# ناو مانا
11 مامەند 1. مێنەماڵ، مامەندە، نیشتەجێ، ماندەگار؛ 2. نێوی چیایەکی بڵندە لە پشت کێوی ناوزەنگ بەرانبەر بە نۆکان لە کوردستانی باشوور، کە کەوتۆتە دۆژ سنووری دەسکردی ئێران و ئێراق؛ 3. نێوی قسەخۆشێکی بەنێوبانگی ناوچەی موکوریانە کە خەڵکی شەختانە و نێوی (مامەندەگۆڵەی شەختان)ە.
12 مانا 1. گوزارە، نیاز لە قسە یان نووسراو؛ 2. واتا؛ 3. وێکچوو، وێنوێن؛ 4. لە زەند و پازەندی ئاوێستادا بە واتای پەروەدگار و ئیزەد هاتووە؛ 5. تیرەیەکی کۆنی کورد بوونە کە لە خوارەوەی دەریای ورمێ ژیاون و پاشان کە بە دەسەڵات گەییشتن، پاتەختەکەیان بردە شاری زیویە یا (ئیزیرتوو) لە 50 کیلۆمیتری شاری سەقز. کۆنترین دەوڵەتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەوڵەتی مانایی یەکان بووە که یەکەم دەوڵەتی یەکگرتووی ناوچەکە بووە و مەڵبەندێکی بەرینی گرتۆتە خۆی و خاوەنی دەسەڵاتی لەشکریی و توانای ئابووری بەهێز بووە کە لەبەرانبەر ئاشوورییەکان و ئۆرارتۆکانا ڕاوەستاوە و دێریکی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای هەزارەی یەکەم و کۆتایی هەزارەی دووهەمی پێش زایین، واتە ئەو سەردەمەی کە ئارییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو ڕۆژاوا هاتوون؛ ماناکان بەشێک بوونە لە یەکیەتی هۆزەکانی لۆلۆیی و گۆتی کە لە مەنزوومەی زاگرۆس جیا دەبنەوە و خاکەکەیان ناوچەی ڕۆژهەڵاتی باشووری گۆلی ورمێ هەتا ڕۆژاوای باشووری زەریاچەی کاسپین بەتایبەت نێوان مەراغە تا سەقز و بۆکانی گرتۆتە بەر و بۆکانیش شارێک بووە لە شاری مانایی یەکان؛ ڕۆسا یەکەم شای ئۆرارتۆیییەکان لە هێرشی خۆیدا بۆ سەر ماناییەکان، 22 قەڵا یان 22 شاری مانایی یەکان داگیر دەکا، بەڵام سارگۆنی پاشای دووهەمی ئاشوور، لە 715 تا 716ی بەر لە زایین لە ڕواندز و حاجی ئۆمەرانەوە بەرەو پیرانشار و سندووس داگەڕاوە و پاش ماوەیەک ڕۆییشتن بەرەو زەریاچەی ورمێ گەڕاوەتەوە و لەشکرەکەی بە ئیندرقاش و قومقەڵای سابڵاغدا بەرەو میاندوئاو بە چەمی تەتەهۆدا خۆی گەیاندۆتە شیز واتە ئاورگەی ئازەر گوشەسپ و پاشان چۆتە سایین قەڵا کە ئەودەم نێوی (ئەوکان) بووە، لەوێ دڕندانە بەلووزەو داویەتی بە سەر مانایی یەکاندا، بەڵام دیسانیش هەر تێک نەچوونە تا دواتر مادەکان دەستیان بە سەر خاکەکەیاندا گرتووە؛ ئەم تیرەیە بە گوتەی برتانیکای ئینگلیسیی، کە لە ئینسکلۆپیدیای زمانی ئینگلیزیدا باسی کردووە: ماناکان لە لایەن سێ هێزی گەورەی سەردەمی خۆیانەوە گەمارۆ دراون، واتە: ئاشوور و ئۆرارتۆ و ماد، بەڵام دوای هێرشی سەکایییەکان و پەیدابوونی ماد، لە سەدەی حەوتەمی بەر لە زایین، ناسنامەی تیرەیی خۆیان لە دەست داوە و چوونەتە ژێر دەسەڵاتی مادەکان و دوژمنی گەورەی ماناکانیش دەوڵەتی ئاشوور بووە کە دوایی بە دەستی مادەکان تێدا چوون. بڕوانە دوو وشەی (مانای) و (مانیان).
13 مانداک نێوی یەکێ لە پاشاکانی ماد بووە کە یۆنانییەکان پێیدەڵێن: مانداکس.
14 مانیان 1. بێهاوتا و نادر؛ 2. نێوی کۆنی میتانییەکانە کە پێیان دەگوترێ: مانایی (میتانی)؛ 3. مانیان نێوی گوندێکە لەلای فیرووزاوای شیراز لە ناوچەی کووهەک کە بە ڕەگەز کوردن؛ 4. تیرەیەک بوونە لە کورد کە ئێستا هیچ شوێنەوارێکیان لێ لەپاش بەجێ نەماوە، مەگەر ڕۆژێک دۆزراوەکانی وڵاتی ماد چۆنییەتی ژیانیان بێنێتە دەست؛ 5. وشەی (مانیان)، لە وشەی (مانی) وەرگیراوە، بەواتای بەسراوە بە مانی، لە تیرەی مانی؛
15 ماکوان شاخێکی بەرزە لە باشووری کوردستان.
16 ماکۆ 1. پاکۆ، کۆکردنەوە و رێکوپێکردنی شت و مەک؛ 2. گیای دووراوی بەسەریەکادراو؛ 3. یەکێ لە شارە کۆنەکانی کوردستانە کە لە سەر سنووری ئازەرباییجان و کوردستان هەڵکەوتووە، بەڵام بە هۆی سیاسەتی دەوڵەتە یەکلەدوای یەکەکانی ئێران و لەبەر ئەوەی کە کورد لەو شارە لەژێر زوڵم و زۆردا بوو، ئێستا دانیشتوانی کورد و ئازەرین.
17 مشکۆ گۆرانیبێژی مەقامی بەنێوبانگی (لەپاش مەرگم)، نازنێوی هونەرمەندی گۆرانیبێژ (شەوکەت) هەولێرییە کە بە کوردیی و تورکمانیی گۆرانیی دەگوت.
18 موکری 1. موکوڕ، مکووڕ، خەستۆ؛ 2. بوێر، نەترس و ئازا؛ 3. خەڵکی سەرسەخت و یاخی؛ 4. چیانشین؛ 5. نێوی هۆزی موکرییە لە موکوریان کە داگری چەندین شار و ناوچەیە. دوای ئەوەی کە شاری کۆنی ئادریاس، لە نزیک شاری مەهابادی ئێستێ، لەسەر تەپکی مەحموود خان، دانیشتوانی رووی لە کەمی کرد، شارۆچکەیەک ساز بووە بە نێوی مەکران، کە وشەی موکوریان لەو وەرگیراوە. شارۆچکەی مەکران، بەگەورەیی و گرنگی دوو شار چێری و ئادریاس نەبووە، ئاسەواری ئەو شارۆچکەیە تەنیا هەندێ شتی ئەنتیکەیە کە وەدەست کەوتووە. نزیکەی چووارسەد ساڵی بەر لە زەمانی سەفەوییەکان، شاری سابڵاغ (ساوجبڵاغ)، کە وشەیەکی تورکیە و واتە: کانیسارد، ساز کرا و شارۆچکەی مەکران وردەوردە لەناو چوو. سەفەوییەکان هەرچەند بە بنەڕەت کورد بوونە، بەڵام زۆربەی سەرۆک هۆزەکانی برادۆست و موکوریانییان سەرکوت کردووە و بە سەر فرە ناوچەی کوردستاندا زاڵ بوونە. هۆزی موکری کە لەگەڵ سەفەوییەکان بەشەڕ هاتوون، لە زستانێکی سارد و سەخڵەتدا لە کێوێک نزیک قاراوی مەنگوڕ، لەسەرمان قڕیان هاتووە و ئێستا بەو کێوە دەڵێن: موکریقڕان. بۆ موکوریانیش مامۆستا جەمیل رۆژبەیانی دەڵێ: موکوریان لە بنەڕەتدا موغریان بووە کە گۆڕدراوە بە موکوریان واتە: رێگای موغەکان، یان ئاگرپەرستەکان. ئاترگەی شینر لە تیکاپ و پەرسگەی کەرەفتوو لەلای سەقز، کە هەموویان لە ناو خاکی کوردستان هەڵکەوتوون، جەختن بۆ وەڕاستگەڕانی ئەم بەڵگەیە.
19 میتراداد میتراداد یان مێهرداد، یەکێ لە شوانەکانی ئەژدەهاک بووە کە نێوی ژنەکەی سپاکا بووە.
20 میدیا 1. ماد، مەدیا، میدیا، نێوی دەوڵەتی مادەکان بووە؛ 2. ئەو شوێنەی کە مادەکانی لێ ژیاون؛ (میدی) یەکان لە رەگەزی هێند و ئورووپی بوونە و لە سەدەی نۆیەمی بەر لە زایین، لە ‌رۆژهەڵاتی زەلیای کاسپین یان قەزوێنەوە چوونەتە رۆژاوای باکووری کێوەکانی ئێران واتە وڵاتی (میدیا) و وردەوردە دەسە‌ڵاتیان بە سەر دراوسێکانیشیاندا پەیدا کردووە و لە کۆتایی سەدەی هەشتەمی بەر لە زایین، حوکوومەتێکی سەربەخۆیان دامەزراندووە و نەتەوەی پارسیشیان خستۆتە ژێر دەسە‌ڵاتی خۆیان و شاری هەگمتەنا یان هەکمتان، هەمەدان) ی ئێستایان کردووە بە پایتەخت، بەڵام ساڵی 550ی بەر لە زایین بە دەست کوورشی هەخامەنشی بەزیون و لە دەسە‌ڵات کەوتوون. وشەی ماد دواتر لە سەردەمی ساسانییەکاندا بووە بە (مای) و پاشان عەرەب کردوویەت بە (ماه)، بۆ میناک بە دینەوەریان گوتووە: ماه بەسرە و بە نەهاوەندیش: ماه کووفە! بڕوانه بۆ وشەی ماد.
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!