# ناو مانا
1 ماد نێوی کەونارای رەتەوەی کوردە کە لە سەدەی حەوتەمەوە تا کۆتایی سەدەی هەشتەمی بەر لە زایین دەوڵەتی مادیان پێک هێناوە و یەکەمین پاشایان نێوی دیاکۆ بووە و دواهەمین پاشای ئەم ئیپەراتۆرییەش ئەژدەهاک بووە کە عەرەب بە زوحاک و فارسیش بە ئازیدهاک نێوی دێنن؛ مادەکان لەگەڵ مانایی یەکان کە لە باشووری زەریای ورمێدا ژیاون خزم بوونە؛ مادەکان دوای ئەوەی کە ئاشوورییەکانیان لەناو برد، واتە ساڵی 618ی بەر لە زایین، تیرەکانی: ئیلام، پارس، هیرکان، تەبەری و باکتەری هێناوەتە ژێر فەرمانی خۆیان؛ بنەمای سۆلانی مادەکان، بریتین لە: گۆتییەکان، لۆلۆییەکان، کاسییەکان، میتانییەکان، سۆبارییەکان، نەیرییەکان، مانایی یەکان، کوردۆکەکان و ئۆرارتۆکانیان کە لە بەردەنووسەکانی: سۆمەری، ئەکەدی، بابلی و ئاسووریدا زۆرجار نێویان هاتووە؛ پایتەختی مادەکان. شاری هەمەدانی ئێستا بووە، بەڵام بە پێی نووسینەکانی هێرۆدۆت، ساڵی 550ی بەرلە زایین بە دەستی کوورشی هەخامەنشی لە دەسە‌ڵات کەوتوون؛ لە ژیار و شارستانییەتی مادەکان شتێک لە دەسڕەسدا نییە بەڵام پارسەکان لە دابوکرداری و تەنانەت جلوبەرگی مادەکان کەڵکیان وەرگرتووە؛ هیچ بەردەنووسیکیش نیشاندەری هێڵ و نووسینی مادەکان نییە بەڵام لە بەردەنووسەکانی ئاشوور و لە بەردەنووسەکانی هەخامەنشیدا دەتوانین شوێنی ژیاری مادەکان هەڵکەین؛ چەند میناک لە شوێنەواری مادەکان ماون کە بنەڕەتی ژیاری مادەکان نیشان دەدا و ئەم شوێنەوارانە بریتین لە: 1. پەیکەری شێرێکی بەردین لە هەمەدان، 2. دیمەنی کەندەکاری کراوی پیاوێک بە جلوبەرگی مادییەوە لە گۆڕیچەیێک لەلای سەرپێڵ زەهاو، کە ئێستا بە (دووکانی داوود) بەنێوبانگە، 3. دیمەنی فرووهەر بە سەر بەردێکەوە لەلای شاری سەحەنە، 4. گۆڕیچە یان سەراویلکەیەک لە دێرانی لورستان کە بە (تاقی فەرهاد) بەنێوبانگە، 5. پەیکەری کەندەکاریکراوی پیاوێک لە حاڵی پەرستندا لە گۆڕیچەیێکی بچووک لە گوندی (نەوئێسحاقوەند)ی نزیک کرماشان، 6. دیمەنی پاشا و رۆحانییێک کە هەر دوو لایان مەشخەڵی ئاگرە لە (قزقاپان)ی لای دووکان لە ناووچەی سلێمانی. 7. شاری هەمەدان بە حەوت ‌قەڵای رەنگاورەنگەوە و کۆشکێک کە نیشاندەری ژیاری بریسکەداری مادەکانە!
2 مادۆ لە وشەی ماد وەرگیراوە، بە واتای مادی بچووک. تیپی (ۆ) لە کۆتایی وشەی نێو لە کوردیدا واتای بچووککردنەوە دەدا لەبەر هەستی خۆشەویستی. وەکوو: جەماڵ: جەمۆ، یان حەسەن: حەسۆ.
