# ناو مانا
971 لەنگەر 1. وەستان، مەنەر، وەکوو: وەستانی مەل لەکاتی فڕین و وەستانی چۆپیکێش لە کاتی هەڵپەڕیندا؛ 2. ئاسنی سەر بە قووڵایی بەزنجیرەوە بۆ وەستانی گەمی دەخرێتە دەریاوە؛ 3. خۆڕاگرتن و راوەستان لە شوێنی بەرز و باریک؛ 4. لەکارکەوتە؛ 5. لەفڕین راوەستانی باڵندە لە حەوا.
972 لەهۆن لهۆن، هەم ناوچە و هەم تیرەیەکە لە کورد لە هەورامانی کوردستان.
973 لەیرۆ 1. ساوای نێرینە، کۆرپەی نێرینە؛ 2. بە زاراوەی زازاکی واتە: رۆڵە، فرزەن، فەرزەن؛ 3. سەربەندی گۆرانییەکی کوردییە بە زاراوەی کرمانجی:
974 لەیلاخ هەوارگەی هاوینی، زۆزان، کوێستان.
975 لەیلان 1. بیاوان، چۆڵ و دەشت؛ 2. تراویلکە؛ 3. تریفە.
976 ماد نێوی کەونارای رەتەوەی کوردە کە لە سەدەی حەوتەمەوە تا کۆتایی سەدەی هەشتەمی بەر لە زایین دەوڵەتی مادیان پێک هێناوە و یەکەمین پاشایان نێوی دیاکۆ بووە و دواهەمین پاشای ئەم ئیپەراتۆرییەش ئەژدەهاک بووە کە عەرەب بە زوحاک و فارسیش بە ئازیدهاک نێوی دێنن؛ مادەکان لەگەڵ مانایی یەکان کە لە باشووری زەریای ورمێدا ژیاون خزم بوونە؛ مادەکان دوای ئەوەی کە ئاشوورییەکانیان لەناو برد، واتە ساڵی 618ی بەر لە زایین، تیرەکانی: ئیلام، پارس، هیرکان، تەبەری و باکتەری هێناوەتە ژێر فەرمانی خۆیان؛ بنەمای سۆلانی مادەکان، بریتین لە: گۆتییەکان، لۆلۆییەکان، کاسییەکان، میتانییەکان، سۆبارییەکان، نەیرییەکان، مانایی یەکان، کوردۆکەکان و ئۆرارتۆکانیان کە لە بەردەنووسەکانی: سۆمەری، ئەکەدی، بابلی و ئاسووریدا زۆرجار نێویان هاتووە؛ پایتەختی مادەکان. شاری هەمەدانی ئێستا بووە، بەڵام بە پێی نووسینەکانی هێرۆدۆت، ساڵی 550ی بەرلە زایین بە دەستی کوورشی هەخامەنشی لە دەسە‌ڵات کەوتوون؛ لە ژیار و شارستانییەتی مادەکان شتێک لە دەسڕەسدا نییە بەڵام پارسەکان لە دابوکرداری و تەنانەت جلوبەرگی مادەکان کەڵکیان وەرگرتووە؛ هیچ بەردەنووسیکیش نیشاندەری هێڵ و نووسینی مادەکان نییە بەڵام لە بەردەنووسەکانی ئاشوور و لە بەردەنووسەکانی هەخامەنشیدا دەتوانین شوێنی ژیاری مادەکان هەڵکەین؛ چەند میناک لە شوێنەواری مادەکان ماون کە بنەڕەتی ژیاری مادەکان نیشان دەدا و ئەم شوێنەوارانە بریتین لە: 1. پەیکەری شێرێکی بەردین لە هەمەدان، 2. دیمەنی کەندەکاری کراوی پیاوێک بە جلوبەرگی مادییەوە لە گۆڕیچەیێک لەلای سەرپێڵ زەهاو، کە ئێستا بە (دووکانی داوود) بەنێوبانگە، 3. دیمەنی فرووهەر بە سەر بەردێکەوە لەلای شاری سەحەنە، 4. گۆڕیچە یان سەراویلکەیەک لە دێرانی لورستان کە بە (تاقی فەرهاد) بەنێوبانگە، 5. پەیکەری کەندەکاریکراوی پیاوێک لە حاڵی پەرستندا لە گۆڕیچەیێکی بچووک لە گوندی (نەوئێسحاقوەند)ی نزیک کرماشان، 6. دیمەنی پاشا و رۆحانییێک کە هەر دوو لایان مەشخەڵی ئاگرە لە (قزقاپان)ی لای دووکان لە ناووچەی سلێمانی. 7. شاری هەمەدان بە حەوت ‌قەڵای رەنگاورەنگەوە و کۆشکێک کە نیشاندەری ژیاری بریسکەداری مادەکانە!
977 مادۆ لە وشەی ماد وەرگیراوە، بە واتای مادی بچووک. تیپی (ۆ) لە کۆتایی وشەی نێو لە کوردیدا واتای بچووککردنەوە دەدا لەبەر هەستی خۆشەویستی. وەکوو: جەماڵ: جەمۆ، یان حەسەن: حەسۆ.
978 مادۆسا نێوی هۆزێکی کورد بووە لە ناوچەی کەرکووک کە بە دەستی دەوڵەتی خوێنڕێژی عوسمانی هەڵداژراونەتە قبرس و لەوێ ماونەتەوە و لە نێوان تورکدا زمان و فەرهەنگی خۆیان وردە وردە لەبیر کردووە و بوونەتە تورک.
979 مارتیا بە پێی بەردەنووسەکەی کێوی بێستوون نێوی ئەو سەردارە کوردە ئیلامییەیە کە دژی داریووش راپەڕیوە.
980 مارد 1. سەرکێش، یاخی؛ 2. بەرز و هەڵاتوو؛ 3. نێوی کۆنی ماد بە زمانی یۆنانیی؛ 4. تیرەیەکی گەورەی کۆنی کوردن کە پشتی لوڕەکانن؛ 5. ‌قەڵایەک و گوندێکە لە ناوچەی لوڕنشینی بەهمەنشێر لە خوڕەمشار؛ 6. باژێڕی ئێستای ماردین لە کوردستان شمالی وەبیرخەرەوەی ئەم تیرەیەن.
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!