ئاکۆ جەلیلییان، نووسەر و توێژەری خەڵکی پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە رێوڕەسمێکی شایستەدا لە شاری سلێمانیی باشووری کوردستان، خەڵاتی زێڕینی بلە (ئیبراهیم ئەحمەد) بۆ ساڵی 2023ی پێشکەش کرا.
ئەم خەڵاتە بە هۆی زیاتر لە 35 ساڵ هەوڵ و تێکۆشانی مامۆستا ئاکۆ جەلیلییان بۆ پاراستن و تۆمار کردنی وشەی زمانی کوردی و هەروەها تۆمار کردنی فۆلکلۆری ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێشکەش بەم نووسەرەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراوە.
ئاکۆ جەلیلیان ساڵی 1971 (1350ی کۆچیی هەتاوی) لە شاری ئاروونئاوا (شائاباد)ی پارێزگای کرماشان لە دایک بووە. ناوبراو نووسەر و توێژەری بواری فۆلکلۆری کوردی بە تایبەت لە ناوچەکانی کرماشان و ئیلام و لوڕستانە.
کاراکتێر دیزاینێر: هێمن قارەمانی
ئاکۆ جەلیلیان زیاتر بە هۆی فەرهەنگی باشوورەوە ناسراوە کە گەورەترین قامووسی وشەی زاراوەکانی کوردیی خوارینە کە 45 هەزار وشەی کوردیی ناوچەکانی کرماشان و ئیلام و لوڕستانی لەخۆی گرتووە.
ئەو توێژەرە کوردە، نزیکەی ۳۰ ساڵی تەمەنی بۆ گەڕان بەدوای وشەی پاراوی کوردیدا تەرخان کردووە و زۆرترین وشەی کوردیی لە زاری خەڵکی رەسەنی ئەو ناوچانەوە کۆکردووەتەوە و لە ئینسایکلۆپیدیایەک بە ناوی (کوردیکا)دا تۆماری کردوون. ئەنیسکلۆپیدیای کوردیکا، توێژینەوەیەکی مەزن، گشتگیر و بنچینەیییە کە تا ئێستا هاوشێوەی لە ناو کورددا نەبووە.
بەشی یەکەمی "کوردیکا" کە تایبەتە بە "وشەناسیی کوردی"، زیاتر لە 340 هەزار وشەی هەموو زاراوەکانی زمانی کوردیی لە 67000 لاپەڕەدا کۆ کردووەتەوە و بڕیار وایە لە 30 بەرگدا بڵاو بێتەوە. ئەم بەرهەمە تا ئێستا 9 بەرگی لە لایەن چاپەمەنیی "دیباچە"ی شاری کرماشانەوە چاپ و بڵاو بووەتەوە. ئەم 9 بەرگە لە 8000 لاپەرەدا ٧٣٠٠٠ وشە ( لە پیتی ئەلف هەتا خێ)یان لەخۆ گرتووە.
پاش بڵاو بوونەوەی ئەم 30 بەرگە بەشەکانی دیکەش کە تایبەتن بە جوگرافیا، مێژوو و کەلەپووری کورد بڵاو دەکرێنەوە.
بەشێک لەبەرهەمەکانی ئاکۆ جەلیلیان بریتین لە:
- فەرهەنگی باشوور کە ۴۵ هەزار وشەی کوردی ناوچەی کرماشان و ئیلام و لوڕستانە
- رەنگامە (کۆمەڵە چیرۆک)
- ئاگر مەلوچ رۆمان بە زاراوەی کرماشانی
- زەڕینە و سیمینە، چوار بەرگ کەکۆکردنەوە و ساخکردنەوەی تێکستی فۆلکلۆری ناوچەکانی کرماشانە وەک هۆنراوە و پەندی پێشینان و مەتەڵ
-تاریکخانە
-گەنجینەی زاراوە ئێرانیەکان
-ئینسایکلۆپیدیای کوردیکا