# ناو مانا
31 کاکۆ کەکۆ، 1. وشەی دواندنی براگەورە، کاکە؛ 2. وشەی رێز بۆ پیاوان لە زاراوەی کرمانجیدا؛ 3. برای دایک، خاڵۆ؛ 4. تیرەیەکی کوردن لە نێوان سنە و کولیاییدا دەژین. وا وێنا دەکرێ کە ئەم تیرەیە پاشماوەی تیرەی (کاسۆیی) یەکان بن، واتا کاسۆی ئاکاد؛ 5. نێوی پاڵەوانێکی دۆستی کاوەی ئاسنگەر بووە.
32 کاکی 1. کاکە، براگەورە؛ 2. دەشتی راست و تەخت.
33 کرژە 1. مرۆڤی ئازا و چالاک؛ 2. نێوی گوندێکە لە کوردستان.
34 کرمانج کرماج، کوردماج، کوردمانج، 1. نێوی کۆنی کورد؛ 2. بەشێکی هەرەزۆر لە کورد لە باکووری کوردستان؛ 3. لە هەرێمی موکوریان بە لادێیی یان گوندیی دەڵێن: کرمانج.
35 کوردان کۆی وشەی کورد، کوردگەل، کوردەیل.
36 کوردۆ 1. گۆڕدراوی وشەی (کارداک) و پاشان (کاردۆ)یە کە ریشەکەی وشەی (کورد)ە؛ 2. جۆرێک قەتاری کوردییە لە بەیات کورددا؛ بەیات کورد کە گۆشەیەکی بێ چارەکی بەیاتە، لەناو زۆر میللەتی دنیادا هەیە و بەنێوبانگە!؛ وشەی کوردیش هەر لە کۆنەوە هەبووە، بەڵام بەم شێوەگەلەی خوارەوە: کاردا، کارداک، کاردۆخ، کوردۆ؛ ئەو شاعیرانەش کە لە کۆندا نێوی کوردیان لە هۆنراوە و هەڵبەستدا هێناوە، ئەمانەی خوارەوەن: (منتهی الارب)، (فردۆسی)، (بیهقی)، (سوُزَنی)، (مولوی)، (روُدَکی)، (عمارە)، (سعدی)، (غزالی لوکری)، (اَنجمن آرا). بە تایبەت روودەکی بۆ خۆی کورد بووە، بە پێی ئەم شیعرەی کە گوتوویەتی: از رخت و کیای خویش، من رفتم و پردختم چون کـٌـــرد بماندستـم تنها من و این باهــــــو بەو جۆرەی کە مێژوو نیشانی دەدا، نێوی کورد دەگەڕێتەوە بۆ چوار هەزار ساڵی بەر لە ئێستا، کە لە سەردەمی بەردێ نوێدا سەرقاڵی کشتوکاڵ بووە، بەڵام کۆنترین بەڵگەیەک کە نێوی کۆمەڵگای کوردی بە شێوەیەکی رەسمیی و فورمیی تێدا تاپۆ کراوە و بەڵگەیێکی جوغرافی مێژوویییە، دەگەڕێتەوە بۆ هەشتسەد ساڵی پێش ئێستا، واتە سەردەمی سەلجووقییەکان، کە حەمدوڵڵا مستەوفی باسی دەکا و ئەویش پێکهاتەیێکی کۆمەڵایەتی جوغرافییە، نەک پێکهایێکی کۆمەڵایەتی سیاسی! نەخشەی کوردستان لە کۆندا ئەمە نەبووە کە ئێستا هەیە، کوردستان بە پێی نووسینی جوغرافیناسانی کۆن، سنووری کوردستان بازنەیەک بووە کە خاکی کوردستانی دەورە داوە و بازنەکەش بە قەراخ ئازەرباییجاندا هاتۆتە خوارێ بۆ قەزوێن و سوڵتانییە و هەمەدان و دەماوەند و بەشێک لە ناوچەی شیراز تا ئەهواز و ئابادان هەتا سەر کەنداوی فارس، لەو لاشەوە لە لای بەسرەوە بۆ کووت و عەمارە و مەندەلی و خانەقین و جەبەل عەمرەین و بەشێک لە تیکریت و دیجلە و فۆرات و مووسڵ و ئەسکەندەروونە و حەتای و سێواس و مووش و ئەرزنجان و قارس و ئەرزەڕۆم هەتا هاتۆتەوە لای ئەرمەنستان. بڕوانە بۆ کاردۆ.
37 کووران 1. داری جەنگەڵی؛ 2. لە کاتی هاویندا کاتێک با لە پەنجەرەیەکەوە بۆ پەنجەرەیەکی دیکە دەرباز دەبێ و فێنک دەبێ، بەو بایە دەڵێن کووران؛ 3. تێپەڕینی با لە دەلاقە یان پەنجەرەیەکەوە بۆ دەلاقە یان پەنجەرەیەکی دیکە.
38 کۆبار 1. مرۆڤی بەڕێز؛ 2. سەرەتای هەر شتێ لە بەر و بۆی زەوی.
39 کۆبین دیتنی هەموو شتێک پێکەوە. ئەم نێوە، نێوێکی تازەیە کە دایکان و باوکان بە زەوقی خۆیان درووستیان کردووە و لە دوو وشەی (کۆ) بە واتای: هەموو شتێک پێکەوە و (بین) بە واتای دیتن، کە پێکەوە دەبێتە: (بینینی هەموو شتێک پێکەوە) ساز کراوە.
40 کۆچبەر کەسێ کە ناچار دەبێ ماڵ و حاڵی خۆی بە جێ بهێڵێ و لە شوێنێکی دیکەدا بژی، پەنابەر.
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!