1121 |
هەورامان |
هۆرامان، هەرێمێکی شاخاویی و بەرینە کە سنووری دەسکردی ئێران و ئێراق کردوویە بە دوو بەشەوە و بەشی هەر زۆری کەوتۆتە ناو کوردستانی بندەستی ئێران؛ هەورامان کەوتۆتە نێوان شارەکانی: کرماشان و سنە و هەڵەبجه و سەی سادق و مەریوان؛ هەورامان داگری چەند شار و شارۆچکەی بچووک و چەندین گوند و ئاوایی گەورە و بچووک؛ هەورامان لە دوو وشە پێک هاتووە و چەندین مانای هەیە: 1. لە دوو وشەی: (ئۆرا) و (مان) پێکهاتووە، کە ئۆرا واتە ئەهوورا و مان واتە بنەماڵە و هەورامان، واتای: (بنەماڵەی ئەهووراییەکان) دەدا؛ 2. له دوو وشەی (هۆر) و (ئامان) پێکهاتووە کە هۆر واتە: هەتاو و ئامان واتە جێگای هەڵاتن و هەورامان مانای جێگای (هەڵاتنی خۆر) دەدا؛ 3. هەورامان واتە: جێگای بەرز و سەرکێش؛ 4. واتایەکی دیکەی هۆرامان یان ئۆرامەنان ئەوەیە کە هەوایەکی کۆنی کوردی بووە لە سەردەمی زەڕدەشتییەکاندا کە بۆ ستایش یان عیبادەتی کاتی خۆرهەڵات گوتراوە و لە کارنامەی ئەردەشیری بابەکاندا بە لەحنی ئەورامەن نێوی براوە و بە کورتی، هەر دەبێتە ئەو هۆرەیەی کە ئەمڕۆ بۆ ئێمە ماوەتەوە و بە دیالێکتی کەلهوڕیی گۆرانەکان بۆ ستایشی ئەهوورا مەزدا، چڕیویانە و دەیچڕن. بڕوانە ماندان لە بەشی کچان. |
1122 |
هەڕەت |
1. تاف، ئاز، تۆخ، وەکوو: (تافی لاوەتی) یان (تۆخی لاوەتی)؛ 2. جەنگە، کاتی زۆربوونی شتێک؛ 3. دەرفەت، کیس. |
1123 |
واران |
1. وەشت، باران؛ 2. گوندێکە لە سەر ڕێگای سەردەشت بۆ خانێ، لە کوردستانی ڕۆژهەڵات. بە زاراوەی کەڵوڕی واتە: باران، هەڵمێ کە لە ئاسمانەوە بە تنۆک دێتە خوارێ: سەرەفکـــەندەبــەر چوون شـــەرمەزاران چەمەی چەمهۆرکەر چوون سـەیل واران (مەولەوی) بە زاراوەی کرمانجیش واران واتە: هەواران، وەکوو: ماڵان بارکر چــــــوونە واران لێ سەبی مامە لێ، بەردیواران لێ (گەلێری) واران کۆی وشەی (وار)ە که دوو مانا دەدا، یەکە: هەوار و کەپر و کەوێڵی کوێستان و زۆزان، دووهەم: وار واتە: ئەو تەڵەکەیەی کە لە کاتی قوماردا وەردەگیرێ. |
1124 |
وانیار |
خوێندەوار، ئەو کەسەی خوێندنی تەواو کردووە. |
1125 |
وردبین |
1. ئاماژە بە مرۆڤی وریا و تێگەییشتوو؛ 2. بیرتیژ و بەهۆش. |
1126 |
ورمێ |
وشەی ورمێ، درووستەکەی (ئورمیا) یە کە لە دوو وشەی ئوور واتە: شار یا مەڵبەند و میا واتە: ئاو پێکهاتووە کە ماناکەی دەبێتە: شار یان مەڵبەندی ئاو. هەرچەند ئەرمەنی زۆری لێدەژی، بەڵام وشەکە وشەیەکی ئاشوورییە. |
1127 |
وریا |
زرت و زینگ، زیرەک و بەهۆش. |
1128 |
ولیان |
1. باران لە دوای باران، وەکوو: بارانی چی، ولیانە! 2. نێوی سێ گوندە کە یەکێکیان لە ناوچەی (کەرەج)ە و دوو گوندەکەی دیکەشیان لە لای (چاڵانچۆڵان) و (واڵانگرد)ە، لە ناوچەی برووجرد (برووگرد)، لە ناوچەی لوڕستان کە کوردن؛ 3. هەروەها نێوی گوندێکە لە ناوچەی قەراخ لە سلێمانی. |
1129 |
وڵات |
1. ، نیشتمان، بە سەرزەوینی جێگەژیانی خەڵک؛ 2. هێما بە دار و دیوار و دەوروبەر. |
1130 |
وێرا |
ئازا، نەترس. |