# ناو مانا
181 ئەستوون 1. ئەستوون، ئەستونگ، ئەستوونەک، کۆڵەکە، ستوون؛ 2. دار یان بەردی درێژ و ئەستوور کە شاوڵی، بە جێگای پایە، وەبەر بانی دەدەن؛ 3. لە گوتەی سەربازیدا بە دەستەیەک لە لەشکر دەگوترێ کە پشت سەر یەک رێ دەکەن.
182 ئەستەم 1. وشەیەکی کۆنی کوردی کەڵوڕییە واتە حەستەم، دژوار، ئاسی؛ 2. زوڵم و ستەم، ئێش و ئازار؛ 3. ئەم وشەیە لە موکریان و زۆر ناوچەی دیکەی کوردستان بەکار دێ.
183 ئەسرۆ سرۆ، وشەیەکی کۆنی کوردی کەڵوڕییە واتە: قۆچ، شاخی حەیوان، شەقۆن؛ لە موکریانیش بەکار دێ.
184 ئەسکڵ سکڵ، پۆلوو، پۆل، پەرەنگ، پەن، پەنگر، بژ، پەل، خەڵووزی سوورەوەبوو.
185 ئەسکەلە بەندەرگە، لەنگەرگا، ئاوایی قەراخ دەریا کە گەمی مەنەری لێ دەگرێ و رادەوەستێ.
186 ئەشکان 1. ئەشکان یا ئاشکان واتە: شوێنێک کە کانی زۆری تێدا هەبێ؛ 2. نێوی گوندێکە لە داوێنی چیای ئالان کە کەوتۆتە پشت شاری سەردەشت؛ 3. ئەگەر لە ریشەی (ئاش)ەوە لێی بکۆڵینەوە، واتە: دۆڵی پڕ لەئاش، دۆڵی ئاشان، چەند ئاش پێکەوە، ئاشەکان، ئاشکان؛ 4. وشەی ئاشک دوو مانا دەدا، یەکەم: گەدە و ورگ؛ دووهەم: بەهێز و توانا، زۆردار و بەدەسەڵات؛ 5. لە چیرۆکی (وەیس و رامین) دا نێوی سێهەمین رەتەوەی (پاکۆیی)یەکانە؛ 6. نێوی بنەماڵەی گەورەی پاشایەتی ئێرانی بەر لە ساسانییەکانە کە 250 ساڵ بەر لە زایین سلووکییەکانیان لەناو برد و بە دەسەڵات گەییشتن. 7. هەروەها ئاشک یان ئەشک واتە: دڵۆپەکردنی ئاو یان فرمێسک.
187 ئەفروون نێوی شاری کوردنشینی کووت بووە لە باشووری کوردستان لە سەردەمی ساسانییەکاندا. بڕوانە (زۆندۆر).
188 ئەنێش ترس، خۆف، سام.
189 ئەهوەن 1. ئارام، لەسەرەخۆ، هێور؛ 2. نێوی یەکێ لە دۆستەکانی ئەژدەهاک بووە.
190 ئەورام 1. چاکە، بەخشش؛ 2. رەوا؛ 3. سازگار؛ 4. درووست؛ 5. باش.
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!