1 |
واران |
1. وەشت، باران؛ 2. گوندێکە لە سەر ڕێگای سەردەشت بۆ خانێ، لە کوردستانی ڕۆژهەڵات. بە زاراوەی کەڵوڕی واتە: باران، هەڵمێ کە لە ئاسمانەوە بە تنۆک دێتە خوارێ: سەرەفکـــەندەبــەر چوون شـــەرمەزاران چەمەی چەمهۆرکەر چوون سـەیل واران (مەولەوی) بە زاراوەی کرمانجیش واران واتە: هەواران، وەکوو: ماڵان بارکر چــــــوونە واران لێ سەبی مامە لێ، بەردیواران لێ (گەلێری) واران کۆی وشەی (وار)ە که دوو مانا دەدا، یەکە: هەوار و کەپر و کەوێڵی کوێستان و زۆزان، دووهەم: وار واتە: ئەو تەڵەکەیەی کە لە کاتی قوماردا وەردەگیرێ. |
2 |
واردە |
1. وشەیەکی هەورامییە واتا: خۆراک، خواردەمەنی؛ 2. خوراو، خوریاگ. |
3 |
وارگە |
1. هەوارگە، جێگەی ژیانی هاوینانەی کۆچەران و گوندییان؛ 2. بارگە، بارگەی سەفەر. |
4 |
وازن |
1. تازەخونچە؛ 2. مرخ و ئارەزوو؛ 3. بە زاراوەی کرماشانیی وازن، واتە: ئاواڵەن، کراوەن. (دەرەگان وازن: درگاکان کراوەن) |
5 |
واژام |
نێوی چیایەکە لە ناوچەی هەکاری لە باکووری کوردستان. |
6 |
واژاو |
دابەشکردنی جۆگە بۆ ئاودێران، ئاودانی شیناوەرد پاش یەکەم ئاو. |
7 |
واژین |
ئاودانی شەتڵی تووتن دوو سێ ڕۆژ لەسەریەک بۆ گووران. شەتڵی تووتن کاتێک لە دێراو دادەچەقێندرێ و پاش چەند ڕۆژ شین دەبێ و خۆی دەگرێ، دەڵێن: گووراوه، یان ڕسکاوە. |
8 |
واژە |
1. وژە، وشە، پەیڤ، گوتە، قسە؛ 2. دەنگی گەڵای داران لەبر با؛ 3. گوندێکە لە ناوچەی شارباژێر لە باشووری کوردستان. |
9 |
واژەر |
قسەکەر، نوێنەری کەسێک بۆ قسەکردن. |
10 |
وانان |
وانەگوتنەوە، دەرس گوتنەوە. |