# ناو مانا
1711 کاوێن 1. چیای بەرز و بەردین؛ (شوێنێکی بەرز و کاوێن، ماڵێکی جوان و خاوێن)، 2. سالار، سەرە، سەلار، وەکوو: (ژنێکی بەڕێز و کاوێن). 3. هەژیار، بەڕێز، هێژا؛ 4. ئاوات و ئارەزوو.
1712 کاڤار بە زاراوەی کرمانجی، واتە: قەزا یان شارۆچکە.
1713 کاکەس نێوی شارۆچکەیێکە لە ناوچەی کووت لە باشووری کوردستان، کە کوردی فەیلی تێدا ژیاوە، بەڵام کوردەکەیان بە تاوانی شیعەبوون لە لایەن حوکوومەتی (بەعث)ەوە لەو شارە وەدەر ناو‌ و ئەو شارەیان کردە شارێکی‌ عەرەبنشین.
1714 کاڵا 1. قوماش، پارچە، ماڵی گەزیی، جلوبەرگ؛ 2. کەلوپەلی بازرگانی. (کاڵا بەقەد باڵایە)
1715 کاڵێ 1. کاڵوکرچ؛ 2. لە کوردستان ئەم نێوە بۆ کچ و بۆ کوڕیش بەکار دەبرێ، لە بنەڕەتدا بەو کەسەی دەگوترێ کاڵێ، کە ڕەنگی قژ و سەروچاوی کاڵ یان زەرد بێ؛ 3. هەوای قەتارێکی لادیواری ناوچەی سنەیە.
1716 کرماجان 1. کرمانجان، کرمانجسان، نشینگای وەرزێران و جووتیاران؛ 2. شوێنی ڕایەت و مسکێنی بەردەستی ئاغا؛ 3. گوندێکە لەلای کەنگاوەر سەر بە ئوستانی کرماشان؛ 4. لە سەردەمی ساسانییەکاندا بە ڕایەت و جووتیارانی بەردەستی بارەگای ساسانییەکانیان گوتووە: کرماج، یان کرمانج، وشەی کرمانجیش‌ نێوی کۆنی کوردەکانە، ئەوڕۆکەش لە باشوور و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە گوندیی و دەشتەکی دەڵێن: کرمانج، بۆیە خەڵکی ناو شاری کرماشان بە لادێیی یەکانی دەوروبەری کرماشان دەڵێن: کوردەگە و کرمانج! لەوە دەچێ ئەم (کرماجان)ە هەر نێوی کۆنی کرماشان بێ کە لە مێژووی ئێراند بە بە هەڵە بە (کرمانشاه و کرمانشاهان) ناو دەبرێ و دێهخوداش لە قامووسەکەیدا بە ناشارەزایی باسی کردووە. لە ڕاستیدا دەبێ بگوترێ: کرماشان، نەک کرمانشاه، کرمانشاه وشەیێکی هەڵەیە. بڕوانە بۆ کارمات.
1717 کرماشان یەکێ لە شارە کۆنەکانی کوردستانە کە بەر لە سەردەمی ساسانییەکان بنیات نراوه، بەڵام دواتر خەسرەو و بارامی ساسانیی بایەخێکی زۆریان پێداوە‌؛ کرماشان جێگا و مەڵبەندی ساسانییەکان بووە کە ئێستاش شوێنەوارەکانی هەر ماوە؛ لە سەردەمی سەفەوییەکاندا کە عوسمانییەکان بەشی سوننی نشینی کوردستانیان داگیر کرد، سەفەوییەکان بایەخێکی زۆریان بە کرماشان دا و کرماشان زۆر پێشکەوت؛ ئەوەی کە دەڵێن کرماشان (بارامی چووارەم) کە نێوی (کرمانشاه، یان شاەکرمان) بووە بنیاتی ناوە، درۆیە و ئەو شارەی کە بارامی چووارەم بنیاتی ناوە، کوێرەدێیەک بووە لە نزیک ئەسفەهان بە نێوی (کرمانشاە)، کە ئێستاش کەلاوەکانی هەر ماوە؛ کرماشان لە کۆندا نێوی (کرماجان) یا (کرمانجان) یان (کرمانجسان) بووە کە واتای (جێگای ڕەعیەتەکان، یان جێگای چاندەکاران و ئاژەڵداران) دەدا و عەربەکانیش بە قرمسین نێویان بردووە، بەڵگە و دەلیلیش ئەوەیە کە گۆرانەکان یەکەم هێز بوونە کە دەستیان بە شارنشینی کردووە و یەکەمین تیرەی کوردن کە کرماشانیان ئاوەدان کردۆتەوە و هەر لەبەر ئەوەشە نێویان ناوە کرماشان، واتە شوێنی چاندەکار و ئاژەڵداران!
1718 کرمەک 1. خشڵی ژنانە؛ 2. زوانەی ناو ئاڵقەی کانزا و ئاسن.
1719 کریسک پریشکی ئاگر، پزووسکەی گڕ.
1720 کریسکان کۆی وشەی کریسکە بە واتای 1. پزیسکی ئاگر؛ 2. کانەئاگر؛ 3. گڕکان.
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!