1341 |
مراز |
نیازی دڵ، ئارەزووی خواستنی شتێک، مراد. |
1342 |
مرواری |
لوولوو، گەوهەرێکی دەریایی ناو سەدەفە، بەردێکی جووانی سپییە کە زۆر بەنرخە. |
1343 |
مرۆت |
ئینساف، کاری ڕەواکردن، لە کاری ناڕەوا پارێزکردن، ئەم نێوە لە موکوریان و مەنگوڕان زۆر باوە. |
1344 |
مزگێن |
مزگێنی، مزگانی، مژدە. |
1345 |
مژۆڵ |
برژۆڵ، برژانگ. |
1346 |
ملوانە |
ملوانک، گەردنبەن. |
1347 |
مهاباد |
وشەی (ماەئاباد)، لە چیرۆکی (وەیس و ڕامین) دا، نێوی کۆنی (نەهاوەند) بووە کە (ماەدینار) یشیان پێگوتووە! لە زاراوەی پالەوی کۆندا، واتە ئەو زاراوەیەی کە کوردانی کەلهوڕ یان کەڵوڕ قسەی پێدەکەن، بە (شار) گوتوویانە: (ماه). عەرەبیش ئەم وشەیەی کردووە بە مەدینە! لە زمانی پالەوی ئەوێستاییشدا بە شار گوتوویانە: ماه، هەر لەبەرئەمە بە (نەهاوەند) گوتوویانە: ماەبەسرە و بە (دینەوەر) یش ماەکووفە! عەرەبیش بە هەر دووکی گوتوون: ماهان! لە کۆندا واتە لە سەردەمی ساسانییەکان بە ناوچەکانی هەمەدان و کرماشان و دینەوەر و نەهاوەند و پێشکۆ، گوتوویانە: وڵاتی ماە. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێ کە ئەم ناوە، پاشماوەی وشەی (ماد) و (مای) کۆنە کە ناوەندی وڵاتی ماد یان ئیمپەراتووریەتی ماد بووە. مەبەستیش لە (ماەکووفە)، دینەوەر و کرماشان بووە، تا هەڵوان، (ماەبەسرە)ش، نەهاوەند بووە هەتا دەگاتە (سیمەرە) لە ناوچەی لوڕستان. بە شوێنەمێنگە و ژینگەی مادەکانیشیان گوتووە: وڵاتی (ماد)، یان (مای). بە نەهاوەندیشیان گوتووە: ماەدینار. وشەی (ماە)، وشەی ئاڵشتکراوی (ماد)ە، کە نێوی تیرەی وڵاتی ڕۆژاوای ئێرانە. لە کۆپەڕەکەی ئەردەشێری پاپەکانیشدا ئەم وشەیە هەر هەمان وشەی کۆنی (مادیک) یان (ماد)ە کە لە زاراوەی کوردی پالەوی یان کەڵوڕیدا بە ماە نێوی هاتووە. لە کۆپەڕی مێژوونووسان و جوغرافیزانانی ئێرانیی و عەرەبیشدا نێوی ماە هاتووە و لە چیرۆکی (وەیس و ڕامین) یشدا کە لە پالەوییەوە کراوە بە فارسی، زۆر جار نێوی ماە هاتووە، چونکە وەیس کچی شاقاڕن و شاژنی شارۆ و خوشکی وەیرۆ و ژنی شامۆبد و خەڵکی وڵاتی ماد بووە، شاقاڕنیش پاشای وڵاتی ماد بووە. قازی ئەحمەد لە زمانی تۆفیق وەهبی کوردناسی زاناوە دەگێڕێتەوە و دەڵێ: (مادەکان بەرەبەرە، لەگەڵ کوردەکان خزمایەتییان کرد و تێکەڵ بوون، جا کوردەکانی ئیمڕۆ، بەرهەمی ئەو پێوەندییەن.) دوایە دەڵێ: {نێوی ماد بە شێوەی (ماس) یان (ماسی) یا مەهاباد (ماەئاباد)، لە نووسراوە و سەنەد و بەڵگە مێژوویی یەکاندا هەروا مابووەوە.)؛ قازی ئەحمەد دەڵێ: وەختێ من چیرۆکی دڵداریی (وەیس و ڕامین) م کە بەرەبەری ساڵی (446) ی کۆچیی فەخرەدین ئەسعەدی گورگانیی لە زمانی پالەوییەوە بە شیعر کردوویە بە فارسیی، دەخوێندەوە، لە چەند جێگا نێوی (وڵاتی ماە) یا (ماەئاباد)م وەبەرچاو هات کە بۆ وەڕاستگەڕانی قسەی تۆفیق وەهبی دەکرێ وەک بەڵگەیەکی پتەو ئاماژەی پێبکرێ؛ (وڵاتی ماە)، لە چیرۆکی (وەیس و ڕامین) دا بە ناوچەی ڕۆژاوا و شیمالی ڕۆژاوای ئێران و ئاران و ئەرمەنستان دەگوترا کە پاتەختەکەی هەمەدان بووە و ئەم هەرێمە لە مێژوودا هەر ئەو مەڵبەندی مادە}؛ مەهاباد: نێوی پێغەمبەرێک بووە کە بەر لە زەڕدەشت هاتووە و لە خوارەوەی گۆلی ورمێ لە دایک بووە؛ وشەی (ماد) لە سەردەمی ساسانییەکاندا گۆڕدراوە بە (مای) و پاشان بوە بە (ماه). |
1348 |
مینا |
1. شیشە، بلۆر؛ 2. ئاماژە بە گەردنی بەرز و جووان، (گەردن مینای تەڕ)؛ 3. ڕوو، ڕوومەت، (وازی لێ بێنە، مینای خۆت مەشکێنە)، واتە: حورمەتی خۆت مەشکێنە؛ 4. لە زاراوەی کرمانجیدا مینا واتە: وەکوو، وەک، وێنە، نموونە، (مینا گولا سۆسن: وەکوو گوڵی سوێسن)؛ 5. مینا نێوی دایکی پاپەکی باوکی ئەردەشێری پاپەکان بووە. لە پێوەندیی لەگەڵ مینادا دەبێ بگوترێ: (هۆزی بازرنگی (بەرزنجی) کە لە دواییدا بووە بە (بازرگان)، یەکێکن لە هۆزە گەورە و دێرینەکانی کورد. لە کۆپەڕی (المسالک و الممالک)دا، کە ساڵی 846 ی زایین نووسراوە، هاتووە: لە ناوچەی شووانکارەدا چووار هۆزی گەورەی کورد ژیاوە، بە نێوەکانی: هۆزی بازرگان، هۆزی ئەردامی کوڕی جووانا، هۆزی گۆریا، هۆزی سوواران. هۆزی بازرنگی زۆر کۆنن و دەگەڕێنەوە بۆ پێش لە دایکبوونی حەزرەتی مەسێح. لە سەرەتای سێهەمی زاییندا، ساسان نێوێک، کە زۆر ڕۆشنبیر و زانا بووە و گەورەی ئایینی زەڕدەشتی بووە لە پەرستنگای (ئاناهیتا)، کچێکی لە هۆزی بازرنگی (بەرزنجی) کورد خواستووە، ئەم کچە نێوی (مینابەهەشت) بووە، یەکەم منداڵی مینابەهەشت و ساسان کوڕ دەبێت و نێوی دەنێن پاپەک. کاتێ پاپەک گەورە دەبێت و خێزان پێکەوە دەنێت، ئەویش یەکەم منداڵی کوڕ دەبێ و نێوی دەنێ ئاردەشێر، لەم بنەماڵەیەوە ئیمپەراتۆری ساسانیی درووست بووە، کە ئایینی زەڕدەشتیی ئایینی ڕەسمی دەوڵەت بووە و ئاڤێستا لەسەردەمی ئەماندا، لەسەر 21 پێستی گا، بە ئاوی زێڕ نووسراوەتەوە. لێرەدا بۆمان دەردەکەوێ کە (مینابەهەشت) دایەگەورەی ساسانییەکانە. |
1349 |
مێخەک |
لە ناوچەکانی هەولێر و ڕواندز و دەوروبەر بە مێخەک دەڵێن: قەنەفڕ، یان قەنەفڵ؛ لە باکووری کوردستانیش دەڵێن: نەفەل؛ مێخەک: گوڵی درەختێکی گەرمیانییە، بۆنی زۆر خۆشە و وشک دەکرێ و ژنان لە بەرۆک و سینگی خۆیانی دەدەن، مێخەک بە وشکی تا چەند ساڵ بۆنی هەر دەمێنێ و هەر جارێک کە لە ئاوی هەڵکێشی، یان بۆ چەند کاتژمێرێک لە ناو ئاودا بیهێڵیتەوە، پاش ئەوەی کە لە ئاوەکەت دەرهێنا، بۆنی هەر وەکوو ئەو یەکەمجارەیە کە لە دارەکەت کردبێتەوە؛ مێخەک هەروەها بۆ ددانئێشەش بەکاری دەبەن. |
1350 |
مێرگ |
گیاجاڕ، چیمەن و سەوزایی، مێرگ و سەوزوگیا. |