# ناو مانا
41 مەرینا گوندێکە لە باشووری کوردستان.
42 مەزەدار 1. خوێنشیرین، جوان و زەریف؛ 2. سەربەندی گۆرانییەکی فۆلکلۆری کوردییە.
43 مەستانە ژنی چاومەست و جوان و دڵگیر.
44 مەشان نێوی یەکەم ژنێکە کە لە بەشی 2ی لاپەرەی 44ی یەشتەکانی زەڕدەشتدا نێوی هاتووه: ئەهوورا، یەکەم مرۆڤی ئافڕاند کە نێوی کەیۆمەرس بوو، ئەو ماوەی سی ساڵ بە تەنیا لە چیاکان ژیانی تێپەڕ کرد، لە کاتی مردندا لە پشتی ئەو تۆوێک هاتە دەر، کە بە هۆی گزنگی هەتاو پاڵاوترا و لە ناو خاکدا پاراسترا، دوای چل ساڵ لەو تۆوە گیایەک بە شێوەی دوو ڕێواسی لێکهاڵاو لە مانگی مێر و ڕۆژی مێر (کاتی جێژنی مێرەگان) لە زەوی سەری هەڵدا و لەپاشان لە شێوەی گیایی هاتنەدەر و شێوەی مرۆڤیان بە خۆوە گرت کە لە باڵا و ڕوخساردا مینای یەک بوون، یەکیان نێر بە نێوی مەشیە و ئەوی تریان مێ بە نێوی مەشیانە کە دوای پەنجا ساڵ ئەو دووانە پێکەوە زەماوەندیان کرد. دواقی نۆ مانگان جووتێک نێر و می لەوان بوون کە لەم جووتەش حەوت و کوڕ و کج پەیدا بوون، کە نێوی یەکەم کچیان نرا (مەشان).
45 مەشین وشەیێکی کوردیی کرمانجییە واتە: گەڕان، دەرکەوتن، خۆنیشاندان. لە زاراوەی کوردیی کرمانجیدا وشەی (مەش) بۆ خۆپیشاندان بەکار دەبرێ.
46 مەندانە 1. مەندۆک، جۆرێک گیایە؛ 2. سەنگین و لەسەرخۆ. بڕوانە مەندێ.
47 مەندێ 1. گیایەکە لە شێوەی هەڵز کە لە ژاژی و پەنێر دەکرێ و مەڕوماڵاتیش دەیخۆن؛ 2. لە گۆرانیی کوردیدا هاتووە: مەندانە و مەندانێ، لێ لێ مەندێ.
48 مەنیژە پاک و خاوێن.
49 مەهاباد وشەی (ماەئاباد)، لە چیرۆکی (وەیس و ڕامین) دا، نێوی کۆنی (نەهاوەند) بووە کە (ماەدینار) یشیان پێگوتووە! لە زاراوەی پالەوی کۆندا، واتە ئەو زاراوەیەی کە کوردانی کەلهوڕ یان کەڵوڕ قسەی پێدەکەن، بە (شار) گوتوویانە: (ماه). عەرەبیش ئەم وشەیەی کردووە بە مەدینە! لە زمانی پالەوی ئەوێستاییشدا بە شار گوتوویانە: ماه، هەر لەبەرئەمە بە (نەهاوەند) گوتوویانە: ماەبەسرە و بە (دینەوەر) یش ماەکووفە! عەرەبیش بە هەر دووکی گوتوون: ماهان! لە کۆندا واتە لە سەردەمی ساسانییەکان بە ناوچەکانی هەمەدان و کرماشان و دینەوەر و نەهاوەند و پێشکۆ، گوتوویانە: وڵاتی ماە. