‌ڕژێی له‌سه‌ره و له ڕه‌نگی ته‌خته‌که‌ی نییه: "مەمك له‌ خۆشیان له‌ كراس هاتنه‌ ده‌ر / خاڵی گژنیژی عه‌تریان هاته‌ سه‌ر / وا له‌ خۆی توند كرد كه‌مبه‌ره‌ و كه‌مبه‌ر / كراسی توێژی مار هێنایه‌ گوزه‌ر / من نیمه‌ قاسید ببێ به‌ ته‌ته‌ر"

(ئەحمەد لوتفی: بەیتی زەینەڵ و گۆزەڵ)

لە دوورڕا وەک توێژەماری دەچێ.

           

کراسی جووڵەجووڵ                      

کراسێکە تەختی لە پارچه‌یه‌کی ناسکی به‌وه‌زن، گوڵ لە خۆیە و گوڵه‌کانی له ڕه‌نگی ترن. له‌ره‌ی دێ و دایمه دەڵێی ده‌جووڵێته‌وه.

 

 کراسی جەلسە     

"پێم كوت ئه‌ى جوانێ!‌ كراست جه‌لسه‌یه‌ / بریقه‌ى سه‌ر كوڵمه‌ت ده‌ڵه‌ى لیره‌یه‌ / كه‌ مادام وا بێ ماچێكم ده‌یه"

(سەیدعەلی سەردەشتی: بەیتی ئاسۆس)

 

کراسی جیران خۆم لێ مەدە   

هیچ زانیارییەکی لەسەر نیه.

KURDŞOP
1068 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!