3 مادۆسا نێوی هۆزێکی کورد بووە لە ناوچەی کەرکووک کە بە دەستی دەوڵەتی خوێنڕێژی عوسمانی هەڵداژراونەتە قبرس و لەوێ ماونەتەوە و لە نێوان تورکدا زمان و فەرهەنگی خۆیان وردە وردە لەبیر کردووە و بوونەتە تورک.
4 مارتیا بە پێی بەردەنووسەکەی کێوی بێستوون نێوی ئەو سەردارە کوردە ئیلامییەیە کە دژی داریووش راپەڕیوە.
5 مارد 1. سەرکێش، یاخی؛ 2. بەرز و هەڵاتوو؛ 3. نێوی کۆنی ماد بە زمانی یۆنانیی؛ 4. تیرەیەکی گەورەی کۆنی کوردن کە پشتی لوڕەکانن؛ 5. ‌قەڵایەک و گوندێکە لە ناوچەی لوڕنشینی بەهمەنشێر لە خوڕەمشار؛ 6. باژێڕی ئێستای ماردین لە کوردستان شمالی وەبیرخەرەوەی ئەم تیرەیەن.
6 ماردین 1. رەنگی سووری تۆخ؛ 2. لە تیرەی ماد. بڕوانە مارد؛ 3. نێوی شارێکی کوردنشینە لە کوردستانی باکوور لە نێوان دیاربەکر و نوسێبین، کە کوردەکانی ئەوێ بە مێردین نێوی دێنن. لە کۆندا بە (ماردوون)یش نێوبراوە؛ بڕوانە مارد لە بەشی کوڕان لە سەرەوە. لە فەرهەنگی (دێهخودا) ی فارسیدا هاتووە کە: ‌قەڵایەکە بەسەر چیای (جزیر) ەوە کە دەڕوانێ بە سەر (بەردەنیسەر! و دارا و نوسێبین) دا و ماردین یەکێ لە شارەکانی کوردستانە کە لە داوێنی چیای قەرجداخدا هەڵکەوتووە؛ بە پاڵەوان و شەڕکەرەکانی هۆزی میتان، کە هۆزێکی کورد بوونە، گوتوویانە: ماریا، هەندێ زانا دەڵێن: شاری ماردین شوێنێ ئەم هۆزە بووە و لە بنەڕەتدا نێوی شاری ماردین، ماریادین بووە و بەر لە هاتنی ئیسلام، لە سەردەمی زەڕدەشتییەکاندا بنیات نراوە. بەڵام عەباسییەکان لە 279 ی کۆچییدا پەلاماری دەدەن و وێرانی دەکەن. یاقووت الحموی دەڵێ: احمد بن مروان دوای ئەوەی کە بە سەر حەمدان بن حەمدوونی حاکمی ماردیندا سەردەکەوێ، ساڵی 440 ی کۆچیی ئەم ‌قەڵایەی لە سەرڕا ئاوەدان کردۆتەوە.
7 مارۆ 1. بەش، قەشە، قەشان، تەوێڵسپی، تەختی ناوچاوانسپی؛ 2. ئەسپێ کە خاڵی چەرمگ لە پایدایە، یان ئەسپێک کە مەچەکی دەستی سپی بێ. لە نێو خەڵکدا وایە کە دەڵێن: فڵانەکەس وەک گای مارۆ وایە، واتە هەمیشە لەبەرچاوە و ناسراوە.
8 مارۆن 1. گیایەکە بۆ سەرێشە باشە و (مرۆخۆش) یشی پێدەڵێن؛ 2. بەردێکی رەشە کە تێکەڵ بە کل یان کڵەی دەکەن بۆ چاو.
9 مازن 1. مەزن، گەورە؛ 2. سەرۆکهۆز.
10 مازین گوندێکە لە ناوچەی وان، لە کوردستانی ژێر دەسە‌ڵاتی تورکیە.
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!