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێ کە ئەم ناوە، پاشماوەی وشەی (ماد) و (مای) کۆنە کە ناوەندی وڵاتی ماد یان ئیمپەراتووریەتی ماد بووە. مەبەستیش لە (ماەکووفە)، دینەوەر و کرماشان بووە، تا هەڵوان، (ماەبەسرە)ش، نەهاوەند بووە هەتا دەگاتە (سیمەرە) لە ناوچەی لوڕستان. بە شوێنەمێنگە و ژینگەی مادەکانیشیان گوتووە: وڵاتی (ماد)، یان (مای). بە نەهاوەندیشیان گوتووە: ماەدینار. وشەی (ماە)، وشەی ئاڵشتکراوی (ماد)ە، کە نێوی تیرەی وڵاتی ڕۆژاوای ئێرانە. لە کۆپەڕەکەی ئەردەشێری پاپەکانیشدا ئەم وشەیە هەر هەمان وشەی کۆنی (مادیک) یان (ماد)ە کە لە زاراوەی کوردی پالەوی یان کەڵوڕیدا بە ماە نێوی هاتووە. لە کۆپەڕی مێژوونووسان و جوغرافیزانانی ئێرانیی و عەرەبیشدا نێوی ماە هاتووە و لە چیرۆکی (وەیس و ڕامین) یشدا کە لە پالەوییەوە کراوە بە فارسی، زۆر جار نێوی ماە هاتووە، چونکە وەیس کچی شاقاڕن و شاژنی شارۆ و خوشکی وەیرۆ و ژنی شامۆبد و خەڵکی وڵاتی ماد بووە، شاقاڕنیش پاشای وڵاتی ماد بووە. قازی ئەحمەد لە زمانی تۆفیق وەهبی کوردناسی زاناوە دەگێڕێتەوە و دەڵێ: (مادەکان بەرەبەرە، لەگەڵ کوردەکان خزمایەتییان کرد و تێکەڵ بوون، جا کوردەکانی ئیمڕۆ، بەرهەمی ئەو پێوەندییەن.) دوایە دەڵێ: {نێوی ماد بە شێوەی (ماس) یان (ماسی) یا مەهاباد (ماەئاباد)، لە نووسراوە و سەنەد و بەڵگە مێژوویی یەکاندا هەروا مابووەوە.)؛ قازی ئەحمەد دەڵێ: وەختێ من چیرۆکی دڵداریی (وەیس و ڕامین) م کە بەرەبەری ساڵی (446) ی کۆچیی فەخرەدین ئەسعەدی گورگانیی لە زمانی پالەوییەوە بە شیعر کردوویە بە فارسیی، دەخوێندەوە، لە چەند جێگا نێوی (وڵاتی ماە) یا (ماەئاباد)م وەبەرچاو هات کە بۆ وەڕاستگەڕانی قسەی تۆفیق وەهبی دەکرێ وەک بەڵگەیەکی پتەو ئاماژەی پێبکرێ؛ (وڵاتی ماە)، لە چیرۆکی (وەیس و ڕامین) دا بە ناوچەی ڕۆژاوا و شیمالی ڕۆژاوای ئێران و ئاران و ئەرمەنستان دەگوترا کە پاتەختەکەی هەمەدان بووە و ئەم هەرێمە لە مێژوودا هەر ئەو مەڵبەندی مادە}؛ مەهاباد: نێوی پێغەمبەرێک بووە کە بەر لە زەڕدەشت هاتووە و لە خوارەوەی گۆلی ورمێ لە دایک بووە؛ وشەی (ماد) لە سەردەمی ساسانییەکاندا گۆڕدراوە بە (مای) و پاشان بوە بە (ماه).
50 مەڵۆ 1. ئەو گوڵ و چیچک و وەنەوشەیەی کە پڕ بەدەست، یان پڕبەمشت دەیڕنێن و دەیبەستن و چەپکەی دەکەن بۆ دیاری؛ 2. ئالیکی دروێنەکراو، باوەشێ گیای دروێنەکراو، ئەو گیا و کەما و گزرەیەی کە بە داس یان کەرەنتوو لە جاڕ یان یاڵ و کێودا دەیبڕن و مەڵۆ مەڵۆ دایدەنێن و دوایی کۆی دەکەنەوە و دەیکەن بە تایه و لە خەرماندا هۆڵەی دەکەن بۆ زستانی ئاژەڵ‌؛ 3. بەشێ لە سێبەشی گیا و گزرەی دروێنەکراو. مەڵۆ، نێوی کچێکی دووڕەگە‌ لە دانمارک، کە دایکی دانمارکییە و باوکی کوردە.
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!