# ناو مانا
1431 هوزار باخ و گوڵزار.، بولبول
1432 هوما 1. پیرۆزە؛ 2. خودا، هومای.
1433 هۆرە 1. دەوروبەر؛ 2. پووازی ئەستوور بۆ قەڵشوێهاتنی دارێ کە بە تەور دەیشکێنن؛ 3. سەیرانگا؛ 4. جێگای زۆر بەرز؛ 5. سۆز و نارەنار؛ 6. کەلام یان سروودی ئایینیی ئەلحەق (یارسان)ەکان، پەیوەندیدار بە سەردەمی زەڕدەشت کە هەوایەکی کۆنە و لە مەراسم و ستایش و نیایشی ئایینییدا گوتراوە! هۆرە یەکجار کۆنە و بە زاراوەی کەڵوڕی و جافی دەگوترێ، هەم بە پێی ناوەکەی و هەمیش بە پێی مێلۆدییەکە، کە لە نێوان ئەلحەقەکاندا باوە و دەیچڕن، وا دەردەکەوێ کە هەر ئەو هەوا کۆنە بێ کە لە سەردەمی زەڕدەشتییەکاندا لە مەراسم و ستایشی ئایینییدا گوتراوه و لە کارنەمەی ئەردەشێری پاپەکاندا بە لحن اورامی (ئاوازی هەورامی) ناسراوە‌. هۆرە زۆرتر بە بێ مۆسیقا دگوترێ، بەڵام هەندێ جار لەگەڵ تەمبوور و بلوێریش گوتراوە! ئەم هەوایە وەک لە سەرەوە باسم کرد، ڕیتم و میزانی نییە و لە گوتندا ئازادە و بە دەنگی پچڕپچڕ دەگوترێ. هۆرە زۆرتر بە قوڕگ دەگوترێ و هۆرەبێژ، دەستێکی یان هەردوو دەستی لە پشت گوێ دەنێ و هەواکەی پێ دەچڕێ! لە باری زانستی مۆسیقاوە یەک پەردەیە و ئەگەر لە سۆلەوە دەست پێ بکا، هەر بە سۆل کۆتایی پێدێ! وشەی (هۆرە) لەبەر ئەوەی کە بۆ ستایشی ئەهوورامەزدا گوتراوە، لە واژەی (ئەهوورا) وەرگیراوە و هەر بەو شێوەیەی کە لە کۆندا گوتراوە، لەناو پەیرەوانی ئایینی یارساندا دەگوترێتەوە. هۆرە لەکاتی مردنی کەسێک، یان ڕوودانی کارەساتێک، بە هەوایەکی زۆر خەمگین دەگوترێ. شیعرەکانی هۆرە لە کۆندا هەڵگری گوتە پیرۆز و ئاسمانییەکانی ئاوێستا بووە، بەڵام لەو کاتەوە کە ئایینی ئیسلام لەناو کورددا جێگەی گرتووە، هۆرە لە لایەن دەروێش و سۆفییەکانی کوردستانەوە شێوەی ئایینیی گرتۆتە خۆی و بە هۆنراوەی عیرفانییش دەگوترێ. بێژگە لەمەش بە شیعری دڵدارییش دەگوترێ و هۆرە بەگشتیی، هەم لە شایی، هەمیش لەپرسەدا دەیچڕن. هۆرە وەکوو گاتاکان، بە شیعری بیست بڕگەیی دەخوێنرێ. هۆرە لە ناوچەکانی گۆران، سەنجابی، قەڵخانیی، زەهاو، خانەقین و کرماشان و ئیلام و لوڕستاندا باوە و دەگوترێ. هۆرە ئەوەندە بەسۆزە کە لەو ناوچانە (کزە) شی پێدەڵێن! هۆرە بەیانگەری داستانگەلی عاشقی و حەماسی و قارەمانانەیە و بەنێوبانگترین و کۆنترین هۆرە، هۆرەی (عەزیز و تەکش) ە، کە داستانێکی حەماسییە! جۆرەکانی هۆرە بریتین لە: گوڵەخاک، لوڕیچڕ، سووارانە، قەڵوەزیچڕ، قاچاخچیچڕ، دوودەنگیی (دووقۆڵیی)، غەریبیچڕ، ئەکوەرخانیی، کڵاودڕ، یەکدەنگیی، ئەرکەوازیچڕ، هەی سووار هەی سووار، گڵەوەدەر، یۆسۆ کڵاوزەر، باندەسانیی، شاحوسێنیی، سارۆخانیی، جڵەوشایی، تەرز، مەجنوون، سەحەریی، باریە، دۆباڵا، غەریویی، بانبنەیی و پاموورەیی. دوو جۆری جیاوازی هۆرەشمان هەیە کە کۆنن، وەکوو: موور بۆ شیوەن و هەرا بۆ شەڕ لەگەڵ دوژمن.
1434 هۆما 1. هوما، هومای، بە زاراوەی زازاکی واتە: یەزدان، خودا، خودێ، پەروەردگار؛ 2. دڵبەستن بە ئەنجامدانی کاری چاک یان خراپ؛ 3. گۆرانیگوتن بۆ منداڵ بە مەبەستی کردنەخەو؛ 4. مەلێکە کە لە میتۆلۆژی ئێراندا وا باوە کە: سێوەری بکەوێتە سەر سەری هەرکەسێک دبێتە پاشا و خاوەن تاج و تەخت؛ 5. گوندێکی کوردنشینە لە ناوچەی برووجرد.
1435 هۆنا 1. دەنگی خۆش، دەنگی بەسۆز، وەکوو: به (هۆنا)یەکی خۆش دەستی پێکرد؛ 2. هێژی، هەنووکە، هێشتا.
1436 هۆنیا خۆنیا، خۆن لە زاراوەی پالەوی یان کەڵوڕی کۆندا مانای خۆش و ئاواز دەدا. ئەم وشەیە لە کۆندا بە پێی نووسراوەیەکی (خاتوو ماری بۆییس)، کە لەمەڕ خونیاگەریی یان بەیتبێژی لە کۆپەڕی (خونیاگەری لە ئێرانی گەورەدا!!!) بڵاوی کردۆتەوە و وەرگێڕدراوەتە سەر فارسی، ئاماژەی بەوە کردووە: وشەی خونیا لە بنەڕەتدا هۆنیا بووە کە تیپی یەکەمی واتە: (هـ) ، کراوە بە (خ)! وشەی خونیاگەر لەم وشەیە بە ئاوێتەی دوو وشەی (خۆنیا و گەر)درووست کراوە کە لە بنەڕەتدا (هۆنیا واچ) بووە! دیتنەکەی ماری بۆییس، درووستە بەڵام، لە بنەڕەتدا وا نییە و هۆنیاواچ،‌ لە زاراوەی هەورامیدا واتای بەیتبێژ دەدا. هۆنیا واتە: خۆش، گۆرانیی خۆش و واچیش یانێ: گوتن و خوێندن. لە ئێرانی کۆندا دوور نییە دوای ساسانییەکان، وشەی (هۆنیا واچیان کردووە بە خونیاگەر و خونیاگەریان کردووە بە ڕامشگەر و ڕامشگەریان کردووە بە چامەگوو!) خۆنیاگەر کەسێ بووە کە بەیتبێژ و گۆرانیبێژ بووە، واتە هەم هۆنراوەی داناوە، هەمیش بە گۆرانیی گوتوویەتی. ئەم شێوە گۆرانیگوتنە تەنیا لەناو کوردەکاندا باو بووە و ئەمڕۆش شوێنەوارەکەی ماوەتەوە و لە باکووری کوردستانی گەورە، واتە لە کوردستانی ژێردەستی تورکیە و ئێراق و سووریە و ئێران و تەنانەت ئەو کوردانەی کە ئەرمەنستان و ئازەرباییجان و گورجستان و ئەو وڵاتانەی کە کوردی بۆ هەڵداژراوە باوە و ماوە. بەو گۆرانیبێژانەش کە ئەم گۆرانییانە دەچڕن، دەڵێن: بەیتبێژ. بەیت کە هیچ پێوەندییەکی بە (بێت)ی عەرەبییەوە کە واتای خانوو دەدا، نییە، بەڵکوو واتە شعر کە ڕیشەی هەمان وشەی پادی ئاڤێستایی دەدا کە واتە شعر و لە ڕیشەی (پۆیێت)ی لاتینیی کەوتۆتەوە کە واتای شاعر دەدا. وەکوو بەیتی وەیس و ڕامین کە لە بنەڕەتدا کوردییە و بە زاراوەی کوردیی کەڵوڕی گوتراوە و بە هەڵە یان بە ئەنقەست لە ئێراندا پێیدەڵێن: زبان پهلوی!! و پاشان بە مەبەستی نزیککردنەوە لە فارسیی، وەکوو هۆنراوەکانی بابا تاهیری عوریان کە ئەویش بە زاراوەی کەڵوڕی گوتراوە دەستیان لێداوە!! لە زمانی کوردیدا بەو داستان و چیرۆکگەلەی کە لە کۆندا سینە بە سینە ماونەتەوە و زۆر داستانی حەماسی و کۆمەڵایەتی دیکە کە بە ئاواز دەگوترێ، دەڵێن: بەیت. بەیت لەگەڵ دەسگای بەیات کە لە فارسیدا شووری پێدەڵێن، یەک ڕیشەیە. بەیت لەباری کۆمەڵناسی و مێژوو و جوغرافیاوە گرنگە. ئاوازەکانی حەیران و لاوک و حەیرانۆک، کە لە مێلۆدییە کۆنەکانی کوردین، سەر بە بەیتن. بەیت جۆری جیاوازی هەیە، وەک چۆن لە ناوەڕۆکدا تەواو کوردییە، لە قاڵبیشدا هەروەهایە. بڕوانە بۆ گاتا.
1437 هێروو هەڵووژە، هەڵووچەپاییزەی سوور. ئەم وشەیە لە ناوچەی مەریوان بەکار دێ.
1438 هێرۆ 1. هەرمەڵە، گیایەکی بەرزی گەڵاپانە، لاسکی ئەستوورە؛ 2. نێوی گوندێکە لەناوچەی قەڵادزێ لە باشووری کوردستان.
1439 هێزان زۆردار، بەتاقەت، بەهێز.
1440 هێشوو 1. هێشووی ترێ، هۆشەی هەنگوور؛ 2. گوڵی دەخڵ.
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!