ڕێوڕەسمەکە لە کاتژمێر 2:45 پاش نیوەڕۆ بە سروودی نیشتمانیی ئەی ڕەقیب و چەند چرکەیەک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.
لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا پەیامی دەستەی ئامادەکاریی خەڵاتی زارا لە لایەن "کامیل نەجاڕی" بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی ڕێکخراوی کوردشۆپەوە خوێندرایەوە.
دواتر پەیامی ڕێکخراوی کوردشۆپ لە لایەن "وڵات قادری" سەرۆکی ڕێکخراوەکەوە پێشکەش کرا و پاشانیش شیعرێکی مامۆستا "ئاکۆ ئیلیاسی" کە بۆ مامۆستا "زارا محەممەدی" نووسرابوو لە لایەن خاتوو "دڵنیا لوتفی"یەوە خوێندرایەوە.
لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا ڕاپۆرتی لێژنەی داوەران سەبارەت بە چۆنێتیی هەڵبژاردنی براوەی خەڵاتەکە لە لایەن مامۆستا "خالید جەمیل محەممەد"ەوە خوێندرایەوە و ناوی "ڕێکخراوی فەرهەنگی-هونەریی ڤەژین"ی مەریوان وەک براوەی یەکەم خەڵاتی زارا ڕاگەیاندرا. خەڵاتەکە لە لایەن "وڵات قادری" سەرۆکی ڕێکخراوی کوردشۆپەوە، پێشکەشی "دوکتور حامید کۆنەپۆشی" نوێنەری ڕێکخراوی ڤەژین کرا.
دوکتور حامید پاش وەرگرتنی خەڵاتەکە لە لێدوانێکدا باسی لە گرینگیی بە دیجیتاڵیکردنی سامانی زمانی کوردی کرد و کورتەیەک لە چالاکییەکانی ڕێکخراوی ڤەژین لەم بوارەی خستە ڕوو.
دواتر ڤیدیۆیەک لەسەر چالاکییەکانی ڕێکخراوی ڤەژین لە شاری مەریوان و گوندەکانی دەوروبەری بڵاو کرایەوە.
بڕگەی کۆتایی ڕێوڕەسمەکە پەیامی بنەماڵەی مامۆستا "زارا محەممەدی" بوو کە لە لایەن "هەیبەت محەممەدی"، برای مامۆستا زاراوە پێشکەش کرا.