# ناو مانا
991 ماکۆ 1. پاکۆ، کۆکردنەوە و رێکوپێکردنی شت و مەک؛ 2. گیای دووراوی بەسەریەکادراو؛ 3. یەکێ لە شارە کۆنەکانی کوردستانە کە لە سەر سنووری ئازەرباییجان و کوردستان هەڵکەوتووە، بەڵام بە هۆی سیاسەتی دەوڵەتە یەکلەدوای یەکەکانی ئێران و لەبەر ئەوەی کە کورد لەو شارە لەژێر زوڵم و زۆردا بوو، ئێستا دانیشتوانی کورد و ئازەرین.
992 مشکۆ گۆرانیبێژی مەقامی بەنێوبانگی (لەپاش مەرگم)، نازنێوی هونەرمەندی گۆرانیبێژ (شەوکەت) هەولێرییە کە بە کوردیی و تورکمانیی گۆرانیی دەگوت.
993 موکری 1. موکوڕ، مکووڕ، خەستۆ؛ 2. بوێر، نەترس و ئازا؛ 3. خەڵکی سەرسەخت و یاخی؛ 4. چیانشین؛ 5. نێوی هۆزی موکرییە لە موکوریان کە داگری چەندین شار و ناوچەیە. دوای ئەوەی کە شاری کۆنی ئادریاس، لە نزیک شاری مەهابادی ئێستێ، لەسەر تەپکی مەحموود خان، دانیشتوانی رووی لە کەمی کرد، شارۆچکەیەک ساز بووە بە نێوی مەکران، کە وشەی موکوریان لەو وەرگیراوە. شارۆچکەی مەکران، بەگەورەیی و گرنگی دوو شار چێری و ئادریاس نەبووە، ئاسەواری ئەو شارۆچکەیە تەنیا هەندێ شتی ئەنتیکەیە کە وەدەست کەوتووە. نزیکەی چووارسەد ساڵی بەر لە زەمانی سەفەوییەکان، شاری سابڵاغ (ساوجبڵاغ)، کە وشەیەکی تورکیە و واتە: کانیسارد، ساز کرا و شارۆچکەی مەکران وردەوردە لەناو چوو. سەفەوییەکان هەرچەند بە بنەڕەت کورد بوونە، بەڵام زۆربەی سەرۆک هۆزەکانی برادۆست و موکوریانییان سەرکوت کردووە و بە سەر فرە ناوچەی کوردستاندا زاڵ بوونە. هۆزی موکری کە لەگەڵ سەفەوییەکان بەشەڕ هاتوون، لە زستانێکی سارد و سەخڵەتدا لە کێوێک نزیک قاراوی مەنگوڕ، لەسەرمان قڕیان هاتووە و ئێستا بەو کێوە دەڵێن: موکریقڕان. بۆ موکوریانیش مامۆستا جەمیل رۆژبەیانی دەڵێ: موکوریان لە بنەڕەتدا موغریان بووە کە گۆڕدراوە بە موکوریان واتە: رێگای موغەکان، یان ئاگرپەرستەکان. ئاترگەی شینر لە تیکاپ و پەرسگەی کەرەفتوو لەلای سەقز، کە هەموویان لە ناو خاکی کوردستان هەڵکەوتوون، جەختن بۆ وەڕاستگەڕانی ئەم بەڵگەیە.
994 میتراداد میتراداد یان مێهرداد، یەکێ لە شوانەکانی ئەژدەهاک بووە کە نێوی ژنەکەی سپاکا بووە.
995 میدیا 1. ماد، مەدیا، میدیا، نێوی دەوڵەتی مادەکان بووە؛ 2. ئەو شوێنەی کە مادەکانی لێ ژیاون؛ (میدی) یەکان لە رەگەزی هێند و ئورووپی بوونە و لە سەدەی نۆیەمی بەر لە زایین، لە ‌رۆژهەڵاتی زەلیای کاسپین یان قەزوێنەوە چوونەتە رۆژاوای باکووری کێوەکانی ئێران واتە وڵاتی (میدیا) و وردەوردە دەسە‌ڵاتیان بە سەر دراوسێکانیشیاندا پەیدا کردووە و لە کۆتایی سەدەی هەشتەمی بەر لە زایین، حوکوومەتێکی سەربەخۆیان دامەزراندووە و نەتەوەی پارسیشیان خستۆتە ژێر دەسە‌ڵاتی خۆیان و شاری هەگمتەنا یان هەکمتان، هەمەدان) ی ئێستایان کردووە بە پایتەخت، بەڵام ساڵی 550ی بەر لە زایین بە دەست کوورشی هەخامەنشی بەزیون و لە دەسە‌ڵات کەوتوون. وشەی ماد دواتر لە سەردەمی ساسانییەکاندا بووە بە (مای) و پاشان عەرەب کردوویەت بە (ماه)، بۆ میناک بە دینەوەریان گوتووە: ماه بەسرە و بە نەهاوەندیش: ماه کووفە! بڕوانه بۆ وشەی ماد.
996 میران 1. کۆی میر، پاشا؛ 2. میران نێوی هۆزێکی کوردی کۆچەریی بووە لە کوردستان؛ میر لە کوردیدا، کورتکراوەی نازنێوی (ئەمیر) ە و لەگەڵ وشەی (اَمیر) ی فارسیی، کە واتای (سەیید) دەدا، جیاوازە. نموونەی میرەکانی کوردستان: (میری سۆران و میری بۆتان) ە.
997 میرمام 1. مامی گەورە؛ 2. نێوی گوندێکە لە کوردستانی باشوور.
998 میرۆ میرا، پاشای بچووک.
999 میشان میرنشینێکی کورد بووە کە لە سەردەمی ئەشکانییەکانەوە هەتا هێرشی ئەسکەندەری مەغۆل دەوامی هێناوە.
1000 میلان نێوی هۆزێکی کوردە، لە باکووری شاری خۆی دەژین؛ نێوی گوندێکە لە کوردستانی باشوور.
